سوپای تورک هاوڵاتییەکی لە سنوری کۆبانێ لە کاتی کارکردن لە زەوییەکەی خۆیدا کوشت

هاووڵاتی محەمەد ئەحمەد تەمەن ٢٦ ساڵ، کە لە کێڵگەیەکەی خۆی لە نزیک سنوور لە کۆبانێ کاری دەکرد، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا کوژرا.

دوێنێ هاوڵاتییەکی تەمەن ٢٦ ساڵ بەناوی محەمەد ئەحمەد، کە لە کێڵگەی خۆی لە نزیک سنوور لە گوندی کۆر عەلی لە ڕۆژئاوای شاری کۆبانێ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کاری دەکرد، لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە تەقەى لێکرا و کوژرا.

محەمەد ئەحمەد باوکی ٤ منداڵ بوو و لە کێڵگەکەى خۆیدا کاری دەکرد و سەربازانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کردیانە ئامانج و کوشتیان. تەرمى محەمەد ئەحمەد لەلایەن کەسوکارەکەیەوە رۆژێک لە دوای کوژرانی بەخاک سپێردرا.

هاوڵاتیانی گوندی کۆر عەلی ڕایانگەیاند، دوێنێ بەهۆی ئەوەی لەلایەن نیشانەشکێنەکانی سوپای تورکەوە دەکرانە ئامانج، نەیانتوانیوە بڕۆنە سەر تەرمەکە و هەڵیبگرنەوە.

 کۆبانێ لەم مانگەدا چەندین جار لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانی دەوڵەتی تورک و تۆپخانەکانەوە کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ١١ هاووڵاتی برینداربوون، کە منداڵ و ژنیان تێدایە و ژمارەیەکیشیان شەهید بوون.

ژ.ت