قەسەدە وڵامی داگیرکەرانی دایەوە: ١٨ چەتە کوژران

قەسەدە رایگەیاند کە لە چالاکی وڵامدانەوەدا لەنێوان ٤ و ٨ی کانونی یەکەمدا لەدژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لانیکەم ١٨ چەتە کوژراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە لەبارەی چالاکی شەڕڤانان کە وڵامی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان داوەتەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە؛

" سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەردەوامی بە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمەکانمان دەدەن. هێرشەکان کە ١٩ی تشرینی دووەم دەستیان پێکرد، فراوانتر بوون و زیاتر هاوڵاتیانی مەدەنی و دەزگا ئابوری و خزمەتگوزاریەکان دەکرێنە ئامانج. لەگەڵ تۆپبارانی چەتەکان کە هەموو رۆژێک بەردەوامە، هەوڵی چەتە داگیرکەرەکان بۆ هێرشی زەمینی بەردەوامە. لە رۆژانی رابردوودا زۆر هەوڵی چەتە داگیرکەرەکان تێکشکێنراون.

لە رۆژی ٤ی کانونی یەکەمدا، لە شاروچکەی تەل تەمر، لە گوندی دبسی رۆژئاوای تەل تەمرەوە، چەتە داگیرکەرەکان ویستیان هێرشی هەرێمەکە بکەن. لە ئەنجامی وڵامدانەوەی هێزەکانماندا ٤ چەتەی داگیرکەر سزادران، هەوڵەکان پووچەڵکرانەوە.

لە رۆژی ٥ی کانونی یەکەمدا، جارێکی دیکە لە رووی زەمینیەوە لە گوندی ئەریشای تەل تەمرەوە چەتە داگیرکەرەکان هەوڵیاندا لە هەرێمەکە پیشڕەوی بکەن. هێزەکانمان وڵامیان دایەوە و لەنێوان داگیرکەران و یەکەکانماندا شەڕ روویدا. لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا ٦ چەتە کوژران، هەروەها دەست بەسەر دوو چەکی ئەی کەی – ٤٧، دووربینێکی شەو و تەلەفونێکدا گیرا.

رۆژی ٧ی کانونی یەکەم، گروپێک چەتە کە لە گوندی مشێرفا رامۆ لەنێوان تەل تەمر و سەرێکانی، جێگیر ببوون، هەوڵیاندا هێرشی هەرێمەکە بکەن. هەوڵی چەتەکان پووچەڵ کرایەوە و لە ئەنجامدا ٤ چەتە کوژران.

رۆژی ٨ی کانونی یەکەم، لە دەوروبەری شاروچکەی زرگان، لە بارەگای چەتە داگیرکەرانەوە لە گوندی باب ئەلخێر چەتەکان هەوڵی پێشڕەویاندا. لە ئەنجامی وڵامدانەوەی هێزەکانماندا ٤ چەتە کوژران و ٦ چەتە بریندار بوون.

لە ئەنجامی پێدادانەکاندا بە گشتی ١٨ چەتە کوژران و ٦ چەتە بریندار بوون."

ف.ق