ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێرشی سەر هێزەکانی قەسەدە ی شەرمەزار کرد

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی سەر ئەکادیمیای پەروەردە و ڕاهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی شەرمەزار کرد.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی سەر گۆڕەپانی عومەر لە دێرەزۆری شەرمەزار کرد کە دژی ئەکادیمیای پەروەردە و ڕاهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک پێک هێنرا و لە ئەنجامدا ٦ ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک شەهید بوون.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە چوارچێوەی بەئامانجگرتنی سەقامگیری ناوچەکە و خواستی دروستکردنی گرژی، هاوکات لەگەڵ هێرش و هەڕەشەکانی حکومەتی تورکیا و لەگەڵ بەردەوامبوونی "ئۆپەراسیۆنە مرۆیی و ئەمنییەکان" بۆ شکستپێهێنانی چالاکییەکانی دژی شانە شاراوەکانی داعش لە کەمپی هۆڵ، هەندێک لایەن هێشتا نایانەوێت سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوکاری و بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر بدەن. ئامانج ناسەقامگیرکردنی دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دروست کردنی قەیرانە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان. لە نێو ئەو لایەنانە گروپانێک سەر بە ئێران و ڕژێمی سوریا هەن و پشتیوانیان لێدەکەن. چەند مانگێک لەمەوبەر ئەم گروپانە بە ئامانجی دروستکردنی گرژی و ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەی دێرەزوردا شکستیان هێنا.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "بە ئامانج گرتنی ئاکادیمیای پەروەردە و ڕاهێنانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە گۆڕەپانی عومەر لە دێرەزۆر و شەهیدکردنی ٦ ئەندامی هێزەکە، بۆ دروستکردنی کێشە و ڕێگریکردنە لەبەرقەرار کردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەیە دژی تیرۆر".

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئیدانەی ئەم هێرشە دەکات و ڕایدەگەیەنێ، ئەو هێرشانە و ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن بە ئامانجی دروستکردنی گرژی لە ناوچەکەدا ئەنجامدەدرێن و بۆ بەرژەوەندی داعش و هاوشێوەکانیەتی. جگە لەوەش ئەم هێرشە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجەکانی حکومەتی تورکیا کە هەوڵی شکستپێهێنانی هەوڵەکانی گەلە لە یەکگرتوویی پێکهاتەکان.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی ئاستانەدایە و داوای لە گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت دێرەزۆر کرد کە هەست بە مەترسی ئەو هێرشانە بکەن و ڕێگری لە فیتنە و ئاژاوەگێڕی بکەن و خاوەن هەڵوێست بن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.