لە هێرشی سەر ماڵی برینداراندا لە قامیشلۆ ٣ کەس بریندار بوون

لە هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ماڵی برینداران لە قامیشلۆ فەرماندەیەک و ٢ بەڕیوەبەر بریندار بوون.

فڕۆکە چاودێرییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوێنێ کاتژمێر ١٢:١٦ خولەک ئۆتۆمبێلێکیان لە بەردەم ماڵی برینداران لە گوندی هیمۆ لە رۆژئاوای قامیشلۆ بۆردومانکرد.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوو و رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی بۆردومانکردنەکەى ماڵی برینداران لە قامیشلۆ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئێوارەی شەممە ٢١ی ئاب بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان لە باشووری شارۆچکەى کۆبانێ ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی کردە ئامانج. دوای ئەوە جارێکیتر ئەو ئۆتۆمبێلەى کردە ئامانج، کە فەرماندە زیب ئەسوەدی تیادا بوو.

فەرماندە زیب ئەسوەد لە شاری کۆبانییە و لە زۆرێک لە هەڵمەتەکانی دژ بە داعش دا بەشدار بووە، بەشداریی لە دوایین هەڵمەتی دژ بە شانەکانی داعش لە دێرەزۆر کردبوو. لە ٢٢ی ئاب و کاتێک فەرماندە زیب ئەسوەد سەردانی ماڵی بریندارانی شاری قامیشلۆی دەکرد، ئۆتۆمبێلەکەى کرایە ئامانج و لە ئاکامدا خۆی و دوو بەڕێوەبەری ماڵی برینداران بریندار بوون. بریندارەکان گواسترانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

لەلایەکی ترەوە لە هێرشی چەتەکانی سوپای نیشتمانیی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی لە زرگان و تل تەمر منداڵێک و ژنێکی بە تەمەن شەهید بوبون و دەیان کەسی تری مەدەنی بریندار بوون، کە برینەکان و دۆخیان زۆر قورسە.

ئێمە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا داوا لە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و رووسیا دەکەین، کە ئەرکی خۆیان وەک زامنکەر و گارانتۆر بۆ رێککەوتنی پاراستنی هاووڵاتییانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەجێبهێنن. هێشتا هێرش و هەڕەشەى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی سوپای نیشتمانیی سەر بە تورکیا وەک پێشتر و بە هەمان شێوازەکانی پێشوویان بەردەوامیی هەیە".

ژ.ت