دوای ئەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، کە لە هەرێمەکە هەڵبژاردنی خۆجێیی ئەنجام دەدات، هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکە بێ پسانەوە بەردەوامە. لە ئەنجامی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکە ٣١ی ئایار ٤ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک شەهیدبوون و ١١ مەدەنیش برینداربوون، کە لەنێوانیاندا ژن و منداڵیش هەیە.
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵح موسلیم سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان بۆ سەر هەرێمەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی روون و شەفاف بەڕێوەدەچن'
ساڵح موسلیم سەبارەت بە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا قسەی کرد و وتی، "هەڵبژاردنەکان بە ئامانجی زیاترکردنی خەباتی گەل لە هەرێمەکە بەڕێوەدەچن. تائێستا کەموکورتی هەبوون. دەبێتە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک کە گەلان لە هەرێمەکە بەشداربوون. ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەدەچێت پەیوەندی بە کەسەوە نییە و راست نییە کە بەشێوەی دیکە هەڵبسەنگێندرێن. لە سەرتاسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا یەکەم جارە هەڵبژاردنێکی بەم جۆرە ئەنجام بدرێت. لەبەر ئەوەشە هەندێک نیگەرانی ساز دەبن. هەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی دیموکراتیک و روون ئەنجام دەدرێن. هەروەها پێوانەکانی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی کە پەسەند کراون، دەچەسپێندرێن. هەربۆیەش کەس مافی ئەوەی نییە سەبارەت بەو هەڵبژاردنە هیچ شتێک بڵێت. گەلەکەمان بە دڵخۆشیەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان".
'بەگوێرەی هەلومەرجی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت'
ساڵح موسلیم سەرنجی بۆ سەر لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راکێشا و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە گوێرەی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوەیەکگرتووەکان کەشێکی بەو جۆرە نەڕەخساوە. بە بەڕیاری ٢٢٥٤ ی نەتەوەیەکگرتووەکاندەیانەوێت سەرنج بۆ سەر چارەسەری سیاسی رابکێشن. بۆچی لێدوانێکی بەو جۆرەیان دا؟ لەبەر ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی ئاماژەبۆکراو لە رۆژەڤی دەوڵەتی تورکدایە و لەبەر ئەوەی ئەو پێشهاتە بە شێوەیەکی دیکە هەڵدەسەنگێنن لێدوانێکی بەو جۆرەیان داوە. دەوڵەتی تورک چەندین رۆژە دەڵێت کە ئەمریکا لە پشت ئەو هەڵبژاردنەوەیە. دەبێت کە دوای کاردانەوەکانی دەوڵەتی تورک لێدوانێکی بەو جۆرە دربێت. وتەیەکی دیپلۆماتیکە و ئامانجەکەش بێدەنگکردنی تورکیایە. بە گوێرەی هەلومەرجی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵبژاردن ساز دەکرێت. بە بێ پشتیوانی و راوێژ بە هەندێک کەس ئەنجام دەدرێت.
'ئاستی دانەبەخۆدانەگرتن و تەنگەتاوبوونی دەوڵەتی تورک زیادی کردووە'
ساڵح موسلیم سەرنجی راکێشا بۆ سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دوای لێدوانەکانی ئەمریکا و ئەوەی خستەڕوو، "دەوڵەتی تورک لە سەرەتاوە لە دژی هەڵبژاردنە. دەوڵەتی تورک لە دژی ئیرادەی گەل و دیموکراسیە. کاتێک لە هەرێمەکە هەنگاوێک بە ئاراستەی دیموکراسی هەڵدەگیرێت، دەوڵەتی تورک لە دژی ئەو هەنگاوە دەوەستێتەوە. بەرای من هیچ پەیوەندییەک لەنێوان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و لێدوانەکانی ئەمریکا نییە. ئەوە چەندین ساڵە هەیە. بە تایبەتیش دوای پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ئاستی تەنگەتاوی دەوڵەتی تورک زیادی کردووە."
'گەلەکەمان بە ئیرادەی خۆی نوێنەرانی هەڵدەبژێرێت'
ساڵح موسلیم هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی وەک لەباربردنی هەڵبژاردنەکان، چاوترسێنکردنی گەل و رێگری سازکردن لەبەردەم رۆیشتن بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان هەڵسەنگاند و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هەێنا: "دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت هەموو شتێک دەکات. لە بەرامبەر هەڵبژاردندا دەوڵەتی تورک تەنگەتاویەکی گەورەی هەیە. بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن ئەنجام دەدات. گەلەکەمان دەچێتە سەر سندووقەکان و بە ئیرادەی خۆیەوە نوێنەرانی هەڵدەبژێرێت".
هـ . ب