'نابێت تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بێ سزا دەرباز نەبن'

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، کە نابێت تاوانەکانی دەەوڵەتی تورک بێ سزا و بێ لێپێچینەوە تێپەڕبن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە بەم جۆرەیە:

"دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەند و ژێرخانی هەرێمەکە درێژە پێدەدەن. بەو هێرشانە لەو هەوڵی ئەوەدان ئەو ناوەندانە لەناوببەن کە خزمەت بە دانیشتووانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەگەیەنن. ئامانجی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانە هەمان ئامانجەکانی پێشووە: نانەوەی پشێوی، کاولکردنی هەرێمە ئارامەکان، ناردنی پەیامی پشتیوانی و زیندووکردنەوەی گروپە تیرۆریستیەکان بەتایبەتی داعش.

هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی هەرێمەکە، لە دواییەشدا هێرش بۆ سەر ناوچەکانی بەنداوی تشرین، شارەوانی گەل لە جورنیە، کارگەی شەکر لە مەسکەن و وێستگەکانی کارەبا، روون و بەرچاون. لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی سەرجەم پەیماننامە و رێککەوتنە نێونەتەوەییەکانی پەیوەست بە هێرشی سەر شوێنە خزمەتگوزارییەکانە. ئەو تاوانانە هاوکاتن لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی منبج و سەرتاسەری هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئێمە ئەو تاوانانەی تورکیا کە بە ئامانجی تێکدانی ئارامی و هەروەها هاوکاریی و پشتیوانییەکانی لە چەتە و تیرۆریستان شەرمەزار دەکەین. لەم قۆناغەدا و بەتایبەتی لە دوای گۆڕانکاری مێژوویی لە سوریا، پێویستی وڵاتەکە بە هاوپشتی گەلەکەی هەیە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و رێکخراوەکانی لە بەرامبەر ئەو تاوانانە بکەونەخۆ و لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی تورکیا بوەستنەوە.

ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتکی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جەخت دەکەینەوە کە دەبێت ئەو تاوانانە بێ سزا و بێ لێپێچینەوە دەرباز نەبن. بەتایبەتی کە تورکیا پێداگرە لەسەر ئەوەی ئاڵۆزی مرۆیی بنێتەوە. لە حەسەکەش بە داگیرکردنی وێستگەی ئاوی عەلوک لە سەرێکانی ملیۆنان کەسی بێ ئاوکردووە. لەسەرووی ئەوەشەوە هەوڵ دەدات بەنداوی لە بەنداوی تشرین قەیران ئاو و کارەبا سازبکات.

سڵاو لە رەنج و تێکۆشانی سەرجەم هێزە سەربازییەکانمان دەکەین کە پلان و ئامانجەکانی تورکیا تێکدەشکێنن. بە هەموو هێز و توانامانەوە پشتیوانیان لێدەکەین. لە هەمان کاتدا ئێمە شەهیدانی قارەمانی خۆمان و بریندارانی خۆمان لەم جەنگە مێژووییەدا بەبیردەهێنینەوە. بەهۆی هەڵوێست، پشتیوانی و پێداگرییان سڵاو ئاراستەی سەرجەم دانیشتوانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەین".