مەزڵوم عەبدی و وەزیری بەرگریی سوید کۆبوونەوە

لە ڕێگای ئۆنلاینەوە، پیتەر هۆلت کڤیست، وەزیری بەرگریی سوید لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەتی گشتیی قەسەدە و بەدران چیا کورد، ڕاوێژکاری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کۆبوەوە.

کۆبوونەوەکە لەچوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی سوید و هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ئەنجامدرا و بابەتی گرنگ تاوتوێ کران.

لەو کۆبوونەوەیەدا، شەڕی دژ بە چەتەکان، بەردەوامی هێرشی چەتەکانی داعش و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمەکە و جیهان، کێشەی کامپەکان، سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ناوچەکە و هاوکارییەکان بۆ قەسەدە و خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تاوتوێ کران.

وەزیری بەرگریی سوید ڕایگەیاند، کە پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کار بکات بۆ بەدەستخستی ئەنجامی باشتر و وتی: نوێکردنەوە و بیناسازیی و فەراهەمکردنی ژیانێکی ئارام و پڕبەها لە هەرێمەکە، دەتوانێت بەشێوەیەکی باش ببێتەهاوکار بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش.

هەروەها مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی قەسەدە دیدارەکەیانی بەگرنگ و بەرهەمدار پێناسەکرد و وتی: حکومەتی سوید پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشانداوە، هەردوولا پەیوەندیەکانمان لە بواری ئاسایش و تێکۆشانی دژە تیرۆردا بەرفراوانتر دەکەین.

لەبەردەوامەی قسەکانییدا مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی ئاسایش و مرۆیی کامپی هۆڵ کرد و داوای لە وڵاتانی جیهانیش کرد، کە هەر هاوڵاتیەکیان کەلەکامپەکاندا هەن وەریانبگرنەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، بەدران چیا کورد ڕاوێژکاری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، شەڕێکی ماوەدرێژە لەهەرێمەکە بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆر کۆچبەریشی لێدەژین، هەربۆیە بۆ نوژەنکردنەوەی هەرێمەکە هاوکاریی نێودەوڵەتیی پێویستە.

ک-ش