شەهیدی دێرەزۆر ئەحمەد ئەل مەلە بەخاک سپێردرا

ئەحمەد محەمەد ئەل مەلە، شەڕڤانی هێزەکانی قەسەدە، کە لە دێرەزۆر شەهید بوو، بەخاک سپێردرا.

ئەحمەد محەمەد ئەل مەلە، شەڕڤانی هێزەکانی قەسەدە، کە ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم لە کاتی ڕاپەڕینی ئەرکی خۆی لە شاری دێرەزۆر شەهید بوو، لە ڕێوڕەسمێکدا لە گۆڕستانی شەهیدانی تل حەمیس بەڕێکرا. لە مەراسیمەکەدا ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و نوێنەری پارتە سیاسی و کەسایەتیەکانی عەشیرەتەکان و جەماوەرێکی زۆر لە دانیشتوانی شاری تل حەمیس بەشدارییان کرد.

لە میانی مەراسیمەکەدا، دوای خولەکی ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، فەرماندەی قەسەدە، سالار عەلی، قسەی کرد و لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر هەرێمەکە داوای پشتیوانی لە هێزەکانی قەسەدە کرد. سالار عەلی باسی لە ڕەنج و ماندوو بوونەکانی شەهیدان کرد لە پێکهێنانی ئاسایشی هەرێمەکە و بەڵێنیدا درێژە بە هێڵی شەهیدان دەدەن.

موتەز ئەل ئەنتەر یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی ئایینی تل حەمیس لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، شەهیدبوون سەربەرزییە.

دوای وتارەکان ساڵح ئەل خەلەف، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی تل حەمیس، ناسنامەی شەهید ئەحمەد محەمەد ئەل مەلەی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرد.

تەرمی شەهید بە دروشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.