هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
'تورکیا گرنگی ژیۆپۆلیتیکی خۆی لە دەستداوە'
موسلیم ئاماژەی بەوەکرد کە جوگرافیای تورکیا هەم بۆ جیهان و هەمیش بۆ تورکیا گرنگە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "لە ساڵی ١٩٥٢دا تورکیا دوای ئەوەی بووە ئەندامی ناتۆ، بەرامبەر سۆسیالیستەکانی سۆڤیەت وەستایەوە. تورکیا هەم پەیوەندی بە ئاسیا و هەم بە ئەوروپاوە هەبوو و خاوەنی رووبەرێکی فراوانە. بەڵام بە رووخانی سۆڤیەت تایبەتمەندی ژیۆپۆلیتیک و گرنگی تورکیا بەلای ناتۆوە تائاستێک دابەزی. بەتایبەتی کە لە شەڕی سارددا ناتۆ تورکیای لە بەرامبەر سۆڤیەت بەکاردەهێنا. تورکیا لە شەڕی ساردی بەرامبەر بە یەکێتی سۆڤیەت وەک کەمپێک بوو".
"پشتیوانی سەرمایەداری لە تورکیا پەیوەندی بە کوردانەوە هەیە'
ساڵح موسلیم ئەوەی خستەڕوو کە سەرمایەداری، بە تایبەتی سەرمایەداری جیهانی لە ساڵانی ١٩٩٠ هەوڵیدا ئارامی و سەقامگیریەک بۆخۆی لو تورکیا دەستەبەر بکات و بەرفراوانی بکات و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لەو سەردەمەدا تورگوت ئۆزال لە تورکیا لەسەر حوکم بوو و هەوڵیدا هەندێک پرۆژە بخاتەگەڕ. بۆ ئەوەی سەرمایەداری بتوانێت خۆی لەوێ جێگیر بکات و ئاستی بازرگانی و سود بەرزتر بکاتەوە. یەک لە پلانەکانیان ئەوەبوو کە ئارامیەک لە کوردستان بچەسپێنن و ویستیان پرسی کورد لەناوخۆی تورکیا چارەسەر بکەن. بەڵام بەداخەوە پلانەکەیان سەرینەگرت. بەهۆیەوە هەم ئاستی ژیۆپۆلیستیکی تورکیا دابەزی، هەمیش نەیتوانی ئارامی لە ناوخۆی خۆیدا دەستەبەر بکات. ئەگەر تورکیا بیتوانیبایە ئارامی لەناو خۆیدا بەدیبهێنێت، دەیتوانی لە رووی وزە و بازرگانیەوە لەسەر ئاستی جیهان باڵادەستی هەبووایە. هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە نەهاتە دی، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و رووخانی سۆڤیەت بوو. بەهۆی چارەسەرنەکردی ئەو کێشەیەوە دەوڵەتی تورک پێگەی ستراتیژیکی خۆی لەدەستدا.
وەک دەزانین پرسی کورد لە تورکیا گەورەترین کێشەیە و تا چارەسەر نەکرێت، هەرگیز تورکیا ئارامی بە خۆیەوە نابینێت. لەبەر سیاسەتی ئەردۆغان کە دەبێت 'کورد سیاسەتی کۆماری تورکیا قەبوڵ بکات'، لە بەرامبەر هێزە سەرمایەدارییەکان دۆڕاندی. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەدا نەک هەر گەلی کورد، بەڵکوو تەواوی گەلانی تورکیا قوربانیان دا".
