لە ڕۆژئاوا مەراسیمی ٢٥ ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو

لە کۆبانێ و شەهبا و قامیشلۆ، مەراسیمی ٢٥ ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو.

 

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە کۆبانێ و شەهبا و قامیشلۆ چالاکی ئەنجامدرا.

کۆبانێ

بەم بۆنەیەوە، لە کۆبانێ بڵاوکراوە بەسەر خەڵکی کۆبانێ دابەشکرا. لە بڵاوکراوەکان، بانگەوازکرا بۆ تێکۆشان دژی توندوتیژی سەر ژنان، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەشداری ژنان لە بواری سیاسی و جڤاکی، هەروەها ئاستی هێز و ئیرادە و تێگەیشتنی ژنان دەستنیشانکرا.

لە شارەکە پانکارتی "هێزی خۆت بناسە، بەرامبەر توندوتیژی هاواربکە، بێدەنگ مەبە" هەڵواسران.

شەهبا

بەهەمان ئامانج، نووسینگەی ڕێکخراوی سارا لە شەهبا، ڕاگەیاندراوێکی خوێندوە. ڕاگەیاندراوەکە لە کەمپی سەردەم بە ئامادەبوونی ڕێکخراو و دامەزراوەکان بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، تاوان و توندوتیژییەکانی سەر ژنان بەتوندی شەرمەزارکرا.  

هەروەها تیشکخرایە سەر تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دژی ژنان لە هەرێمە داگیرکراوەکان، دووپاتکرایەوە، دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی و کوشتن و ڕفاندن و گرتن بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکە دووپاتکرایەوە: "لەسایەی فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری ئاپۆ، ڕزگاربووین. هەموو ژنانی ژێردەستی کۆیلایەتی ڕزگار دەکەین. ئازادی ژن، ئازادی جڤاکە".

قامیشلۆ

لە شاری دێرکی قامیشلۆ، پێشانگای تابلۆ لەلایەن بزووتنەوەی هیلالی زێڕینی هەرێمی جەزیرە کرایەوە.

پێشانگاکە بە درووشـمی "شۆڕشی ژنان بە هونەر دەڕازێتەوە" لە ناوەندی چاند و هونەری دیجلە کرایەوە. ٤٥ تابلۆ دەربارەی بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنان و پۆرترێتی ژنانی شەهید خرایەڕوو.

بەڕێوەبەری بزووتنەوەی هیلالی زێڕینی کانتۆنی قامیشلۆ، کردنەوەی پێشانگاکەی لە ڕێبەری گەلی کورد و هەموو ژنان پیرۆزکرد، گوتی: "ئەوەی ئێمەی لێرە کۆکردۆتەوە، فیکر و فەلسەفەی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە. ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئازادی ژنان قوربانی مەزنی دا. بۆ تەواوکردنی خەونەکانی ڕێبەرێتی، ئەم پێشانگایەمان کردەوە بۆ تیشک خستنەسەر بەرخۆدانی ژنان".

دەرگای پێشانگاکە لەلایەن دایکی شەهید، شبلی، خانە سەعدون، بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کرایەوە.