قسەیەکی بەهێزی ژنە ڕەشپێستی ئەمریکی ئۆدری لۆرد هەیە کە دەڵێت "من ئازاد نیم هەتا هەموو ژنانی تر ئازاد نەبن، تەنانەت کاتێک کۆت و بەندەکانی ئەوان زۆر جیاوازن لە کۆت و بەندەکانی من." یەپەژە تەنیا ڕێکخراوێکی سەربازیی ژنانی کورد نییە. لە ڕووی مەودا و ئاوات و ئامانجەکانەوە زۆر لەوە زیاترە. هاوبەشی نێوان ژنان لە کۆبانێ و ئەوانەی لە ئەفغانستان، ئەمریکای لاتین، سوید و کەنەدا چین؟
بە دڵنیاییەوە ئۆدری لۆرد ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە لە ستەمی سەر ژنان تێبگات و خەبات بکات لە هەمان کاتدا ئەوەشی لە بیر نەکرد کە پرسگەلێکی دیکەش هەن کە دەبێت ڕووبەڕووی ببنەوە، وەک ڕەگەزپەرستی. زۆربەی ئەو شتانەی کە شیکاری بۆ کردووە لە نووسینەکانی عەبدوڵا ئۆجالانیشدا هاتووە. لە پارادایمی خۆیدا کە لە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک شێوەی گرتوە، ڕێگە بە گروپە ئایینی یان نەتەوەییە جیاوازەکان دەدات بەپێی کولتووری خۆیان بژین و ئۆتۆنۆمی بپارێزن، لە هەمان کاتدا زەمینەی هاوبەش و لە چوارچێوەی ژیانێکی کۆمەڵایەتی ئەخلاقی و سیاسی دروست دەکات. لەو چوارچێوەیەشدا یەپەژە هێزێکە کە گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، وەک ئێزیدی، مەسیحی، عەرەب، تورکمان...هتد. هەندێکیان هێزی بەرگری خۆیان دروستکردوە، وەک کەتیبەی ئەرمەنیەکان یان هێزەکانی پاراستنی ژنانی بەین نەهرەین – یەکەیەکی بەرگری ئاشووری، سەرجەم ئەو هێزی ژنانە و بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) هەندێکی تریش بەشدارییان لە یەپەژەدا کرد و بۆ ئەو مەبەستەش پەیمانێکی هاوبەش بۆ بەرگریکردن لە زێدی خۆیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکهات.
ڕێبازی ئێمە بۆ ڕزگاری ژنان ناوازەیە، ئێمە شێوازەکانی بە کۆیلەکردنی ژنان شیدەکەینەوە و لە ڕەگ و ڕیشەی ستەمکاری ژنان دەکۆڵینەوە کە لە سەردەمی بەردینی نوێ هەتا ئیستا پەرەی سەندوە. هەروەها ئەمەش وامان لێ دەکات دیدگای جیاواز لە دیدگای زۆرێک لە ڕێکخراوە فێمینیستەکان و بیرمەندانی ڕەخنەگرانە جیاوازبێت و پەرەی پێ بدەین، بەو مانایەی کە پێویستی بە شیکردنەوەی زیاتری سروشتی پرسەکە و ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی دەبینین. ئەگەر ئەم کارە نەکەین، ڕەنگە جارێکی تر بکەوینە تەڵە و زەلکاوی لیبراڵیزم یان بە سادەیی سەرکەوتوو نەبین لە پەرەپێدانی چارەسەر بۆ کۆمەڵگا.
ئێمە هەر لە سەرەتای تێکۆشانمانەوە درکمان بەوەکرد کە تێکۆشانەکەمان بۆ هەموو ژنانە. ئەمڕۆ ژنێکی ئاسایی لە جیهانی ڕۆژئاوادا ڕەنگە لە هەندێک ڕووەوە خۆی بە ئازاد و خاوەن دەستکەوت ببینێت، بەڵام لە بنەڕەتدا، ئامرازەکانی توندوتیژی پیاوسالاری، جا شەڕ بێت، توندوتیژی خێزانی، بەکارهێنان وەک کاڵایەک، یان کولتووری دەستدرێژیکردن، ژنان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکاتە ئامانج لە هەموو شوێنێک. ئەوە ڕاستیەکە کە ژنێک ڕەنگە خۆی ڕووبەڕووی کوشتن نەبێتەوە، بەڵام بە ئاگاداری یان بێ ئاگایی خاوەندارێتی لە ژنانی دیکە دەکات کە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە. هەرگیز نابێت بکەوینە تەڵەی بینینی شتەکان تەنها لە ڕوانگەی تاکەکەسیەوە. کوشتنی ژنان پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو ژنان دەنێردرێت: پەیامەکە بۆ ئەوەیە کە دەنگی ژنان نەبیسترێت و لەگەڵ سیستەمێکی پیاوسالاری و فاشیستیدا بگونجێت. ڕووخساری هێرشی داعش لە کۆبانێ یان تاڵیبان لە ئەفغانستان دیاردەیەكی هاوشێوەیە بەرهەمی هەمان عەقڵیەتن.
