ئاڵدار خەلیل: رۆژئاوا لە دژی هەموو جۆرە هێرشەکان لەگەڵ خەڵکی شەنگالدایە

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەى هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر شەنگال بە رێکەوت نییە. ئەگەر شەنگال تێکبشکێت ئەوە رۆژئاواش تێکدەشکێت. دەبێت هەموو جیهان خاوەنداری لە شەنگال بکەن.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەى هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لەبارەی ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ هێرشەکانی لە دژی شەنگال و دۆخی شەنگال و کاریگەریی لەسەر رۆژئاوا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

'رۆژئاوا لەگەڵ خەڵکی شەنگال دایە'

ئاڵدار خەلیل رایگەیاند، دەوڵەتی تورک یەک لەسەر یەک هێرش دەکاتە سەر شەنگال و دەیەوێت بەو هێرشانە ئێزدییەکان بێ پێشەنگ بکات و وتی، "دیارە دەوڵەتى تورک بۆ تێکشکاندنی تێکۆشان و هیوای گەلی کورد لەگەڵ هەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە و هەندێک لە دەوڵەتە نێونەتەوییەکان لەسەر جوڵە و دیدێکی نوێ رێککەوتوون، چونکە هەر ٣ ساڵ لەوەپێش لە هەمان رۆژدا مام زەکی شەنگالی-یان کردبووە ئامانج و شەهیدیان کرد. ئەوە رێکەوت نییە. لە هێرشی دژ بە مام زەکی شەنگالیدا ئامانجیان ئەوە بوو، کە گەلی ئێزدی بێ پێشەنگ بکەن. ئەوانەى پێشەنگایەتی بۆ خەڵکی ئێزدی دەکەن دەیانکەنە ئامانج. بۆ ئەوەى لە ناو کۆمەڵگەى ئێزدیدا پێشەنگ دروست نەبێت ئەو ھێرشانە ئەنجام دەدەن. لە هەمان کاتدا ئەمجارە هێرشیان کردە سەر سەعید حەسەن پێشەنگی کۆمەڵگەى ئێزدی".

ئاڵدار خەلیل وتی، "بە بۆردومانکردنی نەخۆشخانە خواستیان ئەو پەیامە بە کۆمەڵگەى ئێزدی بدەن، لە بوار و گۆڕەپانەکانی دیپلۆماسی، مرۆیی، تەندروستی و خزمەتگوزاری لە ئێوە دەدەم. ئێوە لە کوێ بە ناسنامەى خۆتانەوە شتێک بکەن من لەوێ لە ئێوە دەدەم. ئەوە لە کاتێکدایە ئەوانە ئاست و گۆڕەپانێکن، کە نابێت لە ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیەدا بکرێنە ئامانج. ئەوە نیشانی دەدات، کە دەوڵەتی تورک بە لە ناوبردنی کۆمەڵگەى ئێزدی پێداگری لە سڕینەوە و لە ناو بردنی گەلی کورددا دەکات".

ئاڵدار خەلیل لەسەر هێرشی هاوکات بۆ سەر باشووری کوردستان و شەنگال و رۆژئاوای کوردستان وتی، "ئەوە ماوەیەکە لە دژی هێزەکانی گەریلای ئازادیخوازی کوردستان هێرشی قورس ئەنجام دەدرێت. هێرشەکانی سەر شەنگال و چیاکانی کوردستان و رۆژئاوا یەک شتن و لە چوارچێوەی جوڵە و دیدێکدا ئەنجام دەدرێن. دەوڵەتی تورک لە کوێ باڵادەستیی خۆی نیشان بدات لەوێیەوە هەڕەشە لە رۆژئاوا دەکات. هەر چۆن کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و رۆژئاوا پشتیوانی و خاوەنداریی لە شەنگال کرد، گەریلا و هێزەکانی تر پێکەوە لە ئازادکردنی شەنگال دا رۆڵێکی چالاکیان گێڕا، ئێستا دۆخەکە وەک هەمان ئەو دۆخەیە.

 ئەگەر شەنگال تێکبشکێت ئەوا رۆژئاواش تێکدەشێکێت. شەنگال غەمبار بێت رۆژئاواش غەمبار دەبێت. ئەگەر دوژمن لەوێ هەنگاوێک بنێت ئەو هەنگاوە دەبێتە هەنگاوی لە دەرگادانی رۆژئاوا. بازنەى دەوری رۆژئاوا تەنگ دەکەن و بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەن. لە کاتێکی وەهادا لە شەنگال هەموو جوڵە و دیدەکان بەردەوامییان هەیە، هەر چۆن داعش هێرشی کردە سە شەنگال و خەڵکی ئێزدی، لە کەسایەتیی ئێزدییەکاندا خواستیان گەلی کورد لە ناو ببەن، ئێستاش هەمان کار دەکەن، بەڵام رۆژئاوا هەموو کات لەگەڵ شەنگالدایە و لەگەڵ خەڵکی شەنگال دەبێت".

'بێدەنگی بەرامبەر بە هێرشەکان نیشانەی ئەوەیە هاوبەشن لە هێرشەکاندا'

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەى هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە باسی ئەوەیکرد، لە کاتی هێرشەکەدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەندێک دانوستان لە شەنگال بوو و وتی، "گوایە بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژیی سەر ناوچەکە، گوایە بۆ خاوەنداریکردن لە خەڵکی ئێزدی و نیشاندانی هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێم لەوێ بوو. لە کاتی سەردانی کازمی دا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر شەنگال، بەڵام ئەو بەرامبەر بە هێرشەکان بێ هەڵوێست بوو. ئەوەش یانی ئەوان هاوکاری ئەو هێرشانەن. عێراق وەک دەوڵەتێکی سەروەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ دەناسرێت، بەڵام دەوڵەتێکی وەک دەوڵەتی تورک لەو هەموو کیلۆمەترە دوورەوە هێرشی دەکاتە سەر. ئەوەش بە مانای ئەوەیە، کە عێراق سەروەریی نەماوە. کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق ناجوڵێتەوە، وادیارە، کە ئەویش وەک هاوکاری دەوڵەتی تورک دەجوڵێتەوە".

'دەبێت هەموو کەس خاوەنداری لە شەنگال بکات'

ئاڵدار خەلیل رایگەیاند، دەبێت هەموو جیهان پشتیوانی لە شەنگال بکات و وتی، "رای گشتیی جیهان، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەبێت هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو هێرشانە هەبێت. دەوڵەتی تورک چیی لەو گەلە دەوێت! دەبێت هەموو کەس هەڵوێست نیشان بدات. گەلی ئێمە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دەبێت پشتیوانی لە شەنگال بکەن. با کەس نەڵێت، 'ئەوێ شەنگالە و کارمان بەسەرییەوە نییە'. شەنگال شوێنی بەرخودان و شکۆی کوردانە. لە دژی هەموو جۆرە دڕندەیی و فاشیزمێک سیمبولی پیرۆزی ئازادییە. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە چاوەڕێین، کە گەلەکەمان بە هەموو جۆرە چالاکییەک خاوەنداری و پشتیوانی لە شەنگال بکەن".

ژ.ت