قەبر و قەیسەری.. مێژووی پاساوداتاشین بۆ خیانەت و چاوساغی

کە بۆ رەوایەتیدان بە چاوساغی و خیانەت قەبری دامەزرێنەرەکەیان لە شنۆ هەڵبدەنەوە، ئەدی سوتاندنی قەیسەری و بازار بۆ ئاساییکردنەوەی خیانەتەکەیان وەک ئاو خواردنەوە وایە.

ئەمێستاکە لە قۆناغێکداین لە کوردستان کە زیاتر لە هەموو کات دوو هێڵی قارەمانی و خیانەت روون بوونەوە. چیتر کڵاوی کوردایەتیش بەسەر کەسدا ناچێت، خەڵک نەک بە دروشم، بە کردەوەی هێزەکان بریار دەدەن کێ خەباتکار و کێ خیانەتکارە.

لایەنێک سنگی دەکاتە قەڵغان، خۆڵ دەخوات و خاک نادات، خوێن دەدات و رێگە بە داگیرکەر نادات، لە بەرامبەریشیدا لایەنێک نەک بە شاراوە، بە رۆژی روون چاوساغ و گوێ لەمستە و حەیاهەڵگیراوانە پێش داگیرکەر دەکەوێت بۆ سەر نیشمانی دایک.

ئەم حەیاتکاوی و شکۆ شکاوییە بەردەوام پێویستی بە پاساوێکە، ئەگەر هەزاران جاریش سواو بێت، بەڵام هیچ نەبێت لای ئەو تاقمە کەمەی هێشتا نەیانناسیوە پاساوی بۆ بهێننەوە.

پەدەکە ئەوەتای هەیە، هێندەی داردەست بووە، هێندەی خەنجەر بووە لە پشتی کورد و لەمپەربووە لەبەردەم رزگاری، هێندەی مشەخۆرئاسا کوردستان و گەلەکەی و چارەنوسەکەی کردووەتە قوربانی خێڵ و تاقمێکی ناو خێڵ، داری مەزادی لە هەموو بەهاکانی کوردستان داوە، هەرگیز رۆژێک لە رۆژان دەردێکی لە کورد سوک نەکردووە و لە بەرژەوەندی گەلدا یەک هەنگاوی نەناوە.

بۆ تێگەیشتن لە کارەساتەکانی سەر گەلی کورد و بەردەوامی مەینەتیەکانی دوای سەدەیەک خوێنڕشتن و قوربانیدان، دەبێت زۆر بە باشی هێڵی پەدەکە شی بکرێتەوە، هێڵێک کە ئاوێنەی باڵانوێنی خیانەت و ناپاکیە.

حزب لە کوردستان نەماوە خەنجەری پەدەکەی بەر پشتی نەکەوتبێت، نە لە رۆژهەڵات، نە لە رۆژئاوا و نە لە باکور.

لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، کە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لوتکەدا بوو، شارەکانی رۆژهەڵات بە دەست هێزە شۆڕشگێڕەکانەوە بوون، پەدەکە کە ئەو کات لە ژێر ناوی قیادە موەقەتەدا بوو، لە کونفەیەکونێکدا خاوەنی گۆڕی.

ئەو حزبە کە تا پێش شۆڕشی ئێران گوێ لەمستی ساواک بوو، شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی تیرۆر دەکرد و رادەستی دەکردنەوە و هەموو رابوونە چەکداریەکانی پێش ١٩٧٩ی سەرکوت دەکرد و ئەوانەشی لە دیوی باشور مابوونەوە، سیخوڕی بەسەرەوە دەکردن، لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران، وەک نیسکێکی بێ پشتوڕوو باری گۆری و کەوتە خزمەت ئیتلاعات و سوپای پاسدارانەوە.

بۆ رەوایەتیدان بەو خیانەتەی لە پاساوێکی گەورە دەگەڕا، ئەویش دەستبردنبوو بۆ رەمزێکی خۆی، قەبری مەلامستەفای دامەزرێنەری لە شنۆ هەڵدایەوە و کردی بە پاساو بۆ ئەوەی پێش پاسدار بکەوێت و راوی هێزە شۆڕشگێڕەکانی رۆژهەڵات بکات و شارەکان لەو هێزانە پاک بکاتەوە.

دەفتەری خیانەتی پەدەکە لێرەدا دانەخرا، لە دوای راپەڕینەوە بە هەمان نەفەسی قیادەموەتەتە کەوتە خزمەت دەوڵەتی تورک و بە دانپێدانانی خۆیان زیاتر لە سێ هەزار کەسیان بۆ داگیرکەری تورک بە کوشت داوە.

پەدەکە لەم خیانەت و خزمەتکاریی و نۆکەریەیدا بۆ دەوڵەتی تورک هەموو سنوورەکانی بەزاند، تا وایلێهات بە رووقایمیەوە سوپای تورک بە رۆژی رووناک هێزی بە ناوچەکانی ژێر دەستی پەدەکەدا دەجوڵاند، بارەگا و رێگەی بە پەدەکە دروست دەکرد و لە نێوان ناوچەکاندا بازگەی دادەنا و داوای ناسنامەی لێدەکردن و دەیگرتن.

ئەم سکانداڵ و حەیاچوونە جۆرێکە کە چیتر لە ناو پەدەکەشدا لە روویان هەڵنایات پاساوی بۆ بهێننەوە، هەربۆیە ئەمجار کەوتنە سیناریۆی داتاشراو و سواوی دیکە.

ئەو هێزەی بۆ رەوایەتیدان بە کرێگرتەیی و چاوساغیەکەی دەستی چووە قەبری سەرکردە و دامەزرێنەرەکەی، ئەدی چۆن دەستی ناچێتە سوتاندنی قەیسەری و بازاڕەکان و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانی بەو کارە.

پەدەکە هەر بەوەشەوە نەوەستاوە، بە ناوهێنانی ناوچەکانی دیکەی هەرێم، وەک سلێمانی و کەلار و کفری، دەیەوێت ئەو ناوچانە بەدەردی ئەو ناوچانە ببات، کە پێشتر لە ژێر دەستی خۆیدابوون، ئێستا پێشکەشی دەوڵەتی تورکی کردوون.

هـ . ب