لە قامشلۆ بە هەزاران کەس لەدژی داگیرکەری رێپێوانیان ئەنجامدا

ئەمڕۆ هەزاران هاوڵاتیی شارەکانی کانتۆنی قامشلۆ لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مەخمور و شەنگال، هاتنە سەر شەقامەکان و داوایانکرد گەل دژی داگیرکارییەکان بوەستنەوە.

دانیشتووانی کانتۆنی قامشلۆ بە دروشمی “بێدەنگیی نێودەوڵەتیی، ڕێگەدان بە قڕکردنی خۆبەڕێوەبەریی ئێزدییەکانە” هاتنە سەر شەقامەکان و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆسەر شەنگال، مەخمور و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرد.

لە کانتۆنی قامشلۆ، هاوڵاتییانی شارەکانی عامودێ، تربەسپی، گرگێ لەگێ، دێرک و چل ئاغا، بە هەڵگرتنی وێنەی شەهیدانی هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، بۆسەر شەنگال و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕێپێوانییان ئەنجامدا، لەو ڕێپێوانانەدا دروشمەکانی “بێدەنگیی نێودەوڵەتیی، ڕێگەدان بە قڕکردنی خۆبەڕێوەبەریی ئێزدییەکانە” و “نا بۆ داگیرکەری و نا بۆ خیانەت” بەرز کرایەوە.

ئەم ڕێپێوانانە لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە ڕێکخرابوو و لە کۆتایی ڕێپێوانەکاندا، خەڵک لە ناوەندی شارەکان کۆبوونەوە و ئەندامانی کۆنگرەی ستار پەیام و لێدوانیان پێشکەشکرد.

لە پەیام و لێدوانەکاندا، باس لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرا و ئەو بێدەنگییە شەرمەزارکرا، هەروەها داواشکرا، ئەو بێدەنگییە بشکێنن.

جەلیل عوسمان ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی ستار لە عامودێ وتی: دەوڵەتی تورک بەردەوام بانگەشەی قڕکردنی گەلی کورد دەکات، بەڵام کورد لە بەرامبەر هێرشی قڕکردندا سەر نانوێنێت.

هەروەها لە شاری ‘تربەسپی’ـشدا، ئاسیە جومعە یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، ئاماژەی بەوەدا کە داعش لەلایەن هێزەکانی ناوچەکەوە لەناو براوە و دەوڵەتی تورک بۆ تۆڵەکردنەوەی داعش ئەو هێرشانە دەکات.

هەدیە عەبدوڵا، لەسەر ناوی کۆنگرەی ستار، لە شاری دێرک، ئاشکرایکرد کە ئامانجی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانە، لەناوبردنی ورەی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەیە و دەیەوێت ئەزمونی نەتەوەی دیموکراتی، لەناوببات، داواشی لە گەلی کورد کرد تا لەدژی پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورکدا، تێکۆشان پێشبخەن.

لە شاری چل ئاغاش، عەمان شێخ حەسەن ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی پەروەردەی گۆنگرەی ستار، ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورک درێژە بە سیاسەتە دوژمنکارانەکەی بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە دەدات و هیچ حیسابێک بۆ دەسەڵاتی عێراق و حکومەتی باشووری کوردستان ناکات و هەر ئەمەش هاوکاریی ئەو لایەنانە دەسەلمێنێت.

شایەنی باسە لە شارە جیاوازەکاندا هەموو پێکهاتەکان بەشداریی ئەو ڕێپێوانانە بوون و سەرەڕای شەرمەزارکردنی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، پشتگریی خۆیان لەو داواکارییانە دەربڕیی.

ف.ق