یەپەگە: شۆڕشەکەمان سەلماندی کە ئیرادەی بەرخۆدان سەردەکەوێ

یەپەگە شۆڕشی ١٩ی تەمموزی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند: "شۆڕشەکەمان سەلماندی کە لە بەرامبەر هەموو هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، ئیرادەی گەل بە بەرخۆدان سەردەکەوێت. شۆڕشەکەمان ئەمڕۆ کاریگەری لەسەر ڕووبەرێکی فراوان هەیە."

یەپەگە شۆڕشی ١٩ی تەمموزی پیرۆز کرد

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە بۆنەی ١٢هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ١٩ی تەمموزەوە بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەی یەپەگەدا هاتووە؛

"بە ناوی فەرماندەیی گشتی یەپەگە، بە دڵخۆشی و شانازییەوە یادی ١٢ هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە گەلەکەمان، کەسوکاری شەهیدانمان و هەموو جیهان پیرۆز دەکەین. ڕۆژی ١٩ی تەممووز تەنها نیشانەی سەربەخۆیی و بەرخۆدانی گەلەکەمان نییە، بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە مێژووی کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بە ڕێزدارییەوە هەموو شەهیدانی شۆڕش کە لە پاراستنی ئەم شۆڕشەدا گیانیان بەخت کرد بەبیر دێنێنەوە. بەرخۆدانیان لە دژی داعش و دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزە نەیارەکانی دیکە، نەک هەر بووە هۆی ڕزگاری گەلانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاسایشی جیهانیش دروستکرد. قارەمانێتی ئەوان بووە هۆی شکستی هێزە تاریک پەرەستەکان کە هەڕەشەیان لە مرۆڤایەتی دەکرد.

شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٢وە دەستی پێکرد، سەلماندی کە هیچ هێزێکی چەکدار و کۆنەپەەرست ناتوانێت لە بەرامبەر ئیرادەی گەلێکی بەرخۆدێر بوەستێت. ئەم شۆڕشە بوو بە هیوای ئازادی، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شۆڕشەکەمان ئەمڕۆ لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دیمۆکراتیک لە سوریا، بە پارادایمی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی مۆدێلی نوێی دیموکراتیک لە جیهاندا ڕووبەرێکی فراوانی هەیە. ئەم بزووتنەوەیە بووە هۆی دروستبوونی مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبەری کە لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەوخۆ و یەکسانی جێندەری و ئیکۆلۆژی دامەزراوە. لە نێو ئاژاوەگێڕی و مەترسیەکانی ناوچەکەدا، ڕۆژئاوا بوو بە نموونەیەکی زیندوو بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان و کولتوورە جیاوازەکان. یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی فرە کولتوری و فرە زمانیە کە کورد و عەرەب، ئاشووری و سریانی، ئەرمەنی و هەموو نەتەوەکانی تر پێکەوە تێدا دەژین. لە هەمان کاتدا گەشەسەندنی ژنان لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا کە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی شۆڕشەکەمان، بووەتە مایەی ئیلهام بۆ هەموو گەلانی هەرێمەکە. ژنانی ڕۆژئاوا بە سەرکەوتنەکانیان لە مەیدانی شەڕ و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگادا، پارادایمە دێرینەکانیان تایبەت بە ڕۆڵی ژنیان گۆڕی و بوونە پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها سەلماندمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شوێنێک کە زۆرجاران بە شەڕ و ململانێی نەتەوەکان دەناسرێت، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە نەک هەر مومکینە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بنەمای کۆمەڵگەیەکی بەهێز و پێشکەوتوو. جگە لەوەش شۆڕشەکەمان سەلماندی کە لە بەرامبەر هەموو هێرشە ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا، ئیرادەی گەل بۆ بە بەرخۆدان دەتوانێت سەربکەوێت. لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە شکستی چەتەکانی وەک نوسرە، داعش؛ شکستی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە سەلمێنەری ئەمەیە. ئیرادەی پێکەوە ژیان و هێزی پاراستنی، هەموو هێرشەکانی لەدژی بێ کاریگەر دەکات.

با ئەم ڕۆژە ببێتە ناونیشانی درێژەدان بە تێکۆشانمان بۆ ئاشتی، یەکسانی و دادپەروەری لە هەرێمەکەمان و لە سەرانسەری جیهان. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە هەموو هێزە ئاشتیخواز و دیموکراتیکەکانی جیهان دەکەین لە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم ئەزموونە بێوێنەیە بەردەوام بن. شۆڕشی ڕۆژئاوا تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتییە کە لە پێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریدا تێدەکۆشن.

جارێکی تر بە بەڕێزدارییەوە هەموو شەهیدە نەمرەکانمان کە لە بنیاتنان و پاراستنی ئەم شۆڕشەدا شەهید بوون بە بیردێنینەوە. بەڵێنمان دوبارە دەکەینەوە کە بە ئامانجی بەدیهێنانی خەونەکانی شەهیدانمان بە بەردەوامیدان بە تێکۆشان بۆ پاراستنی گەل و شۆڕشەکەمان، درێژە بەم تێکۆشانە پیرۆزە دەدەین."