قەسەدە: با ڕۆحی ١ ی تشرینی دووەم زیندوو ڕابگرین

فەرماندەیی گشتی قەسەدە دژی هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ، بانگەوازی لە هەمووان کرد پشتگیری کۆبانێ بکەن و بەشداری ڕیزەکانی قەسەدە بکەن.

فەرماندەیی گشتی قەسەدە دەربارەی هێرشەکانی سەر کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"ئیدی سوریا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بۆشاییەک لە هەرێمەکەدا هاتەکایەوە. ئێستا ئیدارەی دیمەشق گۆڕاوە و دیار نییە ئایندەی سوریا چۆن دادەڕێژرێت. دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریامان، سوودی لەم  بۆشایەی ئێستە وەرگرت و چەتەکانی خۆی ڕەوانەی شاری مەنبەج کرد. بێگومان داگیرکەری تورک بە هەموو هێزی ئاسمانی خۆیەوە، بەشێوەی ڕاستەوخۆش نەبێت، بەڵکو بەشێوەیەکی نهێنی لەسەر زەوی لەم هێرشە داگیرکارییەدا جێگەی خۆی گرتەوە. بەم داگیرکارییە ڕووی لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق کرد، واتە ویستی ڕوو لە کۆبانێ بکات. لێرە شەڕی زۆر سەخت ڕوویدا. داگیرکاری تورک بە هەموو تەکنیکەکانیانەوە هاتە سەر شەڕڤانانمان. بەڵام دوای ٥ ڕۆژ و لە ئەنجامی بەرخۆدانی مەزنی شەڕڤانانمان ئەم هێرشانە بە تەواوی تێکشکێنران.

بێگومان داگیرکاری تورکیا ڕاناوەستێت و ئێستا پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر شاری کۆبانێ. تەنانەت پلانەکەی بریتییە لە لکاندن و داگیرکردنی تەواوی خاکی سوریا. هەر بەو هۆیەشەوە ئێستە لە کۆبانێ و سەرانسەری هەرێمەکە ژمارەیەکی زۆری سەرباز و چەتە و چەکی قورسی ئامادە کردووە. هەروەها ڕۆژانە هێرش و هەڕەشە دەکات.

تەواوی جیهان دەزانێت، وەک قەسەدە بە هەموو مەجلیسەکانمانەوە، هێزێکی خاوەن شەرعییەتین و دژی داعش شەڕی سەختمان کرد و هێشتاش ئەم تێکۆشانە بەردەوامە. تەواوی دنیا ئەم سەرکەوتنەمانی دژی داعش پیرۆز کرد. بەڵام بەداخەوە، لەو شوێنەی داعشمان شکاند، ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک وەک ئەوەی تۆڵەی داعش بکاتەوە، هێرش دەکاتە سەر ئەو شوێنانە. هەمووان دەزانن داعش سەرەتا لە کۆبانێ تێکشکا. شکانی یەکەمی لەوێ بینی. واتە لە کۆبانێ، بۆ ئازادی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە، تەنانەت بۆ پاراستنی تەواوی جیهان لە مەترسی داعش، شکۆی مرۆڤایەتی پارێزرا.

ئەوانەی دەیانگوت "کۆبانێ کەوت، خەریکە دەکەوێت" ئەمڕۆ چەتەکانیان دەنێرنە سەر کۆبانێ. وەک قەسەدە پێداگرین تا کۆتایی بەرامبەر ئەم هێرشانە دەوەستینەوە. وەک چۆن کۆبانێ بووە سەرەتای لەناوچوونی داعش، بۆ ئەردۆگان و چەتەکانیشی دەبێتە سەرەتای شکست. شەڕڤانانی ئازادی و گەلی شکۆداری کۆبانێمان وانەیەکی مێژوویی دەدەنە ئەردۆگان و چەتەکانی.

بۆ ئەمەش، گەنجانی کورد و عەرەب و تەواوی گەلی هەرێمەکە دەبێت ئەم مەترسییە ببینن، بۆ مەزنکردنی بەرخۆدان جێگەی خۆیان لەنێو ڕیزەکانی قەسەدە بگرن. کاتی ئەوەیە گەنجان ڕووبکەنە ڕیزەکانی قەسەدە. ئەگەر دەتانەوێت خێزانەکانمان و گەلەکەمان بە ئارامی لەسەر خاکەکەیان ژیانی شکۆمەند بژین، پێویستە دەستبەجێ بەشداری ڕیزەکانی قەسەدە بکەن. بەم هەڵوێستە بەرخۆدەرە، دەتوانین ژیانێکی ئازاد و سەلامەت مسۆگەر بکەین.

چەندێک گەلەکەمان لە گەڕەک و شەقامەکان خۆیان بپارێزن، ئەوەندە دەبنە پاڵپشت بۆ هیزەکانی پاراستنی خۆیان. بۆیە دەبێت گەلەکەمان بە ڕۆحی سەفەربەری هەڵوێست وەربگرن و هەموو ژیانی خۆیان بەپێی ڕاستی ئەم شەڕە سەختە ڕێک بخەن.

وەکو هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بانگەواز لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان و هاوپەیمانان و شۆڕشگێڕان و مرۆڤە دیموکراتیخواز و ئازادیخوازەکان دەکەین پشتگیری گەلی کۆبانێ و قەسەدە بکەن، با پێکەوە ڕۆحی ١ ی تشرینی دووەم زیندوو ڕابگرین. ئەم ڕۆحە دیسانەوە جیهانەکەمان لە مەترسی داعش و لایەنگرانی دەپارێزێت، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت بۆ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک و ئازاد".