تەرمی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەخاک سپێردرا

ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شوجاع عەبدولکەریم ئەلهەزاع لە دەیرەزۆر لە ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش شەهیدبوو، تەرمەکەی لە گۆڕستانی شەهید دڵشێر لە ناوچەی تربەسپی بەخاک سپێردرا.

دانیشتووانی ناوچەی تربەسپی لە کانتۆنی قامیشلۆ، بەشداربوون لە بەخاکسپاردنی تەرمی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شوجاع عەبدولکەریم ئەلهەزاع کە ١ ی ئەیلول لە ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد. پاشان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئه میر ڕەمۆ سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی شه هید دەڕبڕی، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی و ڕەنجی شەهید ئەلهەزاع لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ڕیمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی ئاسایش و ئاشتی بۆ هەرێمەکە دەگەڕێتەوە، بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.

ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە سەربازییەکانی کانتۆنی قامیشلۆ، محەمەد زێدان، گوتی: "فیداکاریی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تێکەڵبوونی خوێنی پێکهاتەکان بە ئامانجی پاراستنی هەرێمەکە لە هێرشی ناوخۆیی و دەرەکی و هەوڵەکانی نانەوەی ئاژاوە، نیشانەی یەکگرتووییە".

هەروەها مامی شەهید شوجاع، ڕەمەزان ئەلهەزاع، گوتی: "ئێمە ئامادەین لە ڕێگەی پاراستنی هەرێمەکانمان لە پیلانگێڕی دەرەکی، قوربانی زیاتر بدەین".

پاش وتەکان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

تەرمی شەهید بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.