'سەرباری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، پەروەردەی فرەزمانی بەردەوامە'

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی هەرێمی جزیرە گوڵستان ئیسماعیل رایگەیاند، کە سەرباری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پەروەردەی فرەزمانی بەردەوامە و وتی، "لە هەرێمی جزیرە ٢٠٠ هەزار منداڵ لە ژێر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە کوردی، عەرەبی و سوریانی پەروەردە دەبینن".

لە هەرێمی جزیرە ١٦ هەزار مامۆستا لە هەزار و ٧٨٢ خوێندنگەی قۆناغە جیاجیاکان، نزیکەی ٢٠٠ هەزار خوێندکار پەروەردە دەکەن.

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی هەڕێمی جزیرە گوڵستان ئیسماعیل لەبارەی دۆخی پەروەردە و کاریگەرییەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قسەی کرد و ورایگەیاند، کە یەکەمین هەنگاوی بنچینەیی شۆڕشی رۆژئاوا بریتی بووە لە شۆڕشی زمان و لەورووەوە رایگەیاند، "لە سەرەتادا دەزگای زمانی کوردی رۆڵی سەرەکی گێڕا و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای زمانی کوردی پەروەردەکرد. ئەو مامۆستایانەی خولی پەروەردەی کوردییان تەواو کرد، رەوانەی خوێندنگەکان کران. لە سەرەتادا تەنیا چەند کاتژمێرێک پەروەردە بە زمانی کوردی دەدرا، تا ئەو کاتە پرۆگرامی خوێندن و کتێب ئامادە نەکرابوون، بەڵام دواتر پرۆگرام و کتێب بۆ هەموو قۆناغەکان ئامادەکران".

بە سێ زمان وانە دەوترێتەوە

لە درێژەی قسەکانیدا گوڵستان ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد کە سەرجەم وانە و پرۆگرامەکانی خوێندن بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و سوریانی ئامادەکراون و بەو سێ زمانە وانە دەوترێتەوە، واتە منداڵانی کورد هەموو وانەکانیان بە زمانی خۆیان و بەهەمان شێوەش منداڵانی عەرەب و سوریانیش بە زمانی خۆیان وانەکانیان دەخوێنن. هەروەها لە پۆلی چوارەمەوە منداڵانی کورد فێری زمانی عەرەبی و منداڵانی عەرەبیش فێری زمانی کوردی دەکرێن و منداڵانی سوریانیش بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە زمانێک هەڵدەبژێرن. بە گشتی منداڵان بە گوێرەی ئەو زمانەی کە خۆیان حەز دەکەن، پەروەردە دەکرێن. بۆ هەر زمانێک خوێندنگەی جیا و تایبەت بوونی نییە. لە هەر خوێندنگەیە هەر کەس بە زمانی خۆی لە پۆلی جیاجیا دەخوێنێت".

دەوڵەتی تورک ناوەندەکانی خوێندن دەکاتە ئامانج

گوڵستان ئیسماعیل ئەوەی بە بیرهێنایەوە کە گەمارۆ و هێرشەکان کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر پرۆسەی خوێندن و لەو رووەوە زیاتر وتی، "گەورەترین کێشەی ئێمە وەک بنەماڵە و وەک خوێندکاران و مامۆستایان، بریتیە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە. ئەو هێرشانە کاریگەری نەرێنی زۆریان کردووەتە سەر سیستمی پەروەردە، بەتایبەتی کە دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا بیناسازی مەدەنی و بە تایبەتی ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن دەکاتە ئامانج. ئەو هێرشانە کاریگەری دەرونی خراپ لەسەر منداڵان دادەنێن و دەبنە هۆی ئەوەی لە خوێندن داببڕێن. بە تایبەتی لەناوچەکانی نزیک سنوور منداڵان بۆ ماوەیەکی زۆر لە خوێندن دادەبڕێن. چونکە بەردەوام منداڵان لە ترس و دڵەڕاوکێدان بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە و لە ئێستاشدا بە هەزاران منداڵ بە هۆی ئەو هێرشانەوە لە خوێندن بێ بەش کراون".

جەختیشی کردەوە، کە "هێرشەکان لە کاتی خوێندندا ئەنجام دەدرێن و بەهۆیانەوە منداڵان لە خوێندن دوور دەکەونەوە. ئەمە جیا لەوەی بەهۆی ئەو هێرشانەوە، بینای بەشێک لە خوێندنگە و ناوەندەکانی خوێندن بە تەواوەتی رووخاون. وەک دەستەی پەروەردە و مامۆستایان هەوڵ دەدەین کەمێک لەو بارگرانیەی سەر خوێندکاران کەمبکەینەوە و تاڕادەیەک ئاسەواری نەرێنی هێرشەکان لەسەر ئەوان بڕەوێنینەوە، بەڵام هەرچییەکیش بکەین ناتوانین بە تەواوەتی رێگری لە کاریگەربوونی منداڵان لەو دۆخە بگرین".

پەروەردە لە سەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیکە

گوڵستان ئیسماعیل هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی هەرێمی جزیرە وتی، "ئەو سیستمەی پەروەردە کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا خوڵقێندراوە لە سەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە، هەر بۆیەش دەوڵەتی تورک لە پێشەوە دامەزراوەکانی پەروەردە دەکاتە ئامانج. بەڵام هەم بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەکان و هەم ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەموو دەرفەت و تواناکانیان خستووەتە خزمەت کەرتی پەروەردە، سەرباری ئەوەش ناتوانین بڵێین کە هەموو دژواریەکانمان تێپەڕاندووە. بەتایبەتی ئەو منداڵانەی لە کەمپەکاندا دەژین کێشە و گرفتەکانیان لەم رووەوە دوو هێندەی منداڵانی دیکەیە، هەرچەندە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانیان چڕ کراونەتەوە، بەڵام خۆی لە خۆیدا ژیان لە ناو کەمپ دژوارە".

هـ . ب