لە شەهبا چالاکی مانگرتن لە خواردن دەستیپێکرد

لە شەهبا بەمەبەستی پشتیوانی لەو زیندانیانەی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە چالاکی مانگرتن لە خواردن دەستیپێکرد.

زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردووە کردووە و ٢٥ رۆژە چالاکیەکە بەردەوامە.

لە پارکی ٤ی نیشانی ناوچەی ئەحداسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا کۆمیتەی زیندانیان و بێ سەروشوێنکراوان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد. چالاکیەکە دوو رۆژ دەخایەنێت.

لە سەرەتای چالاکیەکەدا دوای خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدان، راگەیەندراوی کۆمیتەی زیندانیان و بێسەروشوێنکراوان خوێندرایەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە تورکیا بە هۆی کردەوەکانی دەسەڵاتەوە کەس ناتوانێت بە شێوەی دیموکراتیک بجوڵێتەوە و بە هەزاران زیندانی کورد بوونیان هەیە. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی تادێت دژوارتر دەبێت و لە دژی ئەوەش چالاکی مانگرتن لە خواردن دەستیپێکردووە.

 لە چالاکیەکەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی زیندانیان و بێسەروشوێنکراوان مستەفا محەمەد لەبارەی دامەزراندنی کۆمیتەکەیان قسەی کرد و وتی، خۆیان بەم چالاکیە سنووردار ناکەن.

هەروەها ئەندامی کۆنگرەی ستار سلاڤا جومعەش کە بەشداری لە چالاکیەکەدا کردووە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات سەبارەت بە چالاکیەکە وتی، "ئێمە ئەمڕۆ بە بەشداربوونی ئەم چالاکیە پشتیوانی بۆ زیندانیانی مانگرتوو دەردەبڕین. داوا لە هەموو جیهان دەکەین کە لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەنگ هەڵبڕن".

چالاکیەکە بە هۆنراوە و گۆرانی شۆڕشگێڕی بەردەوام بوو، بڕیارە ئەو چالاکیە دوو رۆژ بەردەوام بێت.

هـ . ب