ریشسپی عەشیرەتەکان: ئێمە دژی شەڕی نێوان کوردانین

سەرۆک و ریشسپی عەشیرەکانی هەرێمی جزیرە هەڵوێستی خۆیان لە دژی هەوڵەکانی دروستکردنی شەڕی ناوخۆیی نێوان کوردان دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە ئەوان دژی شەڕی براکوژیین.

ئەندامی ئەنجومەنی عەشیرە کوردییەکان و سەرۆک عەشیرەتی هاڤێرکا سلێمان چەتۆ ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ شەڕی براکوژی نین و قبوڵی ناکەن و وتی: "ئێمه وه ک سەرۆک عەشیرە و هۆزەکان دژی شەڕی براکوژیین. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکەین و زۆر باش دەزانین کە دوژمن شەڕی نێوان گەلی کورد دەوێت. ئێمە وەک سەرۆک عەشیرە و گەورەکانی عەشیرەکان دژی ئەمە هەوڵدانەین."

لە درێژەی قسەکانیدا، سلێمان چەتۆ ڕایگەیاند، کە عەشیرەتە کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەک یەک دەبینن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێمەی سەرۆک عەشیرە و گەورە پیاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەک یەک دەبینین. پێشمەرگەش دەبێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی دوژمن بۆ سەر کوردستان هەڵوێست و کاردانەوەیان هەبێت. گەنجانمان جگە لە گەریلاکانی ئازادیی ناچنە پاڵ هیچ کەسێک. هەروەها له هەر بەشێکی کوردستاندا مەترسی هەبێت، پێویسته پێشمەرگه و گەریلا له دژی ئەو مەترسیانەدا بوەستنەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سلێمان چەتۆ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان ڕێکبکەون و وتی: "دەمانەوێت لایەنە سیاسیەکان لە دەور یەک کۆببنەوە و لەسەر داوای ڕەوای گەلەکەیان ڕێکبکەون، ئێمە هیوامان ئەوەیە و هەڵوێستی ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان وەک یەک بێت."

هەروەها سەرۆک عەشیرەتی بادینا عەلی مەحمود عەباس (باوکی عادڵ) بۆچوونی خۆی لەم بارەوە دەربڕی و وتی: "داوا لەو گەنجانەمان دەکەین کە پەیوەندییان بە پێشمەرگەی ڕۆژەوە کردووە، شەڕی براکوژی نەکەن. بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین کە گەلی کورد شەڕی ناوخۆیی بکات. ئێمە دوژمنی زۆرمان لە دەوروبەرمان هەیە و هەر بۆیە نابێت بە شەڕی ناوخۆییەوە خزمەتی دوژمنانمان بکەین. ئێمە شەڕی براکوژی بە خیانەت دەبینین و قبوڵ ناکەین."

لە کۆتایی قسەکانیدا عەلی مەحمود عەباس دووپاتی کردەوە کە دژی شەڕی برایەتییە و وتی: نابێت شەڕی برایەتی ڕووبدات. جگە لەوەش لە هەر پارچەیەکی کوردستان بە هەموو هێزمان هاوکار دەبین بۆ پاراستنی کوردستان. بەڵام ئێمە قبووڵ ناکەین کە ئێمەی گەلی کورد دژی یەکتر بوەستینەوە.