ئاماژه‌كانی هێرشه‌كه‌ی حه‌سه‌كه سه‌رنج بۆ لای میت و هه‌واڵگری راده‌كێشێت
به‌ڵگه و زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی هێرشی داعش بۆ سه‌ر حه‌سه‌كه ده‌ریده‌خن كه له پشت پلانه‌كه‌وه هه‌واڵگری تورك و هه‌واڵگری سوریا هه‌ن.
به‌ڵگه و زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی هێرشی داعش بۆ سه‌ر حه‌سه‌كه ده‌ریده‌خن كه له پشت پلانه‌كه‌وه هه‌واڵگری تورك و هه‌واڵگری سوریا هه‌ن.
هێرشی داعش له 20ی كانونی دووه‌م بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی سه‌ناعه كه زیاتر له 5 هه‌زار داعشی تێدا به‌ندكراوه، هێشتا له رۆژه‌ڤدایه. وێڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌و هێرشه به‌رفراوانه له لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (قه‌سه‌ده)ه‌وه به سه‌ختی تێكیش شكێنرابێت، هێشتا چه‌ندین پرس له ئارادان كه پێویستیان به وه‌ڵامه.
قه‌سه‌ده و هێزه‌كانی ئاسایش هه‌نگاو به هه‌نگاو ئه‌و هێرشه‌یان تێك‌شكاند. له هه‌ر قۆناغێكدا ئاماژه‌كان په‌یوه‌ست به پشت په‌رده‌ی پلانی هێرشه‌كه و په‌یوه‌ندی هێرشه‌كه به ده‌ره‌وه ئاشكرا ده‌بن. ئه‌و ئاماژانه‌ی تائێستا ئاشكرا بوون ئاماژه‌ن به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی تورك و حكومه‌تی سوریا.
له هه‌ندێك دیداری پێش هێرشه‌كه‌وه، ئاستی ئاماده‌كاری هێرشه‌كان و ئامانجه‌كانی دركیان پێده‌كرێت، كه هێرشه‌كه ته‌نیا هێرشێكی ئاڵۆزی داعش نییه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه خاوه‌نی ئاماده‌كارییه‌كی پته‌وه. ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ده‌ستخراون و دۆخی گۆڕه‌پانه‌كه ده‌ریده‌خه‌ن كه هێرشه‌كه له لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه به‌ڕێوه‌براوه.
هێرشه‌كه چۆن پلانی بۆدانرا؟
له‌و دانپێدانه سه‌ره‌تاییانه‌ی چه‌ته‌كانی داعش كه ده‌ستگیركراونه‌ته‌وه د‌رك به‌وه ده‌كرێت، كه هێرشه‌كه ماوه‌یه‌كی زۆر ئاماده‌كاری بۆ كراوه و پلانه‌كه‌ی له سهرێكانیهوه دانراوه كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه داگیركراوه. چه‌ند مانگێگ به‌ر له هێرشه‌كه چه‌ته‌كان یه‌ك یه‌ك یا به گروپی بچوك هاتن و له گه‌ڕه‌كی غوێران نیشته‌جێ كران و له‌وێ ده‌ستیان به كاری رۆژانه كرد.
به‌پێی زانیارییه‌كان، قۆناغی ئاماده‌كاری هێرشه‌كه 7-8 مانگ به‌رده‌وام بووه. به‌گوێره‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا نێد پرایس داعش زیاتر له ساڵێك له هه‌وڵدا بووه. به هۆی ئه‌وه‌ی له ناو چه‌ته‌كان له‌و گرتووخانه‌یه سهرچهتهكانی داعش‌یش هه‌بوون.
شانه نووستووه‌كان له‌لای توركیاوه ره‌وانه كرابوون
ئه‌و شانه نوستوانه‌ی داعش كه له ژێر چه‌تری ده‌وڵه‌تی توركدا بوون، له غوێران كاری جیاجیان ده‌كرد، به‌و جۆره خۆیان حه‌شاردابوو. به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه به رێگه‌ی جیاجیا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ئه‌و چه‌تانه ره‌وانه‌كرابوو. به‌پێی راگه‌یه‌نراوی فه‌رمانده‌یی گشتیی قه‌سه‌ده به‌و جۆره 200 چه‌ته له سه‌رێكانی، گرێ سپی و رومادیه‌وه له گه‌ڕه‌كی غوێران و ده‌وروبه‌ری زیندانه‌كه جێگیركران.
