روکەن ئەحمەد رایگەیاند ١٩ی تەمووز شۆڕشێکە کە هەبوون، کولتور و ناسنامەی گەلان و ئازادی ژنانی دەستەبەر کردووە و هەروەها بۆ بەهێزکردن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئازادی سەرنجی بۆ سەر شەڕی شۆڕشگێڕی گەل راکێشا.
لە بەشی سێهەمی دۆسیەکەماندا جێگەمان بۆ هەڵسەنگاندنەکانی روکەن ئەحمەد هاوسەرۆکی تەڤ-دەم کردووەتەوە کە لە قۆناغی شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا پێشەنگایەتی کردووە.
بەر لە شۆڕشی رۆژئاوا دۆخی ژنان لە سوریا چۆن بوو؟
بەر لە شۆڕش لە سوریا رێکخراو و رێکخستنێک کە ژنان کۆبکاتەوە بوونی نەبوو. تەنیا یەکێتی ژنان هەبوو. ئەوەش یەکێتیەکی بەو جۆرە نەبوو کە نوێنەرایەتی هزر و ژنانی نەتەوەجیاجیاکان بکات. لە ناو ئەو یەکێتیەدا ئەو ژنانە هەبوون کە لە ناو رژێمی بەعسدابوون، هەبوون و ناوەندێکی سیستم بوو. سیستمێک کە تیایدا پێشەنگایەتی خۆیان بکەن، رۆڵی خۆیان بگێرن و مافی قسە و بڕیاردانیان بە دەست خۆیانەوە بێت، بوونی نەبوو. ئەو دۆخە هەم بۆ سوریا و هەم بۆ رۆژئاوا بەو جۆرەبوو. لە ناو سیستمی پەرلەماندا ژن هەبوون بەڵام ئەو ژنانەبوون کە لەچوارچێوەی سیستمی دەسەڵاتدا بەکاردەهێندران. ژن لە حزمەت سیستم و حزبدابوون.ئیرادە و ناسنامەی ژنان نکۆڵی لێدەکرا. لە پێگەیەک کە بە ئەندێشەکانی خۆیان پارێزگاری لە خۆیان بکەن دووربوون. بۆ وێنە ئەگەر ژنێک مامۆستا بووایە بە گوێرەی سیستمی دەسەڵات کارەکەی رادەپەڕاند. ئەمە بۆ پیشەکانی دیکەش بەو جۆرەیە. هاوکات لەبەر ئەوەی هەندێک ژن لەبارەی رژێمی بەعسەوە کتێبیان نوسی و رەخنەیان لە رژێم گرت بۆ چەندین ساڵ لە زیندان بە دیلی راگیران.
لەگەڵ رۆیشتنی رێبەر ئاپۆ بۆ رۆژئاوا لەناو ژنانی کورددا گۆڕانکاری گەورە هاتە ئاراوە. لەناو خەباتەکاندا ئیرادە، هەبوون و ئەندێشەی ژنان بە شێوەی روون خۆی نیشاندا. تا ساڵانی دوو هەزارەکان دەرفەتی ئەوەمان نەبوو کە ئێمە ناوێک بۆ ئەو رێکخستنبوونە بدۆزینەوە. بەڵام بە شێوەیەکی کارا خەبات دەکرا. ئەو ژنانەی لە ناو کۆمەڵگادا پێشەنگایەتیان دەکرد و کاریگەریان هەبوو، هاتنە پێشەوە. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە کار و خەباتیان رووبەڕووی ستەمی رژێمی بەعس بوونەوە. یەک لەوانەش نازلی کەچەل بوو کە بەداخەوە تائێستاش چارەنوسی نادیارە.
لە ساڵی ٢٠٠٥دا یەکێتی ستار دامەزرابوو. یەکێتی ستار تا ساڵی ٢٠١١ بە شێوەیەکی شاراوە و نهێنی تێدەکۆشا و بەر لە شۆڕش لە دیمەشقەوە تا دێرک، عەفرین و رەقا بە شێوەیەکی رێکخراو کاری دەکرد.
