پەرلەمانتارانی کەتەلۆنیا پشتگیریان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرد

شاندێکی پەرلەمانتارانی کەتەلۆنیا لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆبوونەوە و پشتگیری خۆیان ڕاگەیاند.

هاوسەرۆکانی مەجلیسی بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا حوسێن عوسمان و ئەڤین سوێد پێشوازیان کرد لە شاندێکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا، کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتار ڕۆبن واگنسبێرگ و پەرلەمانتار و سەرۆکی پارتی یەکێتی گەل کارلیس ئەلبێرت.

ماڵپەڕی فەرمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، تەوەرەکانی نێو کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە.

هەردوولا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ داگیرکردنی خاکی سوریایان تاوتوێ کرد.

هەروەها باس لە ئەزموونی لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرا و دەسکەوتەکانی ئەم مۆدێلە پیشاندرا و گوترا کە ئەم ئیدارەیە چارەسەرێکی هەمیشەییە بۆ ئەم ڕەوشە.

شاندی کەتەلۆنیا پشتگیری خۆیان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەم قۆناغەدا نیشاندا و جەختکرایەوە لەسەر پێکەوەکارکردن و هاوکاری دوولایەنە.