بە دیمەن

لیوای شەهید سورخوێنی کۆنگرەی ستار دامەزرا

کۆنگرەی ستاری کۆبانێ بەشداریکرد لە بانگەوازی سەفەربەری و ڕایگەیاند لیوای شەهید سورخوێنیان دامەزراندووە.

کۆنگرەی ستاری کۆبانێ ڕایگەیاند وەک گەلانی کورد و عەرەب و ئەرمەن و سریانی بە هەمان هەڵوێست پێکەوە ئازادانە دەژین و پێکەوە تێدەکۆشن و خاکەکەیان دەپارێزن.

کۆنگرەی ستاری کۆبانێ بۆ پشتگیری لە شەڕڤانانی قەسەدە و پاراستنی گەلەکەیان بەشداریان کرد لە بانگەوازی سەفەربەری و ڕایانگەیاند لیوای شەهید سورخوێنیان دامەزراندووە.

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ئەندامی کۆنگرەی ستاری کۆبانێ، خوناڤ خەلیل خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکە دەڵێت: "بۆ پشتیوانی لە شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و قەسەدە لە بەرەکانی پێشەوە، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە ئێمە وەک لیوای شەهید سورخوێن، بۆ تۆڵەکردنەوەی شەهید سورخوێن و لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، لێرەین. ئێمە هەمیشە ئامادەین لە تەنیشت شەڕڤانانمان بوەستین و گەلەکەمان بپارێزین".

هەروەها تیشک دەخاتە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەتایبەت بۆ سەر کۆبانێ و ڕایدەگەیەنێت ڕێگە بە داگیرکردنی خاکەکەیان نادەن، دەڵێت: " دەوڵەتی تورک بە هەڕەشەکانی دەیەوێت گەلی هەرێمەکە قڕبکات و نەتەوەی دیموکراتیک لەناو ببات. بەڵام با دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی بزانن کە ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین دوژمن پێ بنێتە نێو خاکەکەمانەوە. ئێمە لە تەنیشت شەڕڤانانمان دەوەستین و ڕێگە نادەین کەس خاکەکەمان داگیر بکات. هیچ هێرشێکی داگیرکاری دوژمن بەرگەی هێز و ئیرادەمان ناگرێت".

ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک دەیەوێت تۆڵەی شکستی داعش لە کۆبانێ بکاتەوە، بەڵام ئەم خەونەیان بەدی نایەت، گوتی: " وەک گەلانی کورد و عەرەب و ئەرمەن و سریانی بە هەمان هەڵوێست پێکەوە ئازادانە دەژین و پێکەوە تێدەکۆشن و خاکەکەیان دەپارێزن".