نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی دیمەشقی کرد

نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا هەفتەیەک دوای رووخانی رژێمی ئەسەد سەردانی دیمەشقی کرد. سەبارەت بە وردەکاری سەردانەکە زانیاری رانەگەیەندراوە.

نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا گیەر پێدێرسۆن بۆ یەکەم جار دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد سەردانی دیمەشقی کرد. وتەبێژی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، جنیفەر فێنتۆن باسی لەوەکرد کە پێدێرسۆن گەیشتووەتە دیمەشق و دواتر لەوبارەوە راگەیەندراوێک بڵاودەکرێتەوە.

فێنتۆن سەبارەت بە سەردانەکە زانیاری زیاتری بڵاونەکردەوە و پرسیاری ئەوەی کە 'ئایا پێدێرسۆن لەگەڵ سەرکردەی هەتەشە جەولانیش دیدار ساز دەکات یان نا" وەڵام نەدایەوە.

پێدێرسۆن لە پێناو رێگریی لە هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێی ناوخۆیی لە سوریا پێشنیازێکی بەرفراوانی خستبووەڕوو. پێدێرسۆن رۆژی ١٤ی کانونی یەکەم لە ئۆردنی دراوسێی سوریا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی سوریای کردبوو.