بە دیمەن

سەرۆک و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکانی جەزیرە: پەدەکە خزمەت بە هێرشەکانی داگیرکردن و قڕکردنی کوردان دەکات

سەرۆک و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکانی هەرێمی جەزیرە ڕایانگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵدەدات شەڕ بخاتە نێو کوردەکانەوە و گوتیان: "بەداخەوە پەدەکە خزمەتی ئەم هێرشە داگیرکارییانە دەکات و دەبێتە هاوبەشی گەمەی قڕکردنی کورد بەدەستی کورد".

سەرۆک و پیاوماقوڵانی عەشیرەتە کوردەکانی هەرێمی جەزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و خیانەتی پەدەکە و پێشمەرگەی ڕۆژ، لە هۆڵی سەردەم لە حەسەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییان بەست.

لە ڕاگەیاندراوەکەیان دووپاتی دەکەنەوە بە غەمێکی قووڵەوە چاودێری هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن بۆ سەر باشووری کوردستان، دەڵێن: "دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات لەنێوان کوردەکاندا شەڕ بخوڵقێنێت. بەداخەوە پەدەکە خزمەت بەو هێرشە داگیرکارییانە دەکات و دەبێتە هاوبەشی گەمەی قڕکردنی کورد بەدەستی کورد. هەر شەڕێکی ناوخۆیی لەنێوان کوردان، تەنها خزمەت بە دوژمن دەکات. دەبێتە هۆی پارچەبوونی یەکڕیزیمان و لاوازکردنی بەرگریمان بەرامبەر کێشەکە مەزنەکانی بەردەممان".

پێشمەرگەکانی ڕۆژ خزمەت بە دوژمن دەکەن

سەرۆک و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەلایەن پەدەکەوە ژمارەیەک گەنجی ڕۆژئاوا لەژێر ناوی پێشمەرگەی ڕۆژ کۆکراونەوتەوە، هەروەها ئەنەکەسە ڕۆڵی هەبووە لە فریودانی ئەم گەنجانە و ڕەوانەکردنیان بۆ ناو ئەم هێزە، دەڵێن: "جێگەی دڵگرانییە لە ڕۆژی یەکەمەوە پێشمەرگەکانی ڕۆژ لەبری خزمەتی گەلەکەمان، خزمەتی دوژمنی گەلەکەمانیان کردووە. بەداخەوە ئەم ڕەوشە هێشتاش بەردەوامە.

شەڕکردن دژی گەریلا گەورەترین خیانەتە

بەپێی زانیارییەکان، پەدەکە گەنجانی کوردی ڕۆژئاوا لە گرووپی پێشمەرگەی ڕۆژ دەباتە هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین تاوەکو شەڕی گەریلا بکەن. ئەم ڕەوشە بۆ ئێمە بابەتێکی جدییە و مایەی شەرمەزارییە. گەریلا شەرەف و شکۆمەندی ئێمەیە. خاوەنداری لە گەریلا گرنگترین ئەرکی هەموو کوردێکە. شەڕکردن لەگەڵ گەریلا گەورەترین خیانەتە بەرامبەر گەلەکەمان".

داوا لە گەنجانی کوردی نێو پێشمەرگەی ڕۆژ دەکەن تێکەڵی گەمەکانی دوژمن نەبن بۆ براکوژی و کوشتنی کورد بە دەستی کورد، دەڵێن: "هەرکەس خزمەت بەم پلانە بکات، خیانەتێکی مێژوویی دەکات. پێویستە کەس نەبێتە بەشێک لەم یاریە. ئێمە ڕۆڵەی گەلێکی شکۆمەندین. لە هەرکوێ بین، پێویستە خاوەن شکۆ بین و بەرژەوەندی گەلەکەمان بپارێزین".

پێویستە گەنجان بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان

هەروەها بانگەواز لە گەنجان دەکات بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان و پارێزگاری لە خاکی ڕۆژئاوا بکەن، هەروەها بانگەواز لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و هێزە کوردییەکان دەکات ئەرکی مێژووی و نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ بکەن و دووربکەونەوە لە شەڕ و ناکۆکی، دەڵێن: "یەکێتی و یەکسانی، بەهێزترین چەکە بۆ پاراستنی گەلی کورد لە مەترسی و هێرشی دوژمن".