تەڤدەم هێرشەکەى سەر شەنگالی ئیدانە کرد

تەڤدەم رایگەیاند، حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر شەنگال بەرپرسیارن و داوای لە رای گشتیی نێونەتەوەیی کرد، کە رێ لە هێرشەکان بگرن.

لە هێرشی ئاسمانیی دوێنێی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا بۆ سەر شەنگال فەرماندەی یەبەشە سەعید حەسەن و شەڕڤانی یەبەشە عیسا خودێدا شەهید بوون.

راگەیاندراوەکەى تەڤدەم بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەى سەر شەنگال:

"لە کاتێکدا، کە کۆمەڵگەى ئێزدی فەرمان و پیلانگێڕییەکان لە دژی کۆمەڵگەکەیان لە سەردەمی عوسمانییەوە تاوەکو ئێستا و دوایین فەرمان لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال بە دەستی داعش ئیدانە دەکەن، داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەریان و لەو رێگەیەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ تیرۆر بە روونی خستەڕوو.

چەند رۆژ لەوە پێش کۆمەڵگەى ئێزدی یادی شەهید مام زەکی شەنگالی و هاوڕێکانی، شەهیدانی کۆمەڵکوژیی گوندی کۆچۆیان کردەوە، کە بوونەتە بەها و ورە بۆ کۆمەڵگەى ئێزدی، بەڵام دیارە تورکیای داگیرکەر پێشکەوتنی کۆمەڵگەى شەنگالی لە چوارچێوەی بنەماکان و رێکخستنی بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پاراستنی رەوایان بۆ نرخ و کولتوری ئەخەلاقییانی پێ قبوڵ ناکرێت.

داگیرکەریی تورکی فاشیست جارێکیتر لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە شەنگالی بۆردومانکرد و فەرماندەیەکی ئێزدیی بە ناوی سەعید حەسەن شەهید کرد. ئەو هێرشە تاوانی جەنگ و تیرۆرە، کە دەوڵەتێکی ناتۆ ئەنجامی دەدات و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراقە.

ئەوە ورە و هێزی کۆمەڵگەى ئێزدی تێکناشکێنێت، کە لە رێگەى بەرخودان و تێکۆشانەوە هەڵیبژاردووە. ئێزدییەکانیش یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقن و بە توانا و دەرفەتەکانی خۆیان تیرۆریان تێکشکاند بۆ ئەوەى خۆیان و بەهاکانی خۆیان بپارێزن. حکومەتی عێراقیش نابێت رێگا بدات، کە تورکیای داگیرکەر ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێزدییەکان بەکار بهێنێت و دەبێت لە بەرامبەر ئیرادە و ورەی ئێزدییەکان و پاراستنیان و قبوڵکردنیاندا بەرپرسیار بێت. بە تایبەتی هێرشی ئەمدواییە لە دژی شەنگال لە بەرپرسیاریی حکومەتی عێراقدایە.

ئێمە لە تەڤدەم، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە یاساییەکان بە بەرپرسیار لەو هێرشانە دەزانین، چونکە سەرباری بەڵێنەکانیان و رێککەوتنەکان بۆ پاراستنی کەمە نەتەوە وکەمە ئایینەکان لە هەرێم وعێراق، بەڵام ئەو بەڵێن و رێککەوتننانە پشتگوێ دەخەن. هەروەها ئێمە داوا لە هەموو رێکخراوەکان مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەى مەدەنی دەکەین، کە بە ئەرکی مرۆیی خۆیان هەستن تاوەکو تیرۆر و فاشیزم تێکبشکێت"

ژ.ت