'شەڕی غەززە ئەنجامی پێکدادان و بەریەککەوتی سەرمایەدارییە'
موسلیم سەرنجی بۆ سەر شەری ئیسرائیل و حەماس راکێشا و وتی، "زۆر توێژەر و لێۆڵەر دەڵێن ئەو شەڕەی ئێستا لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لەئارادایە، بەرەنجامی رێکنەکەوتنی سەرمایەدارەکانە. رێگەی ئاوریشم کە جاران دەخوازرا لە نێوان تورکیا و ئێراندا سەرلەنوێ بەرەو ئەوروپا بکرێتەوە، هەردوو وڵاتیش خوازیاری ئەوەبوون. بەڵام لەکۆبوونەوەی هیندستاندا داواکرا ئەو رێگەیە بگۆڕدرێت و بە سەرووی وڵاتانی کەندان و سعودیە بگاتە دەریای سپی و لەوێشەوە بگاتە یۆنان. ئەو پێشنیازە هەم تورکیا و هەم ئێرانی لە پلانەکە کردە دەرەوە. دەوترێت تورکیا بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو پرۆژەیە ئەم شەڕەی هەڵگیرساندووە. لە زۆریەی هەڵسەنگاندنەکاندا باس لەوە دەکرێت کە بۆ رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە تورکیا فەرمانی هێرشی بە حەماسداوە. بە بەشداری تورکیا، بە هەڵگیرساندنی ئەو شەڕە ویستیان ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بکەنەوە. رەنگە ئەو شەڕە بەرفراوانتر بێت. لە وەها دۆخێکدا لوبنان، ئوردون و سوریاش لە شەڕەکەوە دەگلێن. لە ئەگەرێکی بەو جۆرەدا هەمووشتێک ئاڵۆز دەبێت. نازانین دۆخەکە دەگاتە کوێ. بەڵام بۆ ئەم قۆناغە دۆخی سوریا زۆر گرنگە. بۆ نمونە پڕۆژەی سەرەتایی کە ئاماژەمان پێکرد، سوریای دەخستە دەرەوە. پێشتر ویستیان کە هێڵی گاز بە باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا تێپەڕێنن، خۆی لە خۆیدا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەکرا. زۆر وڵاتی وەک قەتەر دەیانویست ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوەش نەکرا. لەبەر ئەوەی نەیانتوانی پڕۆژەکانی دیکەی خۆیان جێبەجێ بکەن، جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. بێگومان ئەگەر ئەم پرۆژەیەی ئەم دواییە سەربگرێت، ئەوە لۆژیکیترینیانە. بەڵام نازانین کە تا چ ئاستێک لەسەر ئەو پرۆژەیە رێکدەکەون. بەڵام شتێک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ لێکدانەوەیەکیان بۆ گەلی کورد نەکردبوو و بەهەندیان وەرنەگرتبوو. ئێستا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا خۆبەڕێوەبەرییەک دامەزراوە، ئەو خۆبەڕێوەبەریەش سیستمێکە. هێزە هەژمونخواز و رۆژئاواییەکان هەموویان دەتوانن ئەو سیستمە قەبوڵ بکەن. ئەوەش چارەسەری لێدەکەوێتەوە. بەڵام دەوڵەتانی هەرێمەکە ئەوە قەبوڵ ناکەن. تورکیا، سوریا و ئێران ئەوە قەبوڵ ناکەن. لەبەر ئەوەش هێشتا ئێمە لەناو ئەم شەڕەداین. بەڵام تائێستاش گرنگی خۆی لەدەست نەداوە. ئێمە هیوادارین کە هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ چواردەورمان ئارامی دەستەبەر بێت. بەڵام بە بڕوای من، بابەتەکەی غەززە زۆر شت دەگۆڕێت. رەنگە شەڕەکە دژوارتر بێت. هەندێک شت دەگۆڕێت، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە بە شەڕ بێت، یاخود بە شێوەیەکی جیاواز، ئەوە نازانین. رەنگە ئەو شەڕە بە چەندین وڵاتدا بڵاوببێتەوە. لوبنان، میسر، ئوردن ئەگەری هەیە بەشداربن. واتە دیار نییە کە ئەو شەڕە لە کوێ دەوەستێت، بەڵام هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتی دەگۆڕدرێن".
