ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیی (مەسەدە) ڕایگەیاند، کە دوو کۆبوونەوەیان لە مۆسکۆ و واشنتۆن ئەنجامداوە و تێیدا بەرپرسانی ئەمریکا پشتیوانی خۆیان بۆ مەسەدە و قەسەدە ڕاگەیاندووە.
ماڵپەڕەکە، ئاماژەى بەوەداوە، شاندێکی هاوبەشى مەسەدە و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئیلهام ئەحمەد، لەسەر بانگهێشتى فەرمی وەزارەتی کاری دەرەوەی ڕووسیا، سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە و لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی کاری دەرەوەی ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی میخایل بۆگدانۆڤ کۆبوونەتەوە.
ماڵپەڕەکە ئەنجامى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى لەگەڵ شاندى ڕووسیا بە ئەرێنی لە قەڵەمداوە و نووسیوێتى، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی سیاسییانەی ناکۆکییەکانی سوریا بەپێی بڕیاری دوو هەزار و ٢٥٤ کرایەوە.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبونەوەى شاندى هاوبەشى نێوان هەردوولادا گرنگیی بەشدارییکردنى مەسەدە لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکاندا باسکراوە و گفتوگۆش لەسەر پێشێلکردنی سەروەری سووریا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرى تورکەوە کراوە.
ماڵپەڕی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیی، باسی لەوەشکراوە، کە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو چاوپێکەوتنێک لەنێوان شاندی مەسەدە بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد و سێرگى لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئەنجامدراوە.
کۆشکی سپی جەختى لەسەر پاڵپشتییەکانى بۆ مەسەدە و قەسەدە کردووەتەوە.
ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک مەسەدە، لەبارەى کۆبونەوەى شاندى مەسەدە و واشنتۆن ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی کۆشکی سپی لە کۆبونەوەکەدا جەختیان لەسەر بەردەوامی بەڵێنەکانی جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا و هاوپەیمانیی لەگەڵ قەسەدە کردووتەوە وتویانە، تا ئەو کاتەی کە داعش و شانە نوستووەکانیان بە تەواوی لەناو نەچن، یارمەتیی دابینکردنی ئارامى ناوچەکە دەدەن.
ف.ق