قەسەدە لەدژی سیخوڕ و نۆکەران دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کرد

قەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی ‘سوێند’ دژی ئەو سیخووڕانە دەستپێکرد، کە دەستیان لە شەهیدکردنی ژمارەیەک شەڕڤان و فەرماندەی پێشەنگدا هەبووە لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٣٦ سیخووڕ دەستگیرکراون.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ‘سوێند’ی دژی ئەو سیخووڕانە ڕاگەیاند، کە دەستیان لە شەهیدکردنی ژمارەیەک شەڕڤان و فەرماندەی پێشەنگدا هەبووە لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی تورک بەهەموو هێزییەوە هەوڵدەدات ئارامیی و سەقامگیریی سووریا بەگشتیی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتیی بکاتە ئامانج، ئامانجەکەشی ئەوەیە کە ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا دروست بکات، بۆ ئەوەش چەندین ڕێباز تاقیدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەوڵەتی تورک لەڕێگەی دەزگا سیخووڕییەکانییەوە ڕاستەوخۆ هەوڵدەدات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە، دەشڵێت: سوپای تورک و دەزگا سیخووڕییەکانی هەوڵێکی بەرفراوان دەدەن بۆ دروستکردنی تۆڕی سیخووڕیی، بەوەش دەیانەوێت هەم یەکڕیزیی و متمانەی کۆمەڵگەکەمان تێکبدات، هەمیش دەیەوێت فەرماندە و شەڕڤانانی قەسەدە، هێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسایەتییانەی ئەرکیان هەیە لە خۆبەڕێوەبەرییدا، بکاتە ئامانج.

ڕاشیگەیاندووە، کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکاندا چەندین شانەی سیخووڕیی ئاشکراکراون و بە بەڵگە تۆمارکراون، لەو چوارچێوەیەدا ئۆپەراسیۆنی ‘سوێند’مان دەستپێکرد، “لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنەی کە بە فەرماندە هێژاکانمان ڕێناس ڕۆژ، سۆسن بیرهات و عەگید گرکێ لەگێ-مان دابوو بۆ ئاشکراکردنی دەستی پشت ئەو تیرۆرانە، ئۆپەراسیۆنی سوێندمان دەستپێکرد”.

ڕوونیشیکردووەتەوە، کە لەناوچەکانی قامیشلۆ، تلتەمر، حەسەکە، شەدادێ، دێرەزوور، ڕەققە، منبج، تلتەمر و کۆبانێ لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسۆنەدا ٣٦ کەسیان بە تۆمەتی سیخووڕییکردن دەستگیرکردووە، بەشێکی زۆریان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و هەندێکیشیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە ڕادەستی دادگا کراون و بەشێکیشیان تائێستا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ف.ق