"ئێمە پێمان وایە پرسی ژنان لە جیهان یەک پرسە لەو ڕوانگەیەشەوە خۆمان بەرپرسیار دەبینین بەرامبەر ئەو دۆخە لە سەرانسەری جیهان".
ژنان لە سەرانسەری جیهاندا پێویستە هەمان هەستی بەرپرسیارێتی پەرە پێ بدەن کە زۆرێک لە ئێمە هەمانە. ئەوانەی خۆیان بە چەوساوە نابینن یان تەنیا دەیانەوێت ڕۆڵێکی گەورەتر لە سیستەمی پیاوسالاری و قۆرخکاری و ئیستغلالدا هەبێت، تەنانەت لەوانەیە ئەوانەبن کە زۆرترین کۆیلەی مۆدێرنیتەن، ناتوانن لە چوارچێوەکەی جیاببنەوە.هەموومان پێویستمان بە ئازادییە و هەموومان پێویستمان بە پەرەپێدانی ڕێکخراوەکەمان هەیە بۆ خۆپاراستن. هەروەها پێویستە وەک ژن دەنگی خۆمان ببیستین کاتێک هێزەکانی وەک تاڵیبان یان تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژنان دەکەنە ئامانج.
وەک بزووتنەوەیەکی ژنان کە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژئاوا دژی داعش و لەشکرکێشی و تیرۆریزمی بەردەوامی تورکیا شەڕ دەکەن، ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی بزووتنەوەکەتان بوونەتەوە، بێئەندازە بوون. یەپەژە چۆن هەوڵی چاکسازی و پەرەسەندنی داوە لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگانەدا؟
مێژووی شۆڕشەکامان پڕە لە پێشەنگ. لە سەختترین بارودۆخدا، هەمیشە ژنان لە خەباتی ئێمەدا هەبوون ڕاوەستەیان کردوە و هەنگاوی نوێ دەگرنە بەر لە بەرخۆداندا. ئەوەی فاکتەری سەرەکیە لەم کارەدا وا دەکات ژنان خۆراگربن پەروەردەیە. هەرکاتێک ڕووبەڕووی ئاستەنگیک گەورە دەبین، لە خۆمان دەپرسینەوە، "ئێمە لە کوێدا هەڵەی ستراتیژیمان کردوە، لە کوێ دەبوو شتێک بکەین، بەڵام نەمان کردوە؟" پاشان بەپێی ئەمە بەرنامە و شێوازە پەروەردەییەکانمان دەگونجێنین و بەهێزی دەکەین؛ ئێمە ناترسین لەوەی ڕەخنە لە خۆمان بگرین و ڕەخنەشمان لە خۆمان گرت. هەندێک میتۆد کە لە دژی داعش بەکارهێنرا، ناتوانرێت دژ بە تورکیا بەکاربهێنرێت، چونکە لە ڕووی سەربازیەوە دوو جۆری پێکهاتەی جیاوازی سەربازین ئێمە ڕووبەڕوویان دەبینەوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاریمان لە تاکتیک کردووە.
ئەگەر هەیە هێزە نێودەوڵەتیەکانی تریش هێرش بکەنەسەرمان بۆیە ئێمە بۆ هەموو ڕەوشێک خۆمان ئامادە دەکەین و لە ئەزموونەکانمان فێر دەبین. هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو قۆناغانە دەکەین کە دێنە پێشمان و هەوڵ دەدەین وەڵامگۆی ئەو قۆناغانە بین. بەرگریکردن بەرامبەر هیرشی زلهێزەکان بە واتای پییشەییبوونە لە بواری سەربازی و یەکەێتی ڕۆحییە لەگەڵ کۆمەڵگاکەت. بەبێ یەکبوون لەگەڵ کۆمەڵگا هیچ هێزێک توانای ڕووبەڕووبوونەوەی زلهێزەکانی نیە. بۆیە ستراتیژی سەرەکی ئەمرۆمان شەڕی گەلی شۆرشگێرانەیە، بە واتای ڕێکخستنکردنی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بپارێزن و بەشداری شۆرش بکەن.