زۆرینه‌ی چه‌ته گیراوه‌كان بیانین
به‌شێك له چه‌ته‌كان له گرتووخانه‌ش هه‌مان ئاماده‌كاریان ده‌كرد. ئه‌و چه‌تانه‌ی زۆرجار هه‌وڵیاندا 'یاخیبن' چاوه‌ڕێبوون كه له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه‌دا بكه‌ونه جوڵه‌وه. له‌و گرتووخانه‌یه‌دا زیاتر له 5 هه‌زار چه‌ته‌ی تێدایه كه زۆرینه‌یان بیانین، كه پێیان ده‌وترێت 'موهاجیر'. واته زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه به ته‌واوه‌تی كاری سه‌ربازیان بۆ داعش كردووه.
پلان‌داڕشتن بۆ هێرشه‌كه
له‌گه‌ڵ فه‌رمانی هێرشه‌كه له سه‌ره‌تادا له چوارڕێیانی غوێران ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو ته‌قێنرایه‌وه. ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كه له نزیك 3-4 تانكه‌ری سوته‌مه‌نی ته‌قێنرایه‌وه و به‌و جۆره كاریگه‌رییه‌كانی زیاتربوون. به‌و جۆره‌ش رێگه‌ی سه‌ره‌كی كه هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ست له گرتووخانه‌كه وه‌ربده‌ن داده‌خرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئۆتۆمبێلێكی تر له‌به‌رده‌م ده‌رگای زیندانه‌كه و ئه‌و بینایه‌ی ئه‌ركی پاراستنه ده‌ته‌قێنرێته‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه به‌ر له ده‌ستوه‌ردان له‌و ناوچه‌یه‌شه‌وه بگرن.
هه‌ندێك مه‌ده‌نی به‌دیل گیران
له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا شانه نووستووه‌كان كه پێشتر له گه‌ڕه‌كه‌كان جێگیركرابوون كه‌وتنه جوڵه‌وه و له هه‌ندێك شوێن مهدهنیهكانیان به دیل گرت. به‌ڵام هێرشه‌كه بۆ سه‌ر زیندانه‌كه نه‌ك له ده‌رگاكه‌وه، به‌ڵكو له ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه كرا. به ئۆتۆمبێلی بیناسازی دیواری زیندانه‌كه رووخێنرا و شانه نووستووه‌كان ده‌چنه ناو زیندانه‌كه‌وه، چه‌ك به‌سه‌ر زیندانیانی گرتووخانه‌كه‌دا دابه‌شده‌كه‌ن و هه‌ندێك له كارمه‌ندانی زیندانه‌كه به‌دیل ده‌گرن.
گه‌ڕه‌كه‌كه گه‌مارۆدرا، به‌ر به بڵاوبوونه‌وه گیرا
له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه‌دا هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و قه‌سه‌ده پێكه‌وه كه‌وتنه جوڵه‌وه و وه‌ك كاری له پێشینه هه‌وڵیاندا مه‌ده‌نییه‌كان بپارێزن. بۆ ئه‌وه‌ش گه‌مارۆی گهڕهكانی غوێران و حه‌ی زهوریان دا. له‌لایه‌كه‌وه رێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ته‌كان له ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوان گیرا، له‌لایه‌كی تریشه‌وه مه‌ده‌نییه‌كان بۆ شوێنێكی پارێزراو گواسترانه‌وه.
له شه‌ڕ و ئۆپراسیۆنه‌كاندا كه ماوه‌ی پێنج رۆژه به‌رده‌وامن، 150 شانه‌ی شاراوه‌ی و به گشتیی 200 چه‌ته كوژراون، به سه‌دان چه‌ته‌ی هه‌ڵاتوو گیراون. قه‌سه‌ده و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ گرتووخانه‌كه‌یان گه‌مارۆدا و هه‌ندێك له شانه نووستووه‌كان له گه‌ڕه‌كه‌كان له رێگه‌ی ئۆپراسیۆنه‌وه بێكاریگه‌ر كران.