هاوکات لەگەڵ شۆڕش چ گۆڕانکارییەک ڕوویدا؟
بنەمای مەزنکردنی تێکۆشانی ئازادیی ژنان ساڵانێک لەوەو پێش ئامادەکرابوو. بێگومان ئەم بناغەیە لە ماوەی ٢٠ساڵ مانەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە سوریا دروست بووە. بەڵام بارودۆخ و سیستمی سوریا لەبەردەم ئەم بناغەیە ئاستەنگ بوون و بۆیە کار و خەبات بەشێوەیەکی نهێنی ئەنجامدەدرا. ژنان لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش بەشداری کۆمەڵگا بوون. ماڵی ژنان، ئەنجوومەنی ژنان و ئاکادیمیای ژنان دامەزران و ژنان پێشەنگایەتیان لە کۆمۆنەکان و ئەنجومەنەکاندا دەست پێکرد. یەکێک لە گرنگترین هەنگاوە یەکەمەکان سیستەمی پەروەردە بوو. زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵگا و ژنان لە سەردەمی بەعس ئێستا لە سایەی ماڵی ژنان چارەسەر دەکرێن. کۆمیتەی خۆپارێزی ژنان پێکهێنران. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو. ژنان بێ ئەوەی چاوەڕێی شۆڕش بکەن خۆیان ئامادە دەکرد. هاوکات لەگەڵ شۆڕشدا ژنان پەرەیان بە خۆپارێزیی دەدا و پێشەنگایەتی شۆڕشیان کرد. ژنان لە بوارەکانی وەک پەروەردە و دیپلۆماسی و پەروەردە کۆمیتەی تایبەت بە خۆیان پێکهێنا و چالاکانە جێگەی خۆیان لە سیستەمی ئێستادا گرتەوە.
دەتوانن باسی ئەو سەختی و ئاستەنگانە بکەن کە لەم پرۆسەیەدا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە؟ هەڵسەنگاندنتان بۆ ئاستی ئێستا چیە؟
ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی عەقڵیەتی پیاوسالاری بوونەتەوە، لە زۆر ڕووەوە ڕووبەڕووی زەحمەتی بوونەتەوە. ئەو ژنانەی بە نهێنی کاریان دەکرد، تا ئەو سنوورەیان تێپەڕاند کە لەلایەن کۆمەڵگاوە بەسەریاندا سەپێندرابوو بەرخۆدانێکی گەورەیان کرد. وەک چۆن ئەو هەڵوێستانە پێش شۆڕش لە ناو کۆمەڵگادا زاڵ بوون. ئەو ژنانەی کە دەچوونە ماڵی ژنان و ئەکادیمیا و دامەزراوە هاوشێوەکانی کە لە سەردەمی شۆڕشدا دامەزرابوون، بە هەمان شێوە بەرەوڕووی ئاستەنگی دەبوونەوە کە پەیوەندی بە عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە هەبوو، دەیانگوت بە دامەزراندنی ئەم دامەزراوانەی ژنانەوە، ژنان چیتر گوێ لە هاوژینەکانیان ناگرن یان ژنان چیتر لە ماڵەوە نامێننەوە و ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت. بەڵام بەهۆی ئەو ئەزموونەی کە لە ڕێگەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆوە بەدەست هات، ئەم چەمکە کۆتای پێ هێندرا.
ئەمڕۆش لە دژی هەمان عەقڵیەتی پیاوسالاری لەتێکۆشانداین. بەڵام بە بەراورد بە پێشوو، کەمی کردووە. توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دژی ژنانی بەڕێکخستنی هێشتا بەردەوامە. هێشتا ژنان دەکرێنە ئامانج. هۆکاری ئەمەش ڕێزنەگرتن و تێنەگەیشتنە لە دەستکەوت و تێکۆشانی ژنان. پیاوان لەو هەنگاوانە و ژنانی بەڕێکخستنی دەترسن.
هۆکارە سەرەکییەکانی ناساندنی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژن چین؟
گەورەترین و یەکەم هۆکاری مانەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە سوریا ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانێکی گەورەی لەپێناو پێشەنگایەتی و ئازادی ژناندا کردووە. شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژنان ناسێنرا و دروستکردنی سوپای ژنان لە ساڵی ١٩٩٣ و پارتی بوونی ژنان لە ساڵی ١٩٩٨ هەنگاوێکی زۆر گرنگن کە پەیوەندییان بەمەوە هەیە. لە ناو گەریلاکاندا ژنان گرنگترین بەشن و لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕۆڵی ژنان لە بەرچاوە. هەر بۆیە ژنان توانیان شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژنان دابمەزرێنن. لەم شۆڕشەدا، ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١٣دا وتی: "شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژنان پێناسە کراوە، بەڵام ئەگەر ڕێکخستنی ژنان بەهێز نەکرێت، سیستەمی دەسەڵاتداری ئەم شۆڕشە لەناو دەبات"، ئەڵبەت کەموکوڕیش هەیە پێویستە هەموو ژنان لە ڕووی ڕێکخستنەوە خۆیان بۆ ئاستێکی بەرزتر پێشبخەن.
