تەرمی شەهید غەریب بە مەراسیمێک بەخاک سپێردرا

تەرمی شەڕڤانی هەرەئە دیار غەریب لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بەخاک سپێردرا. لە مەراسیمەکەدا پەیامدرا، لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکارەکانی دەکرێت.

مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید

 تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین (هەرەئە) دیار غەریب (کاروان حاجی) خەڵکی شاری زاخۆی باشووری کوردستان کە ٢٢ ی ئەیلول لە عەفرین شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردرا.

سەدان هاوڵاتی لە هەرێمەکانی دێرک و گەرکی لەگی و تەل کۆچەری کانتۆنی جەزیرە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی کۆچەرات، سابیر جوێل لە مەراسیمەکەدا گوتی: "شەهیدبوون ژیانە، ڕێگەی پێکهێنانی ئاشتی و ئاسایش و ژیانی هاوبەشە. ڕۆڵەکانی کوردستان لە تێکۆشانی فیدایی بۆ شکۆی کۆمەڵگەکەیان، پێشەنگایەتی دەکەن".

یەک لە فەرماندەکانی قەسەدە، محێدین خێرکێ ڕایگەیاند بە هەموو جۆرێک ئامادەن بۆ پاراستنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

جەختی کردەوە لێپرسینەوە لە خیانەتکاران دەکەن، گوتی: "بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەبینە قەڵغانی بەهێز و پلانەکانی سەر گەلەکەمان هەڵدەوەشێنینەوە".

بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری دێرک وەفا سابیر ڕایگەیاند درێژە بە تێکۆشان دەدەن لەسەر هێڵی شەهیدان و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

پاشان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

تەرمی شەهید بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.