سیاسەتی ئەردۆغان، سیاسەتی نکۆڵیکردنە لەگەلی کورد'
موسلیم ئەوەی خستەڕوو کە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئەردۆغانەوە، تورکیا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو رووخان و هەڵوەشانەوە دەچێت بەم جۆرە بەردەوامبوو: " لە ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠١٣دا دەسەڵاتداری ئەردۆغان هەموو ئەو پرۆژانەی کە بە لایەنە هەژمووخوازەکانی پێشکەش کردبوو، پەسەند کرابوون. لەو کاتەدا ە تورکیا جوڵەی ئورئاسایا هاتە ئاراوە. ئوراسیاش یەکێتی تورکییە و وەک عوسمانی پێشوو و وەک یەکێتی عەرەبەکان دەیویست دابمەزرێت. بەڵام ئەو جوڵانەوەیە لە ساڵی ٢٠١٣دا بە پێچەوانەوە بە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا شکایەوە و دەسەڵاتی خستە ژێر رکێف. لەو کاتەوە سیاسەتی ئەردۆغان گۆڕدرا و ئیتر هەموو شتێکی بە گوێرەی خۆی بەڕێوەبرد. ئەردۆغان لێرەدا سیاسەتی خۆی لەسەر دوو لایەندا بەڕێوەبرد. لەلایەکەوە خۆی لە ناتۆ دانەبڕاند، لەلاکەی دیکەشەوە پەیوەندی لەگەڵ رووسیا دروست کرد. ئەمەشی لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵات ئەنجامدا.ئەردۆغان ئەو سیاسەتەی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەش پەیڕەوکرد و پەیوەندی و دانوستانەکانی هەر هەموویان لە خزمەت سیاسەتی ناوخۆییدابوون؛ کوردان لەناوببات و پرسی کورد بە بێ چارەسەری بهێڵێتەوە، هەموو شتێکی خستە خزمەت دەسەڵاتداری حکومەتەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی مسوڵمان".
'تورکیا لە هەموو روویەکەوە مایەپووچ بووە'
ساڵح موسلیم ئەوەی خستەڕوو، کە لەپێناو بەرژەوەندی ئەردۆغان، هەموو تورکیا کراوەتە قوربانی و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "بەهۆی ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتداری ئەردۆغان، تورکیا هەم لە رووی ئابوری و هەمیش لە رووی سیاسی و دیپلۆماسیەوە مایەپووچ بوو. کاتێک ئاکەپە بە هاوکاری مەهەپە جارێکی دیکە دەسەڵاتی گرتەوە دەست، وتمان کە تالیبان هاتوونە سەر سنوورەکەمان. تورکیا لە دیپلۆماسیدا دۆڕاندوویەتی، ئیتر هیچ هێزێک نایەوێت دیداری لەگەڵ بکات. دەسەڵاتداری ئاکەپە لە شەڕی غەزەدا گوایە لە ژێر ناوی یارمەتیدا هەوڵیدا رۆژەڤێکی سیاسی جێبەجێ بکات، بەڵام دەرکەوت کە هەموو هەوڵەکانی پوچەڵبوونەوە، سیاسەتەکەی کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی داڕێژرابوون، شکستیان هێنا. بۆ ئەوەی ئەردۆغان کەسایەتی خۆی بەرجستە بکاتەوە، ستراتیژی و ژیۆپۆلیتیکی تورکیا لەدەستدا. هەموو تورکیای کردە قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. دەبینین کە رۆژانە تورکیا لە پرسی دیموکراسی دووردەکەوێتەوە و تەنانەت یاساکانی ناوخۆی وڵاتەکەشی جێبەجێ ناکات. هەندێک یاسا و رێسا کە بە پێی ئەوروپا داڕێژراون، رۆژانە لەوانە دووردەکەوێتەوە. هەموو رۆژێک رۆژنامەوانان دەستگیردەکرێن و بە هەزاران مرۆڤ و سیاسەتمەدار دەڕفێندرێن. سەرجەم دامودەزگاکانی دادوەریان خستە ژێر دەسەڵات و هەموو دادگاکانی دەستووریان پشتگوێ خست. هەروەها بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا و مافەکانی مرۆڤیش پێشێل دەکات. ئێستا بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت و دیارە کە تورکیا بەرەو داڕوخانێکی گەورە دەچێت".
'بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد هەوڵ خرانەگەڕ'
هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم، هەروەها باسی لە کاریگەری سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کرد و وتی، "سیستیمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەرتاسەری جیهان بە دەست هێزەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا بڵاوبووەتەوە. زۆر هێز یاخود دەووڵەت لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە بەکاردەهێندرێن. یەک لەو دەوڵەتانەی سەرمایەداری بەکاریدەهێنێت تورکیایە. تورکیاش لەناو پڕۆژەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا دیاریکرابوو، جێگەی گرتبوو. بۆ ئەوەس هێزەکانی سەرمایەداری پشتییان بە تورکیا بەست، لەبەر ئەوەی تورکیا هەم لە ناوچەکەدایە و هەمیش ئەندامی ناتۆیە و جگەلەوەش بۆ ئەوەی هێزی سەربازی تورکیا بەکاربهێنن. لەسەر ئەو بنەمایە تورکیا بووە ئاکتەرێک کە گوێ لە رێنمایی و فەرمانەکان بگرێت و جێبەجێیان بکات. لەو کاتەدا پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە دەیویست کە پرسی کورد چارەسەر بکرێت، بەڵام بە داخەوە تورکیا خۆی دوور ڕاگرت و قەبوڵی نەکرد. ئەو کاتە لە ئۆسلۆ زۆر کۆبوونەوە و دانیشتنی جیاجیا سازکران، بۆ ئەوەی پرسی کورد چارەسەر بکرێت و لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش دیدار ئەنجامدران. رێبەر ئۆجالان بۆ ئەوەی ئەو قۆناغەی چارەسەری بگاتە ئەنجام و لە کوردستان ئارامی بێتە کایەوە، هەوڵی زۆریدا. بەڵام دواتر بە هۆی کاریگەری شەڕی تایبەت هەڵوێستی دەوڵەتان گۆڕدرا".
'کورد بە شەڕ خۆی سەلماند'
موسلیم ئەوەی خستەڕوو کە تورکیا لە بەرامبەر هێزە جیهانیەکان بووەتە بەڵا و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەوەی ناتۆ لە ساڵی ١٩٥٢ەوە تا ئێستا دەیکات، ئەوەیە کە هەموو کات بە گوێرەی پەیوەندی و هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ تورکیا دەجوڵێتەوە. پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیان پێکەوە دامەزراند. تورکیا زۆر سودی لەوە وەرگرت. بەهۆی ئەوەی پارە و سەرمایەیەکی زۆری تورکیا خرایە ئەو پرۆژەوە. ناتۆ ئێستا دەیەوێت لە تورکیا رزگاری بێت، بەڵام چۆن نازانێت. بەهۆی ئەوەی تورکیا بووە بە بەڵا بەسەریانەوە و ئاستەنگ بۆ پڕۆژەکانی ئەوان ساز دەکات. لە بەر ئەوەی کاتێک ویستیان پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە جێبەجێ بکەن، تورکیا ئەو کاتە وتی ' دەبێت کورد لەو پڕۆژەیەدا نەبێت'. بەڵام ٥٠ ملیۆن مرۆڤی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین. چۆن چاوپۆشیان لێبکرێت و بە نەبوو دابنرێن؟ کورد لەو کاتەدا خۆیان بە شەڕ سەلماند و بوونە بەشێک لەو پڕۆژەیە. تورکیا بە سیاسەتی چەوتی خۆی، وایکرد کە هەموو ناوچەکە زیانی پێبگات و پڕۆژەی هێزە جیهانییەکان کە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دانابوو، راگیرا و تووشی ئاستەنگ و کێشە بوو. لەبەر ئەوە ئێستا ناتوانین بڵێین تورکیا بەشێکە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. چونکە بووەتە بەربەستێک لەبەردەم هێزە هەژموونخوازەکان و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەوان".
