ئاڵدار خەلیل: دەوڵەتی تورک دەیەوێت شەڕ دژوارتر بکات

ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ئاڵدار خەلیل باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت شەڕ و قەیران لە هەرێمەکە قووڵ بکاتەوە و وتی، "ئەگەر ئێمە لە دژی هێرشەکان بە رۆحی کۆبانێ تێبکۆشین ئەو کاتە دەتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین".

ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە و هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

ئاڵدار خەلیل باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورک بە تایبەتیش رژێمی ئاکەپە-مەهەپە هەبوونی خۆی لە سڕینەوە و لەناوبردنی کورد دەبینێت و وتی، "هەبوونی خۆی لە پاکتاوکردنی پرۆژەی دیموکراتیک دەبینێت. بە گوێرەی ئەوان ئەگەر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک جێگیربێت، ئەگەر گەلی کورد وەک گەلانی دیکە ببنە خاوەن ماف و ژیانێکی ئازاد، کۆتایی بە تورکەکان دێت. بۆچی لە ناو ترسێکی بەو جۆرەدایە؟ لەبەر ئەوەی کۆماری تورکیا کاتێک دامەزرا لە بنەمای لەناوبردنی کوردان دامەزرا. کورد و تورک پێکەوە ئەو کۆمارەیان دامەزراند، بەڵام دەوڵەتی تورک چی کرد؟ ئەو بەڵێنانەی لەبیرکرد کە بە کوردانی دابوو، لە دژی کوردان سیاسەتی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گرتەبەر. بۆ ئەوەی کوردەکان داوای مافی خۆیان نەکەن هێرشی کردە سەر کوردان و ویستی لەناویان ببات. دەوڵەتی تورک سەد ساڵی تێپەڕاند، بەڵام سەد ساڵە بەو ترسەوە دەژی. دەترسێت کە کورد ببنە خاوەن ماف. مافەکانی گەلی کورد رەوان. هەزاران ساڵە ئەم گەلە لەسەر ئەم خاکە دەژی. مێژوو، کولتور و زمانەکەی ناسراوە. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە هەموو کنە و پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی دەداتەوە دەبینێت کە لەم خاکەدا شارستانیەت لەلایەن ئەم گەلەوە دامەزراوە. دەوڵەتی تورک لەم راستیە دەترسێت.

ئاشکرا دەبێت کە تورک خاوەن ئەم خاکە نین، لە دەرەوە هاتوون و لە سەر ئەم خاکە لە دژی کورد، ئاشوری، ئەرمەن و زۆر گەلی دیکە کۆمەڵکوژی و تاڵانکارییان ئەنجامداوە. یەک لە هۆکارەکانی ترسەکەی ئەمەیە. لەبەر ئەوەش دەیەوێت داگیرکەری بەرفراوان بکات و حوکمی خۆی بەسەر هەموو گەلاندا بسەپێنێت. هەربۆیە کوردەکان وەک دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینێت. دەوڵەتی تورک نەک هەر هەوڵ دەدات ئەوەی بەدەستیەوەیەتی بیپارێزێت، لەگەڵ ئەوەش دەیەوێت ناوچەی تازە داگیربکات. وابیردەکاتەوە کە بەم جۆرە دەتوانێت هەبوونی خۆی بپارێزێت. دەوڵەتی تورک بەم جۆرە بیردەکاتەوە، دوای شەڕی جیهانی یەکەم لە هەڕێمەکەدا نەخشەی نوێ ئامادەکران. بە گوێرەی ئەو نەخشەیە عوسمانی ئەو باڵادەستیەی بەسەر دەوڵەتانی دیکەوەی هەبوو لە دەستی دا. عوسمانی لێرە تێکشکا. دەوڵەتی تورک ئێستا پلانی هەیە کە ئەو ناوچانەی عوسمانی لە دەستی داون، بەدەستیان بهێنێتەوە. ئەمڕۆ شەڕ لە ناوچەکەدا لە ئارادایە. پرسی ئاسایش لە هەرێمەکە لە ئارادایە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەم شەر و ئەم قەیرانە دژوارتر بکات. بەم جۆرە دەیەوێت خاکی ژێر دەستی بەرفراوانتر بکات. ئەوان دەیانەوێت تورکیای گەورە دابمەزرێنن. ئەو پلانە چۆن ئەنجام دەدات؟ دەیەوێت بە بەردێک لە دوو چۆلەکە بدات، لەلایەکەوە دەیەوێت ئەو هەرێمەی کوردیان تێدایە بەدەستیان بهێنێت و کورد لەناو ببات، لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت سنوورەکانی دەوڵەتەکەی بەرفراوان بکات. لێرەدا ئامانجی سەرەکی دەستبەسەرداگرتنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و باشووری کوردستانە.

