پەیەدە: کاتی ئەوەیە کوردان ببنە هاوبەش لە بنیاتنانی سوریا

هاوسەرۆکایەتی پەیەدە گوتی: "بۆ ئافراندنی سوریایەکی نوێ گرنگی دەدەین بە بەشداری کورد لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا، پێویستە دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردان بکرێت و پلانی هاوبەش دابنرێت".

ڕاگەیاندراوی پەیەدە

هاوسەرۆکایەتی پەیەدە لەسەر دوایین لێدوانەکانی هەیئەی تەحریر ئەل شام دەربارەی کورد، گوتی: "بە وردی سەرنجماندا بۆ وتەکانی فەرماندەی هەیئەی تەحریر ئەل شام ئەحمەد ئەل شەرع دەربارەی کورد و دۆزی کورد، کە گوتی: "کورد بەشێکن لە وڵاتەکە و هاوبەشن لە سوریا". هەروەها باسی گرنگی گەڕانەوەی کۆچبەرانی عەفرینی داگیرکراوی کرد بۆ هەرێمەکەیان. وەک پارتی یەکێتی دیموکراتیک ئەم لێدوانانە بە ئەرێنی و بنیاتنەر دەبینین".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کورد بەدەست سیاسەتی نکۆڵیکردن و زەلیلکردنی ڕژێمی بەعسەوە ناڵاندووییانە و لە درێژەی قسەکانیدا هاتووە: "کاتی ئەوە هاتووە کە کورد ببێتە هاوبەش لە بنیاتنانی سوریا و مافەکانیان مسۆگەر بکرێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە سەردەمی شۆڕشدا کورد بووە سەرچاوەی ئاسایش، هێزی سەرەکی بوون بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا و تەونی کۆمەڵایەتی و کەلتووری سوریا.

هەروەها تیشکخراوەتە سەر "گرنگی بەشداری کورد لە قۆناغی ڕاگوزەر بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ. بۆ ئەمەش، پێویستە ڕاستەوخۆ دیالۆگ لەگەڵ کورد بکرێت و نەخشەڕێگای هاوبەش دابنرێت. ئێمە بانگەوازدەکەین بۆ وەستاندنی شەڕ لە هەموو سوریا، هەروەها بانگەواز دەکەین بۆ وەستاندنی هێرشەکان لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نیشتیمانیی سوریایی کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن، تاوەکو ڕێنمایی کاری هاوبەش دیاری بکرێت".