'سەرەکیترین ئامانجی تورکیا دامەزراندنەوەی سیستمی عوسمانی و فراوانکردنیەتی'
موسلیم ئەوەی خستەڕوو کە سەرەکیترین ئامانجی دەوڵەتی تورک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراندنەوەی سیستمی عوسمانی نوێ و بەرفراوانکردنیەتی و وتی، "بەگوێرەی ئەوە دەبێت دەرفەتەکانی خۆی هەم لە دەرەوە و هەم لەناوەوە بگۆرێت. لە . بەڵام تورکیا ویستی بە رێگە و شێووازی خۆی بیانگۆرێت، چارەنووسی گەلانی تورکیا بە دەست سەرمایەدارانەوەیە. ئێستا بە رێگەی هەندێک کۆمپانیا و رێکخراو یاخود حزبەکانی وەک مەهەپە و ئەرگەنەکۆن، سیاسەتی دەرەوە بەڕێوەدەبەن و بە گوێرەی بەرژەوەندی ئەوان پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ دەرەوە دابڕێژن. ئەو کۆمپانیا و رێکخراوانەش لە خزمەت ئەردۆغاندان، لە هەمان کاتیشدا بازرگانیەکانی دەوڵەتیش لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە ئەنجام دەدرێن. لەگەڵ ئەوەش هەموو مافیا و چەتەکان کە لە جیهاندا بڵاوبوونەوە و هەموویان پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە. لەبەر ئەوەش لە تورکیا دۆخێکی زۆر ئاڵۆز هەیە. هەم لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە و هەمیش لەلایەن هەبوونی چەتەکانەوە. ئێمە دەزانین کە ئێستا ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمریکای لاتینەوە، لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا دەپەڕێتەوە. ئەوە بە رێگەی کاربەدەستانی تورکیا تێپەڕدەبن. گەیشتووەتە ئاستێک، دەستیان لە لێکۆڵینەوەی خۆیان لەبارەی مادەی هۆشبەر هەڵگرتووە. لەبەر ئەوەی هەموو کاربەدەستانی باڵا دەستیان لەوەدا هەیە و تێوەگلاون.
ئەو کۆمپانیایانەی کە تورکیا بەڕێوەدەبەن بۆ ئەوەی ئیمپراتۆری خۆیان زیاتر گەورە بکەن، لە هەموو شوێنێک دەستوەردان دەکەن. بۆ نمونە لیبیا، لە سەردەمی قەزافیەوە لەپێناو نەوتدا لە ساڵانی ١٩٨٠ بەدواوە ئەو کۆمپانیایانە پەیوەندی زۆریان لەگەڵ لیبیا هەبوو. بەڵام دوای ئەوەی دۆخەکە لە لیبیا گۆڕدرا و شەڕی ناوخۆیی دەستیپێکرد، تورکیا سەربازانی خۆی بەرەو لیبیا نارد. لەبەر ئەوەی سەربازانیان لەوێش بوونە بەڵا، هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریاشایان بۆخۆیان کردە چەتە و رەوانەی لیبیایان کردن. لە ئازەربایجانیش هەمان شتیان کرد. بە ملیۆنان دۆلار لە پارەکانیان بۆ پرۆژەکانی ئەوان لە ئەفریقا، سودان، کینیا، نایجریا و ناوچەکانی دیکە تەرخان کراون، بەڵام ئەنجامی سەرکەوتووانەیان نەبوو. ئەو کۆمپانیایانەی ئابووری تورکیا بەڕێوەدەبەن، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانیان و گوایە ئەو دۆستانیان کە پەیدای دەکەن، هەنگاوی بێ لێکدانەوەی زۆریان هەڵگرت. لەو رووەوە ئەو کۆمپانیایانە تا دەهاتن لاواز دەبوون و لە رووی ئابووریەوە لە تورکیا بوونە بار و تائێستاش لە ژێرباری قەرز نەهاتوونە دەرەوە. هەروەها لەبەر شکستی پرۆژەکان، لێپێچینەوەش ئەنجام نەدرا. ملیۆنان دۆلاریان بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان کرد و شکستیان هێنا. ئەو سیاسەتەی لە تورکیا بەڕێوەدەبرێت، تەنیا بۆ ئەوەی بکەوێتە خزمەت ئەو کۆمپانیایانە و لەپێناو فراوانکردنی پڕۆژەی عوسمانی نوێدان. بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ئاستی مایەپووچبوون. لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا نەیانتوانی کێشەکان لە ناوخۆی تورکیادا چارەسەر بکەن. پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیادا وەک چاڵێکی رەشی لێهاتووە و هەموو شتێکی دەوروبەری هەڵدەلوشێت".
