لە هێرشی سەر کاروانی گەلدا بەڕێوەبەرێکی کۆمەڵەی زنوبیا شەهیدبوو

ئەنجوومەنی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا ڕایگەیاند لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کاروانی گەل بەڕێوەبەرێکی ئەنجوومەنەکەیان بە ناوی کەرەم ئەحمەد شەهابی ئەل حەمەد شەهید بووە.

ئەنجوومەنی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا دەربارەی شەهیدبوونی بەڕێوەبەرەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەنجوومەنی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا خەمگینی خۆی بۆ شەهیدبوونی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنەکە دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، کەرەم لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کاروانی ئۆتۆمبیلی گەل کە بەرەو بەنداوی تشرین دەچوون، شەهید بووە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هەزاران کەس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین و بە ئامانجی دژایەتیکردنی شەڕ ڕوویانکردە بەنداوی تشرین. دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر کاروانەکە، بەهۆیەوە هاوڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون. ئەمە نیشانەی دڕندەیی و ئامانجە قێزەونەکانی دەوڵەتی تورکە.

ئەنجوومەنەکە بە توندی هێرشەکان شەرمەزار دەکات و "وەک کارێکی تیرۆریستی ترسنۆکانە" وەسفی دەکات.

هەروەها بانگەواز لە تەواوی ژنانی ئازادیخواز دەکات کە شەهیدبوونی کەرەم بانگەوازێکە بۆ تەواوی ژنان، دەبێت بەرامبەر ستەم دەنگ هەڵبڕن و بە تەواوی جیهان بڵێن کە تەسلیم نابن.