سەرکەوتنە سەرەکیەکانی یەپەژە چین لە ساڵی ٢٠١٣ تاکو ئێستا ؟
ئەگەر باسی سەرکەوتنەکانی یەپەژە بکەین دەبێت باسی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، چونکە یەپەژە سەرەتا تەنها یەک تابوور( بەتالیۆن) بوو، بەڵام لە ٤ نیسانی ٢٠١٣ ڕێکخستنەکەمان بڕیاریدا خۆی بەرفراون بکات و خۆی بکاتە ڕێکخستنی هەموو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەو مەبەستەش یەکینەکانی پاراستنی ژنان ( یەپەژە) دامەزرا، هەموو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریان تێدا کرد و فراوان بوو. سەرکەوتنی سەرەکی ئەوە بوو ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونە خاوەن سوپای تایبەتی ژنان. ڕاستە ئەوانەی یەپەژە یان دامەزارند ڕێکخستنی ئازادی ژنانی کورد بوون بەڵام تەنها لە نەتەوەی کورد خۆی سنوردار نەکرد بەڵکوو هەموو نەتەوەکانی تری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاشی گرتەوە وەک نەتەوەکانی عەرەب، تورکمان، سوریانی، ئەرمەنی..هتد، ئەمەش یەكێکی دیکەیە لە سەرکەوتنەکان. ئەم خەباتە هاوبەشەی نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ چارەسەری پرسەکانی ژنان یەکێکە لە سەرکەوتنەکانی دیکە. یەپەژە دەستی کرد بە پەروردە کردنی کۆمەڵگا و بە تایبەتی ژنان لە بواری ئازادی، پەروەردە سەربازی، لە هەمووشی گرنگتر پەروەردەی ئایدۆلۆژی ژنان بوو، پەروەردەکان بە زمانی جیاواز دەوترێنەوە بە تایبەتی زمانی کوردی و عەرەبی ئەمەش وایکردوە یەپەژە بە تەواوەتی توانی کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت و پێشکەوتنی بەرچاو بەدی بهێنێت و ئەمەش دەستکەوت و سەرکەوتنێکی گەورەیە.
هەروەها چەندین سەرکەوتنی سەربازی هەیە کە دەتوانین ئاماژەیان پێبکەین، دیارترینیان: یەپەژە ڕۆڵی هەبووە لە ڕزگارکردنی شەنگال، گەلی ئێزیدی، لە ساڵی ٢٠١٥، دوای جینۆسایدی دڕندانەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤. تەنانەت ئەگەر شەنگال لە باشووری کوردستانیش بێت ( باکووری عێراق)، یەپەژە بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی خۆی زانی و توانی بێتە یارمەتی ئێزیدییەکان کاتێک جیهان وازی لێ هێنابوون. یەپەژە ڕۆڵی بەرچاوی خۆی بینی لە کردنەوەی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ دانیشتوانی ئێزدی لە دەستی داعش، بەو ڕێڕەوە مرۆیە توانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە چارەنوسی جینۆساید ڕزگار بکات. جیا لەوانەش چەندین هێرش و ئۆپەراسیۆنی تایبەت هەبوون کە یەپەژە ڕۆڵی پێشەنگی پاراستنی گەلی گرتە ئەستۆ.
نموونەی هەرە بەرچاوی سەرکەوتنەکان ئازادکردنی ناوەندی شاری کۆبانێیە لە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٠١٦. بۆ یەکەمجار چاوی جیهان لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو، لە کاتێکدا یەپەژە بە ئیرادەیەکی تەواوەوە هێرشبەرانی داعشی شکست پێ هێنا. دوابەدوای ئەمەش ڕزگارکردنی مەنبەج لە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٦ هەنگاوێکی گەورە بوو، بەو پێیەی دەریخست کە یەپەژە بەرگریکرد لە ناوچەیەکی زۆرینەی عەرەبی و متمانەی هەموو ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای بەدەستهێنا و نیشانیدا کە گەلی دیموکرات و یەکێتی ژنان بەڕاستی دەتوانێت مانادار بێت و دەستکەوت بە دەست بهێنێت.
