قەسەدە: لە هێرشی ئاسمانیدا ٥ شەڕڤانمان شەهیدبوون

قەسەدە ڕایگەیاند دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر هەرێمەکە زیاتر کردووە. لەم هێرشانەدا ٥ شەڕڤانی قەسەدە شەهیدبوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایگەیاند پاش ئەوەی هێرشی چەتەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری لە باشووری کۆبانێ تێکشێنراون، دەوڵەتی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کردووە.

ناوەندەکە ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکاندا، ٥ شەڕڤانی قەسەدە شەهیدبوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "پاش ئەوەی هێزەکانمان هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر بەنداوی تشرین لە دوو قۆڵەوە تێکشکاند، دەیان چەتەیان کوشت و چەندین تانک و زرێپۆشیان تێکشکاند، داگیرکەران هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانیان بۆ سەر هەرێمەکە زیاتر کردووە، لە ئەنجامدا ٥ شەڕڤانمان شەهیدبوون".