بە دیمەن

'شەهید شیلان بە سەرهەڵدانی خۆی قەید و بەندەکانی عەشایەری و دەسەڵاتداری هەڵوەشاندەوە'

شەهید شیلان لە سەردەمی منداڵیدا لە بەرامبەر عەقڵیەتی عەشایەری بوون و دەسەڵاتداری ڕژێمی سوریا سەریهەڵدا و تا ڕۆژی شەهیدبوونی بوو بە ترس و خۆف لە دڵی داگیرکەرانی کوردستاندا.

ژنە خۆڕاگرەکەی کۆبانی شەهید شیلان لە٢٠مین ساڵیادی شەهیدبوونیدا بە رێزدارییەوە یادی دەکرێتەوە. حەیفا باقی خوشکی شەهید شیلان لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باسی لە ژیان و خۆڕاگری شەهید شیلان کرد. حەیفا باقی بە ڕێزداریەوە لە کەسایەتی شەهید شیلاندا یادی شەهیدانی ئازادیی کوردستانی کردەوە و وتی: "ئێمە لە ساڵی ١٩٨٠ بزووتنەوەی ئازادی کوردستانمان ناسی. شەهید شیلان ئەو کاتە تەمەنی ٩ ساڵ بوو کە تێکۆشانی دەستپێکرد. شەهید شیلان لە هەمان تەمەنی منداڵیدا لە بەرامبەر هەر جۆرە عەقڵیەتی عەشیرەیی وەستایەوە، یەکەم ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی لە سەپاندنەکانی بنەماڵە بوو. شەهید شیلان زۆر حەزی لە خوێندن بوو و پلانی دانابوو ناوی خۆی تۆمار بکات لە قوتابخانە. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕوانگەی عەشیرەی بەسەر شاری کۆبانیدا باڵی کێشابوو، هەر شتێک بۆ ژنان وەک شەرمەزاری و عەیبێکی گەورە تەماشا دەکرا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە نەیاندەهێشت کچەکانیان بخوێنن. بەڵام شیلان بە پێداگری بێهاوتای ئەم یاسایانەی شکاند و دەستی بە خوێندن کرد.

ناسینی تێکۆشانی ئازادی

حەیفا باقی باسی چۆنیەتی ئاشنابوونی بنەماڵەکی بە تەڤگەری ئازادیی کوردستان کرد و وتی: "لە ساڵی ١٩٨٢کاتێک چەند هەڤاڵێک هاتنە ماڵمان، ئێمە پەکەکەمان ناسی. ئەو کاتە دەیانگوت ئەوان هەڤاڵن و بۆ شۆڕش تێدەکۆشن. ئێمە بە خۆشەویستی و سۆزەوە لەباوەشمان کردن. کاتێک کۆبوونەوە ئەنجام دەدرا ئێمە زۆر بە خواست و حەزەوە گوێمان لێدەگرتن بەڵام شەهید شیلان بە بایەخێکی زۆرترەوە گوێی لێدەگرت. باوکم بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن کاری پەروەردە بکەن، شوێنێکی پێدان. ئێمەش لە خواردن و کاری دیکە هاوکاریمان دەکرد.

ڕۆیشتن بۆ ئەکادیمیای مەعسوم کورکماز

حەیفا باقی باسی کاتی ڕۆیشتنی شیلانی بۆ ئەکادیمیای مەعسووم کورکماز کرد و وتی: "شەهید شیلان لە پشووی خوێندندا دەچوو بۆ ئەکادیمیای مەعسووم کۆرکماز، هەموو ساڵێک لە پشووی ساڵانەی خوێندندا دەڕۆیشت کە دەگەڕایەوە زمانی کوردی فێری منداڵان دەکرد و هاوکاری بۆ ئەکادیمیا کۆدەکردەوە. کاتێک شیلان لە قۆناغی سەرەتایی بوو هەندێ ناوی لەسەر دەفتەرەکەی نووسیبوو، هەندێک کەس نوسراوەکەیان ڕادەستی ڕژێمی سوریا کردبوو. بەهۆی ئەو کاغەزەوە خۆی و باوکم ماوەی ٥ ڕۆژ زیندانی کران. دوای ئەوە ئیتر شیلان شەڕی خۆی لە دژی دەسەڵات پەرە پێدا. شەهید شیلان لە گروپی ئاگری بۆ ئاهەنگی نەورۆز ئاوازی دەگوت.

'ئێمە تەنها جارێک یەکترمان بینی و ئەوەش دواجار بوو'

حەیفا باقی ئاماژەی بەوەدا، شەهید شیلان دژی ڕێسا و قەیدو بەندەکانی عەشیرەیی وەستایەوە و کۆتایی پێ هێنا، لەو کاتەدا لە شاری کۆبانی توندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر بە ژنان هەبوو. شیلان دژی هەر توندوتیژییەک دەوەستایەوە و بەرەنگاری دەبووەوە و دەیویست ژنیش خاوەن مافی خۆی بێت. شیلان ساڵی١٩٩١چووە چیا ئازادەکانی کوردستان و ساڵی ٢٠٠١ جارێکی دیکە گەڕایەوە سوریا. حکومەتی سوریا و هەموو دەزگا هەواڵگرییەکان بە دوای شیلاندا دەگەڕان. لەکاتی ئێوارەدا لە ناوچەی سیرانای حەڵەب شەهید شیلانمان لەگەڵ بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز بینی. هیچ وشەیەک ناتوانێت ئەو ساتە وەسف بکات کە یەکترمان لە باوەش گرت. تەنها جارێک یەکترمان بینی و ئەوەش دواین جار بوو.

شیلان لەگەڵ ٤ هەڤاڵی خۆی شەهید بوو

حەیفا باقی باسی شەهیدکردنی شەهید شیلانی کرد و وتی: "شەهید شیلان لە٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤ کاتێک ویستبووی لەگەڵ ٤ هەڤاڵیدا بچێت بۆ موسڵ شەهید دەکرێت. بەیانیەکی زوو ماڵی ئێمەیان ئاگادار کردەوە و گوتیان شیلانی کچتان شەهید بووە. هەموو ئەو ڕێکخراوە سیخوڕییانەی کوردستانیان داگیرکردووە دەستیان لەم کردەوە قیزەونەدا هەبوو. ڕاستە، بەهەزاران شیلانی تر ڕاپەڕین، ئێمەش خاوەنی ئەم حیزبەین. تا کۆتایی خاوەنداری لە هێڵی شەهیدانمان دەکەین و بەڵێن دەدەین کە بۆ هەتا هەتایە لەسەر هێڵی شەهیدان لە پێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان تێکۆشان دەکەین."