نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دژی ئەو کەشوهەوای ترس و وەحشەتەی کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەیانەوێت لە ڕۆژئاوا دروستی بکەن بەیاننامەیەکی نووسراوی بلاو کردەوە و داوای لەگەلانی هەرێمەکە کرد نەکەونە ژێر کاریگەری هەوڵی هەندێک لایەن کە دەیانەوێت ناکۆکی ئایینی و هەواڵی ساختە بڵاو بکەنەوە.
لەم بەیاننامەیەدا، بە ئاماژەدان بەوەی کە سوریا بە پرۆسەیەکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، وتراوە: "ئەمڕۆ گۆڕانکاری گەورە لە هەرێمەکەدا ڕوودەدات و وڵاتەکەمان بووەتە ناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی. لەوەش زیاتر، بە ئاماژەدان بەوەی کە بەشێک لە گروپەکان دەیانەوێت ناکۆکی ئایینی دروست بکەن، ئاماژە بەم خاڵانە دراوە: "هەندێک لایەن دەیانەوێت بە چڕکردنەوەی شەڕ و ململانێە ئایینیەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، ئارامی گەلەکەمان تێکبدەن. ئەم لایەنانە تەنها خزمەت بە پلانە دەرەکیەکان دەکەن. بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختە لەسەر ماڵپەڕەکان و هەندێک پەیجی پەیوەندی دەیانەوێت ئاسایش و سەقامگیری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبدەن و زیان بە ئاشتی و پێکەوە ژیانی ناوخۆیی بگەیەنن."
لەم بەیاننامەیەدا، سەبارەت بەو گرژیانەی کە خزمەت بە دوژمنانی گەل دەکەن، وەها هۆشداری دراوە: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین ئاگاداری ئەو کارانە بن کە تەنها خزمەت بە دوژمنانی گەل دەکەن و باوەڕ بە هیچ هەواڵێکی ساختە نەکەن. لەم پڕۆسەیەدا گرنگە تەنها ئەو زانیاری و هەواڵانەی کە لەڕێگەی پلاتفۆرم و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرمی و متمانەپێکراوەوە بڵاودەکرێنەوە لەبەرچاو بگیرێن.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە ڕۆژنامەنووسان، میدیاکاران و ڕاگەیەندکاران کراوە کە گرێدراوی بەیاننامەی ناوەندە فەرمییەکان بن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی لە گەل بەبۆنەی ڕزگاربوون لە ڕژێمی سەرکوتکەر و ستەمکاری سوریا، ڕاگەیەندراوە: "لەو باوەرەداین گەلەکەمان کە لە دژی چەتەکانی داعش لە تێکۆشاندایە، بە ئامانجەکانی خۆی دەگات و سەردەکەوێت و لە شۆڕش و ئەو دەستکەوتانەی بەسایەی شەهیدان و بەرخۆدانی گەل بەدیهاتوون، خاوەنداری دەکات."