قەسەدە: ناوچە داگیرکراوەکان رزگار دەکەین

لە کۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدەدا، تیشک خرایە سەر دۆخی ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون و بەڵێنی ڕزگارکردنیان درا.

دوێنێ، بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە دژی داعش، کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی بەڕێوەبرد، بە بەشداریی هەموو ئەنجومەنە سەربازییەکانی، هێزەکانی YPG و  YPJ و ئەندامانی قەسەدە، ئەنجومەنی سەربازیی عەرەب و سەنادید، سوریانی و هتد… کۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدە بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە تا درەنگانی شەو لە ناوەندی فەرمانداریی گشتیی شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامبوو، لە کۆبونەوەکەدا پاول کالڤەرت فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە دژی داعش و پارتی یەکێتیی نەتەوەیی کورد و ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) و ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆنگرە-ستار، یەکێتی ژنانی سوریا، کەسایەتییە ئاینییەکان، بنەماڵەی شەهیدان و عەشیرەتە عەرەبەکان، بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا، کە هەڕەشەی داعش بۆ سەر دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و تەواوی جیهان بەردەوامیی هەیە،هەر بۆیە  دەبێت هەوڵدان لە دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەردەوام بێت و هەموو شانە نووستووەکانیان و ئەو هاوکاریانەی، کە دەکرێن بە تەواوی بوەستێنرێن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرا، کە بە بەرپرسیاری ئەخلاقی و یاسایی لە بەرامبەر ١١ هەزار ئەندامی داعش و نزیکەی ٦٤ هەزار ئەندامی خێزانەکانیان لە کامپی هۆڵ و ڕۆژ، لە ئەستۆ بگرێت.

هاوکات بەشداربووان بڕیاری ئەمریکایان تایبەت بە دانانی گروپی ئەحرار شەرقیە لە لیستی سزاکان، بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و باسیان لەوەکرد ، کە پێویستە سەبارەت بەو تاوانانەی کە لەلایەن هاوکارانی ئەو گروپانەوە دەکرێت لێپرسینەوە بکرێت و ئەو کەسانەی کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا ئەنجام دەدات سەرزەنشت بکرێن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا قەسەدە ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی وەک ئامانجی یەکەمی کارەکانی ساڵی داهاتوو دیاریکرد، “ئێمە بەڵێن دەدەین بۆ ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان مسۆگەر کردنی ژیانیکی سەربەرزانە و ئازاد بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە”.

ف.ق