لە حەسەکە تەرمی ١١ شەهید بەخاکسپێردران

تەرمی ١١ شەهیدی هەنگاوی گورزی گەلان بە مەراسیمێک لە حەسەکە بەخاکسپێردران.

دانیشتوانی حەسەکە تەرمی شەهیدانی هەنگاوی گورزی گەلان، غەسان نەواز ئینێزی، ئەیمەن ناسر هەریس، محەمەد شفێدین حەمادە، داوود سلێمان داوود، حسێن خدر فەرۆخ، ئەحمەد نەواف مەجون، حەمید تۆفیق داوی، محەمەد حەمەد حەسەن، محەمەد ئیبراهیم سەمیۆ، خدر حسێن ساڵح، عەبدولرەزاق عیسا عوبەیدیان بە کاروانێکی گەورە لە ناوەندی ئەنجومەنی شەهیدان وەرگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهید دژوار بەڕێکەوتن.

لە مەراسیمەکەدا شیار حەسەکە یەكیک لە فەرماندەکانی ئەنجومەنی سەربازی حەسەکە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان کرد و وتی، ئەوان سەریان لە بەرانبەر شەهیدان دادەنەوێنن کە خاکی خۆیان پاراستووە.

شیار حەسەکە باسی ئەوەی کرد کە گەلانی هەرێمەکە شان بەشانی بەڕێوەبەری خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکراتی وەستان و رێگەیان لە فیتنە گرت و خوێنی کورد و عەرەب و سوریانەکان تێکەڵ بە یەکدی بووە.

هەروەها کەنعان بەرەکات هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیر رایگەیاند، لە سایەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی هێرشی داعش بۆ سەر حەسەکە، رەقا و باغۆز تێکشکاوە.

بەرەکات وتی، هەرچەندە ئاستەنگی و دژواری هەبێت، بەڵام شۆڕشی باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاناوەستێت و باجی ئازادی دیموکراسی هەرچیەک بێت، ئەوان دەیدەن.

هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانی سەناعەی حەسەکە، ئەردۆغان و چەتەکانی لە بارەگاکانیان لە هەرێمە داگیرکراوەکان، هێرشیان کردە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

بەرەکات رایگەیاند، کوشتنی سەرچەتەی داعش (قەردەش) لە ئیدلب، کە هەرێمێکی ژێر داگیرکەری تورکە، نیشانەیەکی ئاشکرای پشتگیری دەوڵەتی تورک بۆ داعش و چەتەکانی دیکە.

هەروەها فاتیمە حسێن ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی حەسەکە باسی ئەوەی کرد کە شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) خاک و شکۆی ئێمە دەپارێزن و شەهید دەبن، لەبەرئەوەی کە بڕوایان بە دۆزی خۆیان و پیرۆزیەکان هەبوو شەهید بوو. فاتیمە حسێن رایگەیاند، گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ بەدەستهێنانی ژیانی هاوبەش خاکەکەیان دەپارێزن.

رۆژدا ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان ناسنامەی ١١ شەهیدی خوێندەوە و بڕوانامەی شەهیدانی رادەستی خانەوادەکانیان کرد.

تەرمی شەهیدان لە گۆڕستانی شەهید دژواری حەسەکە بەخاکسپێردران.

ف.ق