یەپەگە ناسنامەی دوو شەڕڤانی شەهیدی ئاشکرا کرد

یەپەگە ناسنامەی دوو شەڕڤانی شەهیدی ئاشکرا کرد کە لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیدا لە ناوچەی عامودێ شەهید بوون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە دوو شەڕڤانیان بەناوەکانی دڵخواز ئاگر و حسێن مامەد ٣ی کانونی یەکەم لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە ناوچەی عامودێ شەهید بوون.

راگەیەندراوی یەپەگە بەم شێوەیەیە؛

"رۆژی ٣ی کانونی یەکەم لەسەر ڕێگای عامودێ، نزیک گوندی ڕایا، فڕۆکەی سیخوڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێڵێکی بۆردومان کرد و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هەڤاڵانمان دڵخواز ئاگر و حسێن مامەد شەهید بوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ساڵانێکە لە چوارچێوەی پلانی قڕکردندا، گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ناوچەکە دەکاتە ئامانج. هێرشی جۆراوجۆر بۆ سەر خاکی ئێمە ئەنجام دەدات. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە فڕۆکەی سیخوڕی هەم شەڕڤانان و هەم خەڵکی مەدەنیمان دەکاتە ئامانج. لە شەوی ١٩ی تشرینی دووەمەوە، تەواوی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکان بووەنەتە ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. دەسەڵاتدارانی ئاکەپە و مەهەپە بۆ مانەوە لە دەسەڵات ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن. دوا هێرش بۆ سەر ئۆتۆمبێلی هێزەکانمان لەم چوارچێوەدایە.

هاوڕێکانمان دڵخواز و حسێن خەڵکی ناوچە جیاکانی کوردستان بوون، بە ئامانجی ئازادکردنی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دەوری یەکدی کۆبونەوە و بوونە تێکۆشەری گەلەکەیان. ئەوان هەستیان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەل و مێژوو دەکرد و باری قورسی شۆڕشیان لە پێناو ئازادیدا خستە سەر شانیان. هەردوو هاوڕێی هێژامان کە قارەمانی گەلەکەمانن، لە ژیانی شۆڕشگێڕی خۆیاندا لە هەر بارودۆخێکدا بۆ هەموو کارێک ئامادە بوون. ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر گەل و مێژوو جێبەجێ کرد. شەهیدبوونی هەڤاڵانمان هێزمان پێدەبەخشێت لە خەباتی ئازادیماندا، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو هەڤاڵانە. تێکۆشانێکی باشتر و بەهێزتر ئەنجام دەدەین.

 ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکانمان بەم شێوەیەیە؛

ناسناو: ئاگر دڵخواز

ناو و پاشناو: عوسمان موتلو

ناوی دایک: ساڵحە

ناوی باوک: سەکڤان

شوێن و مێژووی شەهیدبوون: عامودێ، ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢

***

ناو و پاشناو: حسێن مامەد

ناوی دایک: نەجاح

ناوی باوک: عەلی

شوێن و مێژووی شەهیدبوون: عامودێ، ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢

سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی هێژای شەهیدەکانمان و هەموو گەلەکەمان دەکەین."

ف.ق