'سیاسەتی ئەردۆغان بە گشتی گۆڕدراوە بۆ شانتاژ و سەرانەسەندن'
موسلیم هێمای بۆ ئەوەش کرد کە هەرچەندە بە فەرمیش ژمارەیەک رانەگەیەندرابێت، بەڵام زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار لە شەڕی دژ بە کورددا خەرج کراوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "لە شەڕی دژ بە کوردان نزیکەی ١١٠ هەزار سەرباز و مرۆڤ کوژراون و هێشتاس ئەو شەڕە بەردەوامە. لەبەر ئەوە دەسەڵاتداری تورکیا بۆ هەموو گەلانی هەرێمەکە و جیهان مایەی مەترسیە. زۆر هێزی چەتە کە لە جیهان وەک هێزی تیرۆریستی دەناسرێن، داعش، بەرەی نوسرە و دەستەی شام و هتد، لە تورکیا درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن و هاوکاری دەکرێن. ئەوەش تورکیا دەکاتە هەڕەشەیەک لە دژی جیهان. سیاسەتی ئەردۆغان بە گشتی گۆڕدراوە بۆ شانتاژ و سەرانەسەندن".
'پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە مۆدێلێک'
ساڵح موسلیم لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئەمرۆ راستیەک لەئارادایە و دەبێت ئێمە لەبیری نەکەین. لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا کورد بە نەبوو دانراون. کورد لە ساڵی ١٩٢٣ بەدواوە نەبوونەتە رۆژەڤی جیهان. بەڵام وردە وردە لە سەروبەندی سەدەی ٢١دا کورد کەوتنە رۆژەڤی جیهان. بەتایبەتی دوای دروستبوونی فیدڕاڵیزم لە باشووری کوردستان. ئەو قەوارە فیدڕاڵیەس بە گوێرەی پێودانگەکانی سەرمایەی دەسەڵاتداران دامەزرا. بەڵام ئەو قەوارە فیدڕاڵیەی لە باشووری کوردستان دامەزراوە نوێنەرایەتی کوردان ناکات. نزیکەی ٥٠ ملیۆن کورد بوونیان هەیە. ئەگەر کوردان خاوەن روانینێکی هاوبەش بن، دەتوانن کاریگەری بکەنە سەر هەموو سیاسەتی جیهان. بە هەمان هۆسمەندییەوە ویستیان مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا و هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن. بەڵام کوردان لەوێ بەرخودانێکی سکۆمەندانەیان کرد و چوونە رۆژەڤی جیهانەوە. کورد لێرە خاوەن پرۆژەیەکی گەورە و بەهێزن. خاوەن پرۆژەی یەکسانی گەلانن. لەم دواییەدا بینیمان کە پەیمانی کۆمەڵایەتی خۆیشیان دامەزراند، ئەو پەیمانە وەک دەزانین نەک هەر بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵکو بۆ هەموو سوریا و تەنانەت بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".
