لە کۆبانێ تەرمی دوو شەهید بەخاکسپێردرا

بە مەراسیمێکی جەماوەری شایستە تەرمی دوو شەهید هێزەکانی قەسەدە کە لە بەرخۆدانیان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک شەهید بوون، لە کۆبانێ بەخاکسپێردران.

مەراسیمی شەهید

ئەمڕۆ بە مەراسیمێکی جەماوەری شایستە تەرمی شەڕڤانی قەسەدە قارەمان ئێلجاخ (ساڵەح محمەد سەلیم) کە لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥ لە گوندی شێخلەری ڕۆژئاوای کۆبانێ شەهید بوو، وە شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆی قەسەدە قەندیل خزێنێ (بەکری بەکر) کە لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە شێخ مەقسود شەهید بوو لە گۆڕستانی شەهید دیجلە سپاردەی خاککران.

لە مەراسیمەکەدا وێڕای ئامادەبوونێکی زۆری دانیشتوانی کانتۆنی فرات، بەشێکی زۆر لە ئەندام و نوێنەرانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، لایەن سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەبوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕیزگرتن لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەستپێکرد و دواتر لە بەڕێوەبەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سۆزدار شێخۆ بە سەرساغیکردن لە بنەماڵەی هێژای شەهیدان دەستی بە قسەکردن کرد و بەڵێنی بەردەوام بوون لە ئامانجی شەهیدانی دووپاتکردەوە و وتی: "پێویستە هەمووان خاوەنداری لە میراتی شەهیدنمان بکەین و تۆڵەی شەهیدانمان لە دووژمنی دڕندە بکەینەوە. هەموو کاتێک لە بەرخۆداندا دەبین و هەموو بەربەستەکانمان ڕادەماڵین تا گەیشتن بە ئامانجی شەهیدانمان."

دوای تەواو بوونی قسەکان، بەڵگەنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

لە کۆتاییدا بە وتنەوەی درووشمی "شەهید نامرێ" و بە هەڵهەڵەی سەرکووتنی دایکانەوە تەرمی هەردوو شەهید سپاردەی خاککران.