مەراسیمێک بۆ شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد و ٣ شەڕڤان بەڕێوەچوو
خەڵکی قامیشلۆ بۆ هەردوو ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتان و ٣ شەڕڤان کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون، مەراسیمی یادکردنەوەیان بەڕێوە برد.
خەڵکی قامیشلۆ بۆ هەردوو ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتان و ٣ شەڕڤان کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون، مەراسیمی یادکردنەوەیان بەڕێوە برد.
ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە بەنداوی تشرین شەهید کران، هەروەها دیار قامیشلۆ ئەندامی هێزەکانی قەسەدە و ئەڤزەم چیا ئەندامی یەپەژە و لوقمان ئەلخەمیس ئەندامی هێزەکانی کۆماندۆ کە لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە بەنداوی تشرین شەهید بوون، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخانی شاری قامیشلۆ مەراسیمێکی جەماوەرییان بەڕێوەبرد.
لە مەراسیمەکەدا بەهەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە، ڕۆژنامەنووسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندنەکان، هێزە ئەمنیەکان و کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک ئامادە بوون.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ئازادی دەستی پێکرد. شەمسی خان گولۆ بەناوی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند؛ ڕێگە نادەین خوێنی شەهیدانمان لەسەر زەوی بمێنێت و وتی: "کاتێک باس لە شەهیدان دەکرێت، زمان توانای وێناکردنی بوێری و دڵسۆزی ئەوانی نییە، چونکە بەهای شەهیدان یەکجار بەنرخە. ئێمە بەرەنگاری فاشیزم دەبینەوە و تۆڵەی شەهیدانمان دەکەینەوە."
هەروەها نەزیر سۆفی بە ناوی هێزی سەربازییەوە قسەی کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان و هەموو گەلی کورد کرد و وتی: "شەهیدان لە نەبوونەوە هەبوونیان خولقاند و بێ دودڵی لەپێناو گەل و خاکەکەیاندا گیانی خۆیان بەخشی، ئێمە بەڵێن دەدەین بەردەوام درێژە بە ڕێبازی ئەوان دەدەین و هەرگیز هەنگاوێک بۆ دواوە نانێین."
هەروەها ئەکرەم بەرەکات بەناوی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازادەوە وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "ئەو ئێش و ئازارەی کە بەهۆی لەدەستدانی شەهیدانەوە دروست دەبێت، بەدڵنیاییەوە دەکەینە توڕەیی و لە تێکۆشانمان دژی دوژمن بەکاری دەهێنین و وتی: "بەهەزاران شەهیدمان لە پێناو ڕاستی و حەقێقەتدا بەخشیوە، ئەرکی سەرەکی ئێمە وەک راگەیاندنی ئازاد ئەوەیە کە زمانحاڵی کۆمەڵگا و گەلەکەمان بین، شەهید جیهان بیلگین و نازم داشتان لەو ڕۆژنامەنووسانەن کە راستیەکانی دەوڵەتی تورکیان ئاشکرا کرد و بوونە ئامانج، ئێمە بەڵێن دەدەین قەڵەمەکانیان لەسەر زەوی نامێنێت و بەردەوام دەبین لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان.
بەناوی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکەوە مەلا عەلی زاخورانی وتی: "دڕندەیی دەوڵەتی تورک لە هەموو ڕووەیەکەوە دژی ئایینی ئیسلامە و وتی، شەهیدان هەمیشە زیندوون و پێویستە بەردەوام بە ڕێزدارییەوە بەبیر بهێندرێنەوە و به بەرخۆدان خەونەکانیان به دی بێنین."
پاشان ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا و دواتر شەهید دیار قامیشلۆ، شەهید ئەڤزەم چیا و شەهید لوقمان ئەلخەمیس بە وتنەوەی دروشمەکانی دایکان بەخاک سپێردران.
بنەماڵەی شەهید نازم داشتان و جیهان بیلگین بۆ ئەوەی تەرمی شەهیدان وەربگرنەوە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کرد و پێدەچێت تەرمی شەهید نازم داشتان و جیهان بیلگین ڕەوانەی باکووری کوردستان بکرێنەوە.