'رای گشتیی لە دژی هێرشەکانی تورکیا دوودڵ و ڕاڕان"
موسلیم رایگەیاند کە بە هۆی بەرژەوەندییە ٧٠ ساڵیەکانی ناتۆ لەگەڵ تورکیا، لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا سوودڵن و وتی، "لەبەر ئەوەش کە پرۆژەکەی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەریهەڵداوە نوێیە و لەبەرامبەریدا هەم هێزە هەرێمایەتیەکان و هەمیش هێزە جیهانیەکان بوونیان هەیە، هەندێک لەو هێزانە وەک تورکیا، ئێران و حکومەتی دیمەشق دوژمنایەتی دەکەن و نایانەوێت ئەو پڕۆژەیە بەرەوپێش بچێت. دەیانەوێت وەک پێشوو کوردان کۆیلە بن و لەپێناو خۆیان بەکاریان بهێنن و دوای ئەوەی کارەکانیان پێتەواو کردن فڕێیان بدەنە لایەک. هێزی هەرێمی و جیهانیش بونیان هەیە کە دەیانەوێت ئەم پرۆژەیە بە فەرمی بناسن، لێکۆڵینەوە دەکەن و دەیانەوێت پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری شرۆڤە بکەن. لەبەر ئەوەی لەبارەی پڕۆژەکەوە شارەزاییان نییە، ئەوانیش بەرامبەر بە هێرشەکان بێدەنگن. هەروەها لە ساڵی ١٩٥٢ەوە دەوڵەتی تورک هەندێک هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە جیهانیەکان هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان دەجوڵێنەوە و بێدەنگن. بە کورتی لەپێناو ئەوەی هاوپەیمانیە ٧٠ ساڵیەکەیان سەرباری ئەو هەموو پێشێلکارییە تێکنەچێت، چاو بەسەر پرۆژەی باشتر کە کۆمەڵگا بخاتە ناو ئاسایش و ئارامیەوە دەنوقێنن. زۆر هێزی هەرێمایەتیش لەبەر ئەوەی بە باشی پرۆژەکەی ئێمەیان نەناسیوە، تائێستا بڕیاری پشتیوانی لە پرۆژەکەیان نەداوە.
هیوامان گەورەیە. بەرخودانێک کە ئەمرۆ لەلایەن هێز و گەلەکەمانەوە پەیڕەو دەکرێت، وایکرد کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە خاوەنی بوونێکی یەکلاکەرەوە. کەس ناتوانێت پشتگوێمان بخات و گەر دەیانەوێت ئارامی و سەقامگیری لەم هەرێمە بچەسپێت، دەبێت پرۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر بە هەند وەربگرن. بە سیاسەتی پێشوو چیتر کەس ناتوانێت لە بەرامبەر هێزی کوردان بگاتە ئەنجام".
'دەبێت حکومەتی دیمەشق بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و بیگۆڕێت'
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵح موسلیم لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد کە دەبێت حکومەتی دیمەشق سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بەم جۆرە دوا: "دوای ئەوەی حکومەتی دیمەشق لە پاش بەعسەوە هاتنە سەر دەسەڵات، بیریان لە کێشە ناوخۆییەکان نەکردەوە. هەموو کات گرنگیان بە بابەت و کێشەکانی دەرەوەی وڵاتدا. ئێستاش سیاسەتی حکومەتی دیمەشق بەرامبەر بە کێشەکانی وڵاتەکە شکستی هێناوە. نە دیموکراسی بونیادنا، نە چارەسەریەکی هێنایە کایەوە و نە توڕەیی گەلی کەمکردەوە. لەبەر ئەوە دەبێت حکومەتی سوریا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، بەر لە هەموو شتێک بەرامبەر بە پرسی پێکهاتەکان لە سوریا. تا سوریا کێشەکانی ناو وڵاتەکە چارەسەر نەکات، ناتوانێت لە دەرەوە هیچ شتێک بونیاد بنێت. لەبەر ئەوە هێشتا کات لەبەردەستدایە، دەبێت حکومەتی سوریا چاوخشاندنەوە بە روانگەکانی بکات و خۆی بگۆڕێت".
هـ . ب