ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان: دەستدرێژی دەوڵەتی تورک بێ وەڵام نابێت

ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لە دژی پیرۆزییەکانی گەلانی هەرێمە داگیرکراوەکان شەرمەزارکرد و جەختی کردەوە کە دەستدرێژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بێ وەڵام نابێت.

ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات سەبارەت بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە دژی دانیشتوان و پیرۆزیەکانی گەلان لە هەرێمە داگیرکراوەکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم بینای ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات خوێندرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەوڵەتی تورک تائەمڕۆ سیاسەتی چەپەڵی خۆی بێ وەستان لە بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەبات و تادێت سیاسەتە چەپەەکانی بەرفراوانتر دەکات. تاگەیشتە ئەوەی بە دەستی خۆی مەزارگەی شەهیدان وێران بکات. دەوڵەتی تورکی چەپەڵ لە عەفرینی داگیرکراو بە هەموو جۆرێک دڕندەیی دەکات. لەم دواییەدا مەزارگەی شەهیدان لە جندرێسی روخاند. یاری بە ئێسکی رۆڵەکانمان دەکات. دەستدرێژی و پێشێلکاری نایاسایی بەرامبەر بە مەزاری رۆڵەکانمان دەکات. لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەدا هەموو جیهان بێدەنگە".

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تا رزگارکردنی عەفرینی داگیرکراو درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن و رایانگەیاند، "باج و قوربانیدانەکەی قورسیش بێت ئێمە خۆڕاگری دەکەین، بۆ ئەوەی کۆتایی بە چەپەڵییەکانی دەوڵەتی تورک بهێنین".

لە راگەیەندراوەکەدا سڵاو لە بەرخودانی خەڵکی عەفرین کرا.

هـ . ب