ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە دوایین هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەیاننامەیەکی بلاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی تورک لە دژی هەڕێمەکانی ئێمە زنجیرە کۆمەلکوژی ئەنجام دەدات و هەوڵ دەدات کە بازنەی داگیرکارییەکانی فراوانتر بکات". دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک زۆر خالی ستراتیژی وەک پالاوگەی نەوت، بینای ستراتیژی و خزمەتگوزاری لە ناوچەکانی تربەسپی و دێریکی کردە ئامانج.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە تەواوکەری ئەو هێرشانەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدا، ئامانج لەم هێڕشانە دروستکردنی ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕییە لە ناوچەکەدا و دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە پشتیوانی تیرۆریستان دەکات، بۆ ئەوەی گروپە چەتەکانی بتوانن هێرش ئەنجام بدەن، بە پلەی یەکەم پشتیوانییە لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئیدارەی خۆبەرێوبەری ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەو هێرشانە کرد و وتی: "هێڕش تەنیا لەسەر ناوچەیەک نییە بەڵکو لە دژی هەموو ناوچانەیە کە خۆبەڕێوبەری خۆیان ڕاگەیاندووە و بەشێکە لەو زنجیرە کۆمەڵکوژییانەی لە دژی ئەم گەلە و تەواوی گەلی سوریا ئەنجام دەدرێت".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتییک داوای لە هێزەکان کرد کە بە وریاییەوە نزیکی ئەم هیڕشانە ببن کە لە دژی سەقامگیری ناوچەکە ئەنجام دەدرێت، هەروەها داوای لە هەموو ئەو لایەنانە کرد کە شەڕی داعش بەڕێوە دەبەن، هەڵوێست نیشان بدەن بەرامبەر بەم هێرشە ناڕەوایانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. هەروەها داوای لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بە ئەرکی خۆیان هەڵسنەوە.