نموونەیەکی دیکە و ئەگەری هەیە ناسراوترینیش بێت، ئازادکردنی شاری ڕەقەیە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ئەو کاتەی شارەکە بە تەواوی لە دەستی داعش ڕزگارکرا. یەپەژە لەم هێرشەدا ڕۆڵی پێشەنگ و یەکلاکەرەوەی بینی. بە دڵنیاییەوە ئەمە شکستێکی گەورە بوو بۆ داعش بەو پێیەی ڕەقەیان وەک ناوەندی سیاسی خۆیان دەبینی؛ یەپەژە بەڕاستی بڕبڕەی پشتی داعشی شکاند. ئەمە سەرکەوتنێکە کە مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕی.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٣، سیستەمی نێودەوڵەتی لە قەیراندایە و پەتای جیهانیش پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی وێران کردووە و تادێت وێرانکارییەکانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ئەنجامدا دۆخ و بارودۆخی ژنان و گەلانی کۆڵۆنیاڵیزەکراو و بێ دەوڵەت و ستەملێکراو لە ئاستی جیهانیدا تا دێت ترسناکتر دەبن. پەیامی یەپەژە چییە بۆ ئەو جۆرە پێکهاتانەی کە ڕووبەڕووی ئەم ساتە تاریکانە دەبنەوە؟
ئێمە لە پێشتریش ئاماژەمان بەوە کردبوو کە ئێمە ئێستا لە ناو جەنگی جیهانی سێیەمداین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ناوەندی ئەوە جەنگەیە. لە هەموو جیهاندا قەیرانەکان گەشە دەکەن و دەردەکەون، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئێمە ئاماژەمان پێکردبوو: دەبێت مۆدێرنیتەکی بە دیل هەبێت بۆ ئەو مۆدێرنیتەیەی کە ئێستا بوونی هەیە، چونکە ئێمە ناتوانین لەو بارودۆخە درێژە بە ژیان بدەین. ئەگەر خۆمان ڕێکخستن نەکەین شەڕ و ستەم لە چڕبوونەوەدا دەبێت. خەباتکردن تەنیا بە مانای چاوەڕوانی دەرفەتەکان یان بەردەوامبوون نییە بە ڕێبازە سنووردارەکان کە ڕەگی کێشەکان چارەسەر ناکەن. پەرەپێدانی ئەو ڕێبازانە زۆر گرنگە کە شێوازی نوێ پەیڕەو بکەن کە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بەهێزتر بکەن.
ئێمە ئەوەمان دەزانی کە پرسەکە ئاسان نیە ، تەنها بە یەک میتۆد چارەسەر نابێت. ئەگەر کێشەی پیسبوونی ژینگە بەنموونە وەربگرین دەبینین بە هۆی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، دەبێت دانبەوەشدا بنێن کە ژیان بەم شێوازە ئیستا بە هۆی کێشەی ژینگەوە ناتوانیت بەردەوام بێت. بێگومان ئەو پەتای ئیستاش هەیە هەر بەشێکە لەو قەیرانانەی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەرهەمی هێناوە. بۆیە نابێت بکەوینە تەڵەی گەڕان بەدوای چارەسەری کێشەکەدا لە هەمان شوێن و ئەو ڕێبازانەی کە کێشەکەیان دروستکردووە.
پێوستە کێشەکان بەشێوەیەکی ڕاست شیکار بکەین، ئێمە وەک یەپەژە تیزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بە گرنگ دەبینین بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە. ئێمە وەک یەپەژە زۆر نیگەرانین بەو دۆخە ناهەموارەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لەسەرانسەری جیهان. ئێمە هانی هەموو تاکێک دەدەین کە هەموو ئەمانە کە باسمان کرد وەک بەڵگەیەک ببینێت کە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک- تاکە ڕێگای ڕزگاربوونە لەم ستەمە. ئێمە هیوادارین هەموو هێزە بەرخۆدەرەکانی جیهان بتوانن بەردەوام بن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان و زەمینەی هاوبەشی تێکۆشانمان بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بە ئومێدەوە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببینەوە.
هـ . ب