لەو رۆژەوەی بەهاری گەلان دەستیپێکرد و دەوڵەتی تورک لەوێ هەوڵ دەدات حکومەتێکی جیاواز دروست بکات. نایەوێت لە سوریا سیستمێکی دیموکراتیک دابمەزرێت. بەردەوام پشتیوانی لە گروپە چەتەکان دەکات. چەتەکانیش هەر کار بۆ ئەوان دەکەن. بڕوانن، ئەو چەتانەیان بردە هەموو شوێنێک. لە سۆماڵەوە تا لیبیا، ئازەربایجان و لە دژی گەریلاش بەکاریان دەهێنن. ئەو چەتانە بەرامبەر زۆر وڵات بەکاردەهێنن. یەک لەو وڵاتەنش سوریایە. ئەو چەتانە لە ئیدلب، عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی بەکاردەهێنن. ئێستاش دەیەوێت لە ناوچەی جیاوازی دیکە بەکاریان بهێنێت. واتە دەوڵەتی تورک نایەوێت کۆمارێکی سوریای دیموکراتیک ساز بکرێت. دەیەوێت سوریا بەردەوام بە دەست چەتەکانەوە بێت و بەم جۆرە ئامانجەکانی عوسمانی بهێنێتەدی".

ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە بابەتی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا قسەی کرد کە لەم دواییەدا بۆ مانگی ئاب دواخران و وتی، "وەک دەزانرێت دوو ساڵ بوون کە ئامادەکاری پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە رۆژەڤدا بوو. لە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆمسیۆنێکی ١٥٨ کەسی دامەزرا. کۆتایی ساڵی رابردوو پەیماننامەکە پەسەند کرا و راگەیەندرا. بە گوێرەی ئەوەش ئەم پەیماننامەیە سیستمی خۆی رێکدەخات و سەرلەنوێ دایدەمەزرێنێتەوە. واتە هەموو شتێک ئیتر بە گوێرەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت. بە گوێرەی پەیماننامە دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتیکەوە گۆڕانکاری بکرێت. یەک لەوانەش گۆڕانکارییە لە شارەوانیدا. بەگوێرەی پەیماننامەکە سیستمی شارەوانیەکان گۆڕدرا، بۆ ئەوەی شارەوانیەکان بتوانن خزمەتێکی باشتر بکەن دەبێت سیستمەکە سەرلەونێ دابڕێژرێتەوە. باشە ئەو سیستمە چۆن پێکدەهێندرێت؟ بە سیستمی پارتێک یاخود لایەنێک نابێت. بۆ ئەوەش دەبێت پێکهاتەکانی گەلانی هەرێمەکە ۆببنەوە و شارەدارییەکانی خۆیان بونیادبنێن. ئەم بابەتەش هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە سیاسیەکان و پرسی یەکپارچەیی وڵاتەوە نییە. ئەوە بابەتێکی خزمەتگوزارییە. پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە هەیە. بەڵام دەوڵەتی تورک هەندێک لەو هێزانەی لەگەڵیدان و هاوکاری دەکەن ئەوە قەبوڵ ناکەن. دژی دەوەستنەوە. لەبەر ئەوەی ئەگەر پێکبهێندرێت ئەو کاتە خزمەتێکی باشتری پێشکەش بە گەل دەکرێت. کێشەکان چارەسەر دەکرێن، رێکخستنی کۆمەڵگا بەهێزتر دەبێت، بەڕێوەبەریە خۆجێییەکان بەهێزتر دەبن. ئەمەیان ناوێت. تالەدەستیان بێت هەوڵ دەدەن لە دژی بوەستنەوە.

