'تەنیا بە یەکێتی و یەکڕیزی دەتوانرێت وەڵامی جینۆسایدەکان بدرێتەوە'

ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە تەلعەت یونس سەرنجی بۆ سەر گرنگی یەکێتی و یەکڕیزی لەپێناو بەرژەوەندی گەلی کورد راکێشا و وتی، "تەنیا بەیەکێتی دەتوانین بەرامبەر بە سیاسەتە قڕکارییەکان بوەستینەوە".

ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) تەلعەت یونس لەبارەی گرنگی یەکێتی ویەکریزی گەلی کوردەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

تەلعەت یونس وتی: "دوژمنان بۆ ئەوەی یەکێتی ویەکڕیزی گەلی کورد نەیاتەدی دابەشیان کرد. بۆ ئەوەی بتوانین بە دەوری بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمانەوە بجوڵێینەوە، دەبێت یەکێتی کورد پێکبهێنین. بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر خاکی خۆمان بمێنینەوە و درێژە بە هەبوونی خۆمان بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەرامبەر سیاسەتی  قڕکردن بوەستینەوە دەبێت لەسەرتاسەری جیهان خاوەن یەک روانین و یەک هەڵوێست بین. هەوڵەکانی دوژمن بۆ پارچەکردن، سیاسەتی داگیرکەر و تێکشکاندنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەورەترین لەمپەرە لەبەردەم بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد. لەبەر ئەوە وەک پەیەدە بۆ هێنانەدی یەکڕیزی کوردان، لە پێناو بەرژەوەندی و روانین هاوبەش و بۆ دیموکراسی و یەکسانی و ئازادی هەوڵێکی ززۆریدا".

'دیدارەکان بە دەست دەوڵەتی تورک شکستیان پێهێندرا'

تەلعەت یونس بەبیری هێنایەوە کە لە سەرەتای شۆڕشی رۆژئاوادا بەمەبەستی هێناندی یەکێتی کوردان ئەنجومەنێکی باڵای کوردی پێکهێنرا و روونیکردەوە، "بۆ دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتیک و رۆژئاوایەکی ئازاد، لە سەرەتای شۆڕشەوە هەوڵدرا یەکێتی گەلی کورد پێکبهێندرێت. بۆ ئەوەی بەر بە سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژی بگیرێت لەگەڵ پارتە سیاسیەکان و رێکخراوە کوردییەکان ئێمە لە دیالۆگدا بووین. هەروەها ئێمە بانگەوازمان لە باشوری کوردستان کرد کە بۆ یەکێتی کورد ببنە هاریکار. لەپێناو کاری هاوبەشدا هەوڵەکانمان لەگەڵ ئەنەکەسە یەکخست."

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەهۆی بەرژەوەندی کەسیی و تایبەتی پارتە سیاسیە کوردییەکان و دەستوەردانی دوژمنانی گەلی کورد ئەو هەوڵانە نەگەیشتوونە ئەنجام. هەربۆیە کارەکانی ئەنجومەنی باڵای کورد وەستێندران. بەڵام هەوڵەکانی پەیەدە لەوپێناوە و سازکردنی یەکڕیزی نێوان کوردان و رێکخستنی کۆنفڕانس و هەوڵەکانی بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی نەوەستان.

پارتە سیاسیەکانی ژێر چەتری پەیەنەکە بە پێشەنگایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و نێوەندگیری هاوپەیمانی نێونەتەوەیی هەوڵیاندا لەگەڵ ئەنەکەسە کۆببنەوە. بەڵام بەهۆی پەیوەندی لایەنەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و هێزە جیاجیاکان نەمانتوانی ئەنجامێک لەو هەوڵانە بەدەستبهێنین. سەرباری ئەوەش وەک پەیەدە دەستپێشخەری نوێمان خستەڕوو، بۆ ئەوەی پارتەکان سەرباری هەموو روانگە جیاوازەکانیان لە پێناو تاوتوێ کردنی پرسی ئایندەی سوریا و هێنانە کایەی روانگەیەکی هاوبەش کۆببنەوە. ئەو دەستپێشخەرییە کە تائێستاش بەردەوامە بۆ دیدارەکان لەگەڵ دیمەشق زۆر گرنگ دەبێت. ئامانجی سەرەکیمان دەستەبەرکردنی یەکێتی گەلی کوردە. لەوپێناوەشدا چیمان لەدەست بێت دەیکەین".

'ئەو کوردانەی پێشەنگایەتیان بۆ شۆڕش کرد، دەتوانن ببنە پێشەنگی سوریای نوێ'

تەڵعەت یونس ئەوەی خستەڕوو کە دوای رووخانی رژێمی سوریا، سەردەمێکی نوێ لەو وڵاتە دەستیپێکردووە و وتی، "بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە بونیادنانی سوریای نوێدا بکەین، بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد، بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانمان لە دەستوری نوێدا زۆر گرنگە کە پارتە سیاسیەکانی کورد خاوەن روانینێکی هاوبەش بن. زۆر گرنگە لە سوریای نوێدا بە بیرکردنەوەیەکی هاوبەشەوە بجوڵێینەوە. دەبێت یەکبگرین، وەک چۆن گەلی کورد پێشەنگایەتی بۆ شۆڕشی رۆژئاوا کرد، بۆ سوریای نوێش گەلی کورد دەتوانێت پێشەنگایەتی بکات.

بێگومان ئەوەش بە یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد دەستەبەر دەبێت، هەموو پارتەکانی ژێر چەتری پەیەنەکە و هەموو پارتە سیاسیەکانی دیکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا خاوەن هەمان بیرکردنەوەین. لە چوارچێوەدا بانگەوازمان لە ئەنەکەسە کرد. بانگەوازمان لە هەموو پارتە کوردسانییەکان کرد، بۆ هێنانەدی یەکێتی کورد یارمەتیدەر و هاریکار بن. هەوڵەکان بە نێوەندگیری فەرەنسا و ئەمریکا بەردەوامە. کارەکان بۆ پێکهێنانی شاندێک کە سەردانی دیمەشق بکات و نوێنەرایەتی گەلی کورد بکات، بەردەوامن".