ئاماژه‌كان سه‌رنج بۆ سه‌ر رژێمه‌كانی توركیا و سوریا راده‌كێشن
زانیارییه‌كانی هێرشه به‌رفراوانه‌كه‌ی سه‌ر حه‌سه‌كه له‌گه‌ڵ بهروپێشچوونهكانی ئۆپراسیۆنه‌كه زیاتر ئاشكرا ده‌بن، به‌ڵام بابه‌تی سه‌ره‌كی كه ده‌بێت راوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت پشت په‌رده‌ی هێرشه‌كه‌یه. ئاماژه سه‌ره‌تاییه‌كان سه‌رنج بۆ لای ده‌وڵه‌تی تورك و سوریا راده‌كێشن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی دهستكهوتوون، ئه‌و هێرشه بۆ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م و دووه‌م پلانی بۆ داڕ‌ێژرابوو. ئه‌و كاته له‌لایه‌كه‌وه ده‌وڵه‌تی تورك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و روسیا ئاماده‌كاری بۆ هێرشێكی نوێی داگیركردنی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا ده‌كرد، له‌لایه‌كی تره‌وه هێزی له‌سه‌ر سنور زیاتر ده‌كرد. سه‌رۆككۆماری تورك له مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بایدن دیداری ئه‌نجامدا و دواتر له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی روسیا پوتین كۆبوه‌وه. به‌ڵام له‌و چاوپێكه‌وتنانه‌دا بۆ داگیركاری نوێ ده‌رفه‌ت و رێگه‌پێدرانی به‌ده‌ستنه‌هێنا.
پلان وابوو به‌ر له دوو مانگ هێرشه‌كه ئه‌نجام بدرایه
له‌و كاته‌یدا كه ده‌وڵه‌تی تورك هه‌وڵی ده‌دا رێگه‌پێدان بۆ داگیركارییه‌كه وه‌ربگرێت، هێزه‌كانی هه‌سه‌ده له حه‌سه‌كه و ره‌قا له ناو هه‌ندێك ئۆپراسیۆنی گرنگدابوون و هه‌ندێك شانه‌ی نووستووی داعشیان گرتبوون. سه‌رچه‌ته‌یه‌ك كه گیرابوو دانی به‌وه‌دا نابوو كه ئامانجی ئه‌وان گرتووخانه‌ی حه‌سه‌كه‌یه. به‌ڵام به له‌ناوبردنی ئه‌و شانه‌یه پلانه‌كه تێكچووبوو.
سوپای تورك و داعش له یه‌ك كاتدا هێرشیان كرد
پلانه‌كه دواشكهوتبێت به‌ڵام ئه‌نجامدرا و له 20ی كانونی دووه‌مدا خرایه جێبه‌جێ كردنه‌وه. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه له حه‌سه‌كه ده‌وڵه‌تی تورك و چه‌ته‌كانی كه‌وتنه جوڵه‌وه. له هێڵی زرگان، تلته‌مر و عه‌ین عیسا ده‌وڵه‌تی تورك و چه‌ته‌كانی هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشی داعش له حه‌سه‌كه ده‌ستیان به په‌لاماردان كرد.
ده‌وڵه‌تی تورك كه له ناوخۆوه داعشی خسته جوڵه‌وه، له هێڵی زرگان، تلته‌مر و عه‌ین عیسا هێزه‌كانی خۆی زیاتر كرد و له ئاسمان و زه‌وییه‌وه ده‌ستی به په‌لامار كرد. به‌تایبه‌تی گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كان له باكوری تلته‌مر، به‌پێی دۆخی هێرشه‌كانی داعش له حه‌سه‌كه ئاماده‌كرا.
رژێمی سوریاش نه‌وه‌ستا
هه‌ندێك له‌و ئاماژه سه‌ره‌تاییانه سه‌رنجی بۆ راده‌كێشن رژێمی سوریایه. به ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له هێرشه‌كه‌ی داعش له حه‌سه‌كه ده‌ستی به جموجۆڵێكی نائاسایی كرد، له رێگه‌ی میدیای خۆیه‌وه له دژی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكورد- رۆژهه‌ڵاتی سوریا و قه‌سه‌ده ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی ناوزڕاندن كرد. ئه‌وه‌ش دانوستانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌واڵگری تورك و هه‌واڵگری سوریای به بیرهێنایه‌وه.
له دیداری میت- هه‌واڵگریدا ئاماژه به هێرشه‌كه درابوو
میدیای تورك له هه‌واڵێكی خۆیدا له 30ی كانونی یه‌كه‌مدا رایگه‌یاندبوو، كه هه‌واڵگری تورك و هه‌واڵگری سوریا له شاری عه‌قه‌به‌ی ئوردن كۆبوونه‌وه‌ته‌وه. باس له‌وه‌كرا كه له دیداره‌كه‌دا "به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له دژی باكور- رۆژهه‌ڵاتی سوریا"، "به به‌رفراوانكردنی چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئادانا ده‌وڵه‌تی تورك له قوڵایی 35 كیلۆمه‌تر ئۆپراسیۆن ئه‌نجام بدات"، "له دێره زور، ره‌قا و حه‌سه چه‌ند هێرشێك ده‌ستپێبكه‌ن"، ئازادكردنی زیندانییه‌كان" و "سه‌رله‌نوێ بونیاتنانه‌وه‌ی حه‌ڵه‌ب" تاوتوێ كران و سوریا و روسیا به ئه‌رێنی پێشوازیان له‌وه‌كرد.
ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له 17هه‌مین دیداری ئاستانادا كران
خۆی له خۆیدا هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌و هه‌واڵه، له 22 ی كانونی یه‌كه‌می 2021 دا روسیا، ئێران و توركیا 17هه‌مین دیداری ئاستانایان ئه‌نجامدا. له بڵاوكراوه‌یه‌كی هاوبه‌شدا راگه‌یه‌نرا، " دژی ئه‌و كرده‌وه جیاخوازیانه ده‌وستنه‌وه كه له رۆژهه‌ڵاتی فورات هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاتان ده‌كات" و " وه‌ستانه‌وه له دژی داهاتی نایاسایی نه‌وتی سوریا". به‌م جۆره و به زمانی دیپلۆماسی باسیان له‌و گه‌مانه كردبوو كه ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه جێبه‌جێی بكه‌ن.
ئاخۆ توركیا له باكور و سوریاش له باشوره‌وه هێرشی بكردایه؟
ئه‌گه‌ر هێرشه‌كه‌ی حه‌سه‌كه سه‌ركه‌وتوو بوایه، به‌پێی بانگه‌شه‌كانی له دیداری میت و هه‌واڵگریدا كراون، ده‌بوایه كه ده‌وڵه‌تی تورك له باكوری تلته‌مر و رژێمی سوریاش له هه‌رێمه‌كانی وه‌ك ته‌بقا و دێره‌زوره‌وه ده‌ستی به هێرش بكردایه.
ئاماژه‌كان هه‌موویان بۆ ده‌وڵه‌تی تورك و حكومه‌تی دیمه‌شقن
به‌گوێره‌ی چه‌ندین زانیاری كه تائێستا به‌ده‌ستهێنراون (چه‌كه‌كانی ناتۆ كه به ژماره‌ی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ده‌ست داعشهكانهوهن، تۆماره ده‌نگیه‌كانی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونی داعشه‌كان له زیندانه‌كه له‌گه‌ڵ توركیا، دانپێدانانی ئه‌و چه‌تانه‌ی داعش كه گیراون، ئه‌و دانپێدانانه‌ی كه ده‌یانویست بچنه سه‌رێكانی، ناسنامه سورییه نوێكانی ئه‌و شانه نوستووانه‌ی چوونه ناو هه‌رێمه‌كه‌وه، جموجۆڵه‌كانی رژێم له هه‌رێمه‌كه) ده‌ریده‌خه‌ن كه ده‌وڵه‌تی تورك و حكومه‌تی دیمه‌شق له پشت ئه‌و پلانی كۆمه‌ڵكوژی- هه‌ڵاتن-یاخیبوونه‌ی داعشه‌وه‌ن. بێگومان له رۆژانی داهاتوودا په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته زانیاری، داتا و به‌ڵگه‌ی زیاتر بهدهستدهكهون و بڵاوده‌كرێنه‌وه.
قه‌سه‌ده گورزی قورسی له پلانێكی چه‌په‌ڵ وه‌شاند
قه‌سه‌ده هێرشه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ی به توندی تێك‌شكاند و جارێكی تر زه‌بری قورسی له داعش وه‌شاند. له هه‌مانكاتدا گورزێكی قورس به‌ر ده‌وڵه‌تی تورك و حكومه‌تی دیمه‌شق كه‌وت كه له پشت ئه‌و هێرشه‌وه‌ن. ئاشكرایه كه ئامانجی ئه‌و هێرشه له لایه‌كه‌وه ئه‌گه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا بێت، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانییه.
یه‌كه‌م هێرش نییه و دوایین هێرشیش نابێت
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا و قه‌سه‌ده له شه‌ڕی ناوخۆی 11 ساڵه‌ی سوریاوه تائێستا چه‌ندین هێرشیان تێكشكاندووه، ئه‌و هێرشه‌شیان له‌ناوبرد و له‌و بابه‌ته‌دا بووه خاوه‌نی ئه‌زمونێكی گه‌وره. به‌ڵام ئه‌و هێرشه نه یه‌كه‌م هێرشه بووه و نه دوایین هێرشیش ده‌بێت.
هـ . ب