ئەو کاروانەی بۆ گواستنەوەی گەلی مەنبەج بەڕێ کەوت ڕێگەی لێ گیرا

ئەو ئۆتۆمبیل و ئەمبوڵانسانەی بۆ گواستنەوەی گەلی مەنبەج کەوتنەڕێ، لەلایەن گرووپە چەتەکان و دەوڵەتی تورکەوە ڕێگریان لێ کرا.

لە چوارچێوەی ئەو کۆبوونەوانەی لەڕێگەی هاوپەیمانی نێونەتەوەییەوە ئەنجامدرا، دەبوو ئەو گەلەی لەنێو مەنبەج لەژێر گەمارۆی چەتەکاندا ماون، بگوازرایانەوە.

بۆ گواستنەوەیان، ئەمڕۆ (١٤ ی کانوونی یەکەم) بە بەشداری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و هاوپەیمانی دژی داعش، ١٠ پاس و ٦ ئەمبوڵانس بەرەو مەنبەج کەوتنەڕێ. بەڵام کاتێک کاروانەکە گەیشتە پردی قەرەقۆزاق لەودیوی پردەکەوە لەلایەن چەتەکانەوە ڕێگریان لێ کرا.

گرووپە چەتەکان بە پاساوی جیاواز ڕێگەیان نەدا کاروانەکە تێپەڕبێت. بەپێی زانیارییەکان سبەی کاروانەکە دیسانەوە بەڕێ دەکەون بەرەو مەنبەج.