ساڵح موسلیم: لە مێژە ڕێککەوتنی ئەدەنە تێپەڕیوە

ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، ڕێکەوتننامەی ئەدەنە بەڵگەنامەی تەسلیمبوونی سوریایە، بەڵام ئیدی بێ کاریگەر بووە و وتی، پێویستە ئەوە لە سووریای نوێدا هەڵبوەشێنرێتەوە.

ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئەدەنە نە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و نە دەستوورییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکە، کە لەژێر گوشاردا واژۆکراوە و وتی، تورکیا ئەوەى بەکار هێناوە و دەستبەجێ دەستی بە داگیرکەری کرد.

ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لە ٢٣یەمین ساڵی رێککەوتنی ئەدەنە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ڕایگەیاند، پێش هەموو شتێک نابێت مەرجەکانی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئەدەنە و دۆخی قەیران و گێژاوی ئەو سەردەمە لەبیر بکرێت. ئەو ڕێککەوتنە لە رێککەوتنێکی نێونەتەوەی زیاتر رێککەوتنێکە لەنێوان عەدنان بەدر حەسەن سەرۆکی هەواڵگری سوریا و دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت)دا. ئەو ڕێککەوتنە پێشکەش پەرلەمان، یان ئەنجومەنی وەزیران نەکراوە، بۆیە زیاتر لە ڕێکەوتنێک، تەنیا چەند بەڵێنێکە لەسەر کاغەزێکە.

موسلیم باسی لە دۆخی سوریا لەسەرەتای پیلانگێڕییەوە تاوەکو رۆیشتنی رێبەری گەلی کورد لە سوریا کرد و رایگەیاند، سوریا لە ژێر گوشارێکی زۆر گەورەدا بوو و وتی، "ئەوە وەک ئەوە وابوو، کە تۆ چەک بخەیتە سەر سەری کەسێک و پێی بڵێیت، دەبێت ئەوە ئیمزا بکەیت. لەو هەلومەرجەدا و لە ژێر هەڕەشە و گوشاردا ئەو دۆکیومێنتە ئیمزا کراوە. ئەوە نە لەڕووی یاساییەوە نە لە رووی نێونەتەوەییەوە پەسەند کراو نییە. هیچ شتێک نییە، کە بە ویستی سوریا و لەلایەن گەل و حکومەتەوە ئیمزا کرابێت. بۆیە ئەوە ڕەوا و پەسەند کراو نییە، نەگەیشتۆتە ئاستی ڕێکەوتنێک، کە لە ئاستی نێونەتەوەیەدا قبوڵ و پەسەند بکرێت".

موسلیم ڕایگەیاند، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە پێویستە هێزەکانی تورک پێشوەخت ئاگاداری بدەن و تاوەکو بتوانن بە ئامانجی چاودێریکردنی گەرم بڕۆنە ناوخاکی سوریا (لە ٥ تاوەکو ١٠ کیلۆمەتر) و دەبێت دوای چاودێرییەکە بکشێنەوە و وتی، "ئەو شەرت و مەرجانە بۆ هەردوولایەنە. وەک چۆن تورکیا دەتوانێت ئەو کارە بکات، سوریاش دەتوانێت هەمان ئەو کارە بکات. کاتێک مرۆڤ سەرنج لە راستییەکان دەدات ئەوە دەبینێت، کە هیچ کارێکی لەو شێوەیە نەکراوە. تورکیا ئێستا چەندین ناوچەی سەدان کیلۆمەتری داگیرکردووە. نە ٥ کیلۆمەتر و نە ١٠ کیلۆمەترە، هەروەها بە شێوەیەکی هەمیشەیی دیمۆگرافیا و باری دانیشتوان دەگۆڕێت. ئەوانەش لەکاتێکدان بابەتی ڕێکەوتننامەی ئەدەنە لە مێژە تێپەڕیوە.

تورکیا مەشق و راهێنان بەچەتەکان دەکات و چەکداریان دەکات و بە سوریادا تێدەپەڕن و بە تانک جموجوڵ دەکەن، ئەو کارانە هیچ پەیوەندییەکی بەو ڕێککەوتنەوە نییە. ئێستا لەبەر ئەوەى سوریا لاواز بووە و ناتوانێت بڵێت: 'من لەو رێککەوتنە دەکشێمەوە و قبوڵم نییە'. ئەوەش ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت، کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە و بۆ ئەوەى هەمیشە گوشار بخاتە سەر کورد و هەرگیز دیالۆگ لەگەڵ کورد قبوڵ ناکات. ئەوەش دەبێتە رێگر لە بەردەم بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییەکانی گەلی کورد، بۆیە واز لەو ڕێککەوتنە، کە پێی دەوترێت رێککەوتنی ئەدەنە ناهێنێت تاوەکو وەک کوتەکێک بەسەر گەلی کوردەوە بێت. ئەگەر نا هیچ شتێک بە ناوی رێککەوتنی ئەدەنەوە نیە و پەسەند و قبوڵ نەکراوە".

موسلیم ڕایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی سوریا، یان سوریا ئاشتییەک بکرێت، ئێمە هیوادارین کاری یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەى ئەو بەڵگەنامەیەی خۆ رادەستکردن بێت و وتی، "بیانوویان بە فاشیزمی تورکیا داوە بۆ ئەوەی بێتە ناو سوریا. ئەمە خیانەتێکە بۆ سوریا. من لەو باوەڕەدام کاتێک ویستی گەلانی سوریا دێتە ئاراوە، لە ریککەوتنەکانی هاوشێوەی ئەدەنە رزگاری دەبێت".

ژ.ت