لە سنووری دهۆک دەوڵەتی تورک و پەدەکە خاڵی پشکنینی هاوبەشیان داناوە

دەوڵەتی تورک و پەدەکە خاڵی پشکنینی هاوبەشیان لە نێوان ناوچەی ئامێدی و ناوەندی شاری دهۆک دا داناوە. زانراوە لێرە دەست بەسەر کەل و پەلی خەڵکدا دەگیرێت.

هاوکاری و پشتیوانی پەدەکە بۆ لەشکرکێشی و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان بە هەموو بێ ئەخلاقییەکانیەوە بەردەوامە.

بە پێی سەرچاوەکانی ڕۆژنیوز، شەوی ڕابردوو پاراستنی پەدەکە و میتی تورک بازگەیەکی نوێیان لەسەر ڕێگای نێوان سەنتەری پارێزگای دهۆک و شارۆچکەی ئامێدی لە دۆڵی قەنتارا لە ناوچەی باگێرا سەر بە شارۆچکەی زاوێتە دروستکردووە و دەست بەسەر خۆراک و کەلوپەلی هاوڵاتیاندا دەگرن.

بە پێی هەمان سەرچاوە باس لەوەدەکرێت، شێوازی پشکنین لە بازگەکە بەجۆرێکە لێپێچینەوە لە هاوڵاتیان دەکرێت. ئاماژە بەوەش کراوە، کۆمپیوتەری داتا ئەمنییەکان لەم بازگەیادا ناوی تیرۆریست و بکوژ و تاوانبارانی تێدا نییە، بەڵکو داتای شۆڕشگێڕ و چالاکوان و نیشتمانپەروەرانی کوردی تێدایە کە لەلایەن دەزگاى سیخوڕى دەوڵەتی تورکەوە داواکراون.

هەروەها ئەوەش ئاماژە پێکراوە، لەوێدا بە مەبەست دەست بەسەر کەلوپەل و خۆراکی هاووڵاتیانی بێ چەکدا دەگرن بۆ ئەوەی پێداویستیەکان نەگاتە هێزەکانی گەریلا، ئەمەش ئەو میکانیزمە گەمارۆدانانەمان بیردەخاتەوە کە ڕژێمی بەعس لە ڕۆژانی خەباتی چەکداریدا بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی پێداویستی بە پێشمەرگە بەکاریان دەهێنا.

جێگاى ئاماژەیە، بە وتەى چاودێران ئەم بازگە نوێیە لە دهۆک، پرسیار و مشتومڕی زۆر لەسەر ئامانجە ڕاستەقینەکانی دەوڵەتی تورک لە هاتنە ناو هەرێمی کوردستان دەوروژێنێت، بەو پێیەی هەنگاوێکی ئاشکرایە بۆ بە ئامانجگرتنی چالاکوان و شۆڕشگێڕانی کورد.