'سزا نوێیەکان دەرخەری ئەوەن لە فکری ڕێبەر ئاپۆ دەترسن'

ئەندامانی ئەنجومەنی ناوچەی شێران ئاماژەیان بەوەدا گەل قەرزداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە و وتییان: "پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری ئیمراڵی بهێنرێت، چونکە چارەسەری هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیمراڵییە."

ماوەی ٤ ساڵە هیچ زانییارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەستنەخراوە. لە تازەترین سزای دیسپلینیشدا بۆ ماوەی ٣ مانگ سزایی قەدەغەکردنی دیدار لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ٣ زیندانی دیکەی ئیمراڵی؛ حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش سەپێنردرا. پەیوەست بەم سزایانەوە دانیشتوانی کۆبانێ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیانکرد.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی شێران خەلیل محمەد کە یەکێکە لەو کەسانەی لە پێشوودا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بینیووە، ئاماژەی بەوەدا تەواوی هێزە دەسەڵاتدارەکان لە فیکرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەترسن و وتی: "پێویستە ئیدی گەلەکەمان ڕاوەستێتە سەرپێ و لە دژی زوڵم بوەستێتەوە، هەموومان قەرزداری ڕێبەر ئاپۆین. ئەم گۆشەگیرییە بەدەستی ناتۆ و هەموو ئەو دامەزراوانە سەپێنراوە، کە گوایە پارێزەری مافەکانی مرۆڤن!. کلیلی کردنەوەی چارەسەری هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تەنها ئیمراڵییە."

هەر لە درێژەی قسەکانیدا خەلیل وتی: "ئێمە بە ئیرادەین و تێدەکۆشین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین. ئەمە ماوەی ٤ ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەرمانەوە نیە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئەم گۆشەگیرییە بە کۆتا بێنین و ئازادی ڕێبەرمان مسۆگەر بکەین."

هەر لەبارەی سزاکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەندامی ئەنجومەنی ناوچەی شێران موستەفا حەمی قسەیکرد و بەم شێوەیە ئەو سزایانەی هەڵسەنگاند: "گۆشەگیری لە دوای گۆشەگیری دەسەپێنن بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا و دەیانەوێت لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا هەموو گەلی کورد گۆشەگیربکەن.

ڕوونە دەسەڵاتداری لە فکرەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەترسن بۆیە ڕێگە بە هیچ پەیامێک نادەن لە ئیمراڵییەوە بێتە دەرەوە. ئەم گۆشەگیرییە تەنها لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوەنابردرێت، لە هەمانکاتدا لەلایەن تەواوی دەوڵەتانی ناو ناتۆ و دەوڵەتانی هەژموونخوازەوە گۆشەگیری بەڕێوەدەبردرێت، ڕۆژ بە ڕۆژ گۆشەگیری قورستر دەکەن، کەچی هەموو دنیان لە ئاستیدا بێدەنگە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم گۆشەگیرییە لە لایەن هەموو جیهانەوە ئەنجام دراوە."