بێگومان ئەمە تەنها لەم سنورەدا نامێنێتەوە. هەڵبژاردنی خۆجێی هەنگاوی دەستپێک بوو. هەنگاوی دووەم و هەرەگرنگ سەرلەنوێ بە ڕێکخستنەوەی ئەنجومەن و کۆمۆنەکانە. ئەوەندە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان دەترسن، ئایە لە هەڵبژاردندا چی دەکەین؟ خۆی هەڵبژاردنی شارەوانیەکانە بەڵام ئەوان وتیان ئەمە سوریا پارچە دەکات، وتیان کورد دەوڵەتێکی نوێ دادەمەزرێنێت. یانی لە کاتی حکومەتی شامیشدا شارەوانیەکان هەر هەبوون. بێگومان کارەکانی ئەوکاتەی شارەوانی جیاوازبوو و شارەوانی ئێستاش بە شیێوەیەکی دیکە کارەکانی دەکات. گەل هەمووی بەشدارە لە شارەوانی ئێستادایە و وەک پێشوو شارەوانیەکی ناوەندی نیە. هەر شارەوانییەک بەگوێرەی شارەکەی خۆی بڕیاری دامەزراندی ئەنجومەنی خۆی دەدات. ئەمەش سیستەمێکی دیموکراتیکە. خۆ پێشتریش شارەوانی هەبوون، ئایە ئەو سەردەمە سوریا پارچە ببو، بێگومان نا. لە ئەمرۆشدا بە هەمان شێوە شارەوانی هەیە،  بەڵام بە شێوەیەکی دیموکراتیکی کارەکانی دەکات. ئەوان نایانەوێت بە ئیرادەی گەل دەسنیشانبکرێت. خواستیانە لە هەرێمەکەدا هەموو گوشار و توندیەک هەبێت. بەڵام گەل خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی دەکات. خاوەنداری لە پرۆژەی خۆی دەکات. هەموو کەس دەیەوێت ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت و بۆ تەواوی هەرێمەکە وەک نمونەیەکی دیموکراسی پیشان بدرێت.

بەڵام ڕەنگە هەندێک جار کەموکوڕی لە ئامادەکارییەکاندا هەبێت. ئەمانە شتگەلێکی پراکتیکین و لە کاتی شۆڕشدا هەر ڕوودەدەن. بۆیە گرنگ ئەوەیە هەموومان پێکەوە پشتگری لە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکەین. ئەوەی گرنگە پێویستە هەڵبژاردنەکان بە شێوەی دیموکراتیکانە بەڕێوەبچێت و گەل بەشداربێت لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. گرنگە هەموومان بەم شێوەیە بیرکەینەوە، ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی ئیرادەی هەموومان دەکات. هیچ پاساوێک نەهێڵینەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان."

لە میانەی قسەکانیدا ئاڵدار ئەوەی بیرهێنایەوە ٢٥ی حوزەیران ساڵیادی هێرشەکانی داعشە بۆسەر کۆبانێ و وتی: "بەرخۆدانی کۆبانێ گۆڕانکاری زۆر گرنگی بەدوای خۆیدا هێنا. سڵاو لە بەرخۆدانی کۆبانێ دەکەم. بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی بەرخۆدانی کۆبانێ دەکەمەوە. بەڕاستی بەرخۆدانی ئەمان مێژوویان گۆڕی. گەر بەرخۆدانی کۆبانێ نەبووایە ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەنجامەکان وەک ئێستا نەدەبوون. بۆیە بە گەلەکەمان دەڵێم قۆناغەکە هەرچەندی سەختیش بێت، پێویستە بە رۆحێتی بەرخۆدانی کۆبانێەوە تێکۆشانمان بە بەردەوام کەین. بەو رۆحیەتەوە نزیکی کارەکانمان ببیەنەوە. دەزانین ئەو قۆناغەی لە پێشماندایە ئاسان نیە. دوژمنی زۆرمان هەیە و هەنگاوی زەحمەتمان لە پێشە. گەر بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێەوە تێبکۆشین، سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دەهێنین و دەتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین. سەردەمانێک هەبوو هیچ دەرفەتێمان لەبەردەستدا نەبوو، بەڵام توانیمان بە تێکۆشانەوە بەدەستی بهێنین. پیرۆزبایی بەرخۆدانی کۆبانێ لە گەلەکەمان دەکەم."