ژنان پێشەنگایەتی شەڕی داعشیان گرتە دەست. لە کەسایەتی ئارین میرکان، ڕێڤان، زۆزان و زەهرایان، لە سایەی ئەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی شەڕی داعشیان گرتە ئەستۆ، جیهان لە هەڕەشەی داعش ڕزگاریی بوو و ئەمەش بوو بە ئامرازێک بۆ پێناسەکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژن. چونکە ژنان تێکۆشانێکی بێوێنەیان لە دژی هێرشە دڕندانەکانی داعش نیشانداوە.
لە سایەی هەزاران ژنی پێشەنگ وەک هەڤرین خەلەف و هەزاران ژنی عەرەب، کە بەشدارییان لە پارتە سیاسییەکاندا کرد و پێشەنگایەتیان کرد بەدەست هاتووە. بە پێشەنگایەتی ژیان توڵهلدان هەرێمەکانی وەک ڕەقە و تەبقە و دێرەزۆر ئازاد کران. ئەمەش بووە هۆی سەرنج ڕاکێشانی زیاتری جیهان. بە هەزاران ژن لە وڵاتانی جیهانەوە هاتنە ناو ڕیزەکانی یەپەژەوە و ئەم ئەزموونانەیان بردەوە بۆ وڵاتەکانیان.
لە پرۆسەی ئەم ١٢ ساڵەدا کەموکۆڕییەکان چۆن ڕوویانداوە؟ ئەم کەموکوڕیانە چۆن چارەسەر دەکرێن؟
دەتوانین لە چوارچێوەی سیستمی بەرێوەبەری خۆسەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەنگاوی گەورەتر بنێین. چونکە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی مۆدێلێکی نوێ بوو. بۆیە ژنان هەنگاوی گەورەیان لە دژی سیستمی پیاوسالاری، دەسەڵاتداری و گۆڕانکاریی هەڵنا، بەڵام دەکرا شێوازی تێکۆشان بەهێزتر بوایە. ئێمە دەمانتوانی ئەم خۆبەڕێوەبەرییە لە چوارچێوەی ڕوانگەی ژناندا بەڕێوەببەین. چونکە مۆدێلێکی نوێ بوو بۆ ڕۆژئاوا و سوریا و جیهان. هەرچەندە ژنان لە هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکاندا بەشدارن، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ گۆڕینی عەقڵیەتی ئێستا. بە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ژنان بە نوێنەرایەتی لەسەدا پەنجا مۆرکی خۆیان لەسەر سەرکەوتنەکان داوە، هەروەها لەبواری ڕێکخستندا کەموکۆڕیمان هەیە. ئێستاش بە تەواوی نەگەیشتووینەتە هەموو ژنان. بۆ ئەوەی ژنان بە تەواوی ئیرادەی خۆیان بەدەست بهێنن، پێویستە دەستمان بە هەموو ژنان بگات.
هێشتا هەڕەشەکان لە دژی شۆڕش بەردەوامن. چ جۆرە پلانێک بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەو بەهایانە پەیڕەو بکرێت؟
هەڕەشەکان لە دژی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڕەشەیەک نین کە بە کەم سەیر بکرێن. کۆمەڵکوژی و هێرشەکان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن. دەوڵەتی تورک ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەدات. جگە لە دۆستانی گەلی کورد، هەموو لایەک لەم دۆخە بێدەنگن.
بەڕاستی گەورەترین مەترسی و سیاسەتی پەیوەست بەمەوە سیاسەتی گرێدراو بە کۆچبەرییەوەیە. هێرش دەکەنە سەر ئابوری گەل و دەیانەوێت گەل زەویەکانیان بەجێبهێڵن. لانی کەم گەلەکەمان درکی بەوە کرد کە دوژمن بە شەڕ و سیاسەت و دیپلۆماسی ناتوانێ بە ئامانجی بگات و درکی بەوە کردووە کە دوژمن پەنا بۆ سیاسەتی کۆچبەری دەبات. ئەگەر مرۆڤ لە خاکی خۆی دوور بخرێتەوە، ناتوانرێت زمان و کولتوور و ناسنامەی خۆی بپارێزێت. ئەوە ئامانجی داگیرکەرانە.
