شەهیدانی مەنبەج و قەرەقۆزاق لە ڕەقە بەخاک سپێردران

شەهیدانی مەنبەج و قەرەقۆزاق لە ڕەقە بە مەراسیمێک بەخاک سپێردران.

مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدان

شەڕڤانانی هێزەکانی کۆماندۆسی قەسەدە، ئەحمەد عەبدولحەمید سەیاح، عەلی ئەحمەد یوسف، عەلی ئەحمەد محەمەد، ئەحمەد تامێ، ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئیبراهیم فەیسەڵ ئیبراهیم و شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن خالد وەلید بەنشی کە لە بەرخۆدان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە کانتۆنی مەنبەج و پردی قەرەقۆزاق شەهیدبوون، ئەمڕۆ بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهیدان لە شارۆچکەی حکومیەی کانتۆنی ڕەقە بەخاک سپێردران.

جەماوەرێکی بەرچاو بەشداربوون، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، لە فەرماندەکانی قەسەدە وەلید عەبدۆ ڕایگەیاند شەهیدانمان لە مەنبەج و پردی قەرەقۆزاق بەرخۆدانێکی ئەفسانەییان بەرامبەر دەوڵەتی تورک و چەتەکانی نیشاندا، گوتی: "بەڵێن بە شەهیدەکانمان دەدەین کە خاکەکەمان و گەلەکەمان و ئەو دەسکەوتانەی بە خوێنی ئەوان بەدەستهاتوون، بپارێزین".

بە ناوی دانیشتووانی عەین عیساوە، سەبری نەبۆ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و بەڵێنی دا بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان، گوتی: "تیرۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێکدەشکێنین کە دەیەوێت کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی سڤیل بکات و فیتنە و ئاژاوە لەنێو پێکهاتەکانی هەرێمەکە بخوڵقێنێت".

پاشان ناسنامەی شەهیدەکان خوێنرایەوە و تەرمی شەهیدان بە درووشمی "بە گیان بە خوێن، لەگەڵتین ئەی شەهید" بەخاک سپێردرا.