لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا ٤ شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر شەهید بوون

لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە شەوی رابردوو، بۆ سەر ناوەندی پەیوەندیەکانی گەلی ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر، ٤ شەڕڤان شەهید بوون.

ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر لەبارەی هێرشەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا، وڵامی هەر جۆرە هێرشێکی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەدەنەوە.

راگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، ئەم هەفتەیە لە بەرانبەر هێزەکانمان کە لە دۆخی ئاگربەستدان و لە بەرانبەر گەلەکەمان بە بەردەوامی هێرشیان ئەنجامداوە. تەل تەمر و گوندەکانی بە بەردەوامی تۆپبارانکراون. شاروچکەی زرگانی سەر بە تەل تەمر و گووندەکان، گوندەکانی دردارا و مەزرا و قبور، ئەلقەراجینا، مسەلتا و شێخەلی بە بەردەوامی تۆپباران دەکرێن.

رۆژی ١٧ی ئاب، گوندی تەویلای رۆژهەڵاتی تەل تەمر و رێگەی ئێم٤ی نێودەوڵەتی تۆپباران کران. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا دوو هاوڵاتی کە یەکێکیان منداڵ بوو، گیانیان لەدەستدا و ١٦ هاوڵاتی بریندار بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

لە ١٩ی ئابی ٢٠٢١، کاتژمێر ١٨:٠٠ لە بەرانبەر ناوەندێکمان (ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر) سوپای داگیرکەری تورک هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا. لە هێرشەکەدا ٤ هاوڕێمان شەهید بوون، هەروەها برینداریش هەن. ئێمە دواتر لەبارەی هاوڕێ شەهیدەکانمان راگەیەنراو بڵاودەکەینەوە. هەروەها لە هێرشەکەدا زیان بە ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانیش کەوتوە.

ئێمە وەک ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر، لە بەرانبەر هەموو جۆرە هێرشێک لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا وڵام دەدەینەوە."

ف.ق