شۆڕشی ڕۆژئاوا چووه ناو ساڵی ١٣هەمیەوە. لەم ١٣ ساڵەدا شەڕی قورس ڕوویدا و بەدیلی قورس درا. ئێمە باسی شۆڕشێکی وەها گەورە دەکەین کە زیاتر لە ١٢ هەزار شەهید و زیاتر لە ٢٠ هەزار شەڕڤان برینداری هەیە. زۆربەی شارەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوت. دووبارە ئاوەدان دەکرێنەوە. بەڵام هێشتا هێرشە داگیرکەرییەکان کۆتایی نەهاتووە. دەبێت گەلەکەمان بزانێت کە دوژمن قەد ئەم هێرشانە ڕاناگرێت. پێویستە دەستکەوتەکانی شۆڕش بپارێزین و بەهێزتری بکەین. پێویستە لە بواری ئابوری و خۆپاراستنی و سیاسیەوە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی ڕێکبخرێن. شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی بەهێزترمان دەکات و لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێستا دەمانپارێزێت و سەردەکەوین.
ڕووداو و کاریگەرییەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژگاری ئێستامان چین؟
شۆڕشی ١٩ی تەمموز شۆڕشێکی بەهێز بوو. واقیعی ژیانی کورد لە سوریا لە بەرچاو بوو. هیچ مافێکیان نەبوو. تەنها گەلی عەرەب لەبەرچاو دەگیرا و ئەو دۆخە بۆ هەمووان بەکار نەدەهات. گەلانی کورد، چەرکەس، تورکمان، ئەرمەنی، ئاشووری-سوریانی و کلدانی ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا. لە هەموو ناوەند و ڕێکخراوەکاندا لە هەموو ئایینەکان بەشدارن. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. بەڵام بە شۆڕشی ڕۆژئاواوە بەدیهات. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، شتێکی لەو شێوە قەد نەبوو. بەڵام لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ئەو کەموکوڕییانە بوونی نییە.
ئەو شەڕانەی کە لە لایەن سیستمە هەژموونخوازەکانەوە سەر هەڵدەدەن، شەڕی یەک زمانیە، یەک ئاینی، یەک دینی، یەک لایەن و یەک ناسنامەیە. سیستەمی خۆبەڕێوبەری دیمۆکراتیک؛ واتە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بیرۆکەیەکە کە لە یەک نەتەوە و زمان و ناسنامە تێدەپەڕێت و لەگەڵ ئەو باوەڕەدایە چەندە نەتەوە و زمان و ناسنامەت زیاتر بن، دەوڵەمەندتری. بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی هەموو نەتەوە و گەلانی جیاوازە و ڕۆڵێکی گەورەی لە مسۆگەرکردنی ئازادی ژناندا هەیە.
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، نابێت سیستمی پەروەردە و خۆپاراستن لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت. ئەگەر کۆمەڵگایەک درک بە خۆپارێزی خۆی بکات، ئەوا بەپێی ئەوە ژیانی خۆی دیاری دەکات. دەرئەنجامەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دیارە. هەروەها لە سیستەمێک کە لە شەنگالدا دامەزراوە کاریگەرییەکانی نیشان داوە. گەل خاکی خۆیان و ئیدارەی خۆیان بە کەس ناسپێرن و سیستەمی خۆپاراستنی خۆیان بنیات ناوە. ئەگەر کۆمەڵگا بە پێی خۆی خۆپارێزی و ئابووری خۆی ڕێکبخات، ئەوا هیچ دەسەڵاتدارێک ناتوانێ ئەو کۆمەڵگایە لەناو ببات. بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا هیوای بە گەلان بەخشیوە.
ئێمە پێمان وایە گەلەکەمان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی شۆڕشی ١٩ی تەممووز ئەرکی خاوەنداری خۆی بەڕێوە دەبات. پێویستە گەلەکەمان بزانێت شۆڕشی ١٩ی تەمموز چی لەگەڵ خۆی هێناوە و چۆن کاریگەری لەسەر سیستەمی جیهانی دەبێت. بۆیە پێویستە گەلەکەمان هەڵوێستێکی بەهێز و تێکۆشەرانەی لە